باس کردنی دوو ئیدارەیی و تۆمەتبار کردنی یەکتری، خزمەت بە دۆخی هەرێم ناکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆكی حكوومەتی هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند بە هیچ شێوەیێک رێگە نادەین لە هەرێمی كوردستاندا چەندین حوكومڕانیی جیاواز لە دەرەوەی یاسا سەرهەڵبدەن و رێگری لە جێبەجێ كردنی رێنماییەكانی حكوومەت بكەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بۆ رێگریکردن لە سەرپێچییەکان، وەک زۆرێک لە ناوچە سنوورییەکانی دیکە، وەزارەتی پێشمەرگە هێزێکی یەکگرتوو و هاوبەشی بۆ زینی وەرتێ رەوانە کرد، بەڵام بەداخەوە لە کاتێکدا چاوەڕوانی پاڵپشتیی هەموو لایەنەکان لە حکوومەت بووین، تاقمێکی دیاریکراو بە مەبەست و بە نەفەسی حیزبیانە، هێزی حیزبییان بەرامبەر بە هێزی حکوومەت جووڵاند و بە ئاشکرا دژی حکوومەت وەستانەوە.

مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەکردوە؛ باس کردنی دوو ئیدارەیی و تۆمەتبارکردنی یەکتری، خزمەت بەو بارودۆخە ناکات، ئەمەی ئێستا روودەدات یاخیبوونی تاقمێکی دیاریکراوە بەرامبەر بە حکوومەت، نەک ململانێی حیزبی. هیوادارین ئەو لایەنانە بە وریاییە مامەڵە لەگەڵ ئەم گرژییە بکەن و رۆڵی خێر و کاریگەرییان بەو شێوەیە دەردەکەوێت، کە بەرامبەر بە ناحەقی و پێشێلکارییەکان بوەستنەوە، نەک چاک و خراپ بە یەک چاو سەیر بکەن.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

حکوومەتی هەرێم حکوومەتی هەموو هەرێمی کوردستانە

دوابەدوای هەوڵە سەرکەوتووەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەدانی قەیرانە یەک لە دوا یەکەکان، بە تایبەت لە ئیدارەدان و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەوڵێکی ئاراستەکراو لە دژی حکوومەت دەستی پێکردوە، کە دڵنیام ناتوانێت رێگە لە خواستی حکوومەت و خەڵک بگرێت.

پێویست دەکات لە سەر ئەو گرژییانەی لە بارەی زینی وەرتێ لە لایەن کەسانێکی نامەسئوولەوە هاتوونەتە ئاراوە، روونکردنەوە بدەین.

لە دەستپێکی رێکارەکانی کۆنترۆڵی ناوچە سنوورییەکان بە هۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ژمارەیێک قاچاخچی هەوڵی هێنان و بردنی چەندین کەسیان لەو سنوورە داوە، کە پێچەوانەی رینماییە تەندروستییەکانی حکوومەت بووە.

بۆ رێگری کردن لە سەرپێچییەکان، وەک زۆرێک لە ناوچە سنوورییەکانی دیکە، وەزارەتی پێشمەرگە هێزێکی یەکگرتوو و هاوبەشی بۆ زینی وەرتێ رەوانە کرد، بەڵام بەداخەوە لە کاتێکدا چاوەڕوانی پاڵپشتیی هەموو لایەنەکان لە حکوومەت بووین، تاقمێکی دیاریکراو بە مەبەست و بە نەفەسی حیزبیانە، هێزی حیزبییان بەرامبەر بە هێزی حکوومەت جووڵاند و بە ئاشکرا دژی حکوومەت وەستانەوە، بە بیانووی ئەوەی کە گوایە ئەم سنوورە هی حیزبێکی دیاریکراوە و حکوومەتی هەرێم ناتوانێت هێزە هاوبەشەکانی تێدا جێگیر بکات و بۆ ئەم مەبەستەش کەوتوونەتە تۆمەت هەڵبەستن و تێکەڵ کردنی بابەتی نابەجێ و ناپەیوەندیدار.

هێزە هاوبەش و یەکگرتووەکان هێزی حکوومەتن و حکوومەت خۆی بڕیار دەدات لە چ ناوچەیێکی هەرێمی کوردستان جێگیرییان بکات. ئەو هێزە هاوبەشانە بەبێ هیچ هەستیارییەک لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمدا بڵاوەیان پێ کراوە. بۆیە لێرەدا ئەم پرسیارە دەخەینە بەردەم رای گشتیی کوردستان کە بۆچی و بە چ مەبەستێک تەنیا دژایەتی چوونی هێزی حکوومەت بۆ زینی وەرتێ دەکرێت؟.

لێرەدا بۆ هاوڵاتیانی خۆشەویستمان دووپاتی دەکەمە کە بێجگە لە هێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، هیچ هێزێکی حیزبیی دیکە لە زینی وەرتێ جێگیر نەکراوە. هەروەها لە کاتێکدا سوپاسی ئەو هێزە سیاسییانە دەکەین کە نیگەرانیی و پەرۆشیی خۆیان بەرامبەر بەم دۆخە نەخوازراوە دەربڕیوە، داوایان لێ دەکەین بڕیار و دەسەڵاتەکانی حکوومەت لەگەڵ هی حیزبێک بەراورد نەکەن، چاوەڕێی ئەوەیان لێ دەکەین پشتیوانی هەوڵەکانی حکوومەت بن بۆ جێبەجێ کردنی یاسا و نەهێشتنی دەسەڵاتی نابەرپرس و گرووپە چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی شەخسی. داویان لێ دەکەم بڕیارەکانی حکوومەت بە بڕیارەکانی حیزبی نەزانن و چەسپاندنی یاسا بە ململانێی حیزبی هەژمار نەکەن.

باس کردنی دوو ئیدارەیی و تۆمەتبار کردنی یەکتری، خزمەت بەو بارودۆخە ناکات، ئەمەی ئێستا رودەدات یاخیبونی تاقمێکی دیاریکراوە بەرامبەر بە حکوومەت، نەک ململانێی حیزبی. هیوادارین ئەو لایەنانە بە وریاییە مامەڵە لەگەڵ ئەم گرژییە بکەن و رۆڵی خێر و کاریگەرییان بەو شێوەیە دەردەکەوێت، کە بەرامبەر بە ناحەقی و پێشێلکارییەکان بوەستنەوە، نەک چاک و خراپ بە یەک چاو سەیر بکەن.

لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان لەم کابینەیەدا بەڵێنی راستگۆیی و خزمەت و چەسپاندنی گیانی یەک ئیدارەییمان بە هاوڵاتییانی خۆشەویست داوە. بە هیچ شێوەیێک قبوول ناکەین بە روالەت حکوومەتی یەکگرتوو هەبێت و لە بەشێکی هەرێم دەسەڵاتداریی دیکە هەبێت و دژایەتی حکوومەت بکەن.

وەزیرە بەڕێزەکان، وەزیری هەموو حکوومەتی هەرێمی کوردستانن و رێنماییەکانیان لە حکوومەت وەردەگرن نەک حیزبەکان، ئەمەش خواست و ئاواتی هەموو خەڵکی کوردستان بووە.

ئێمە لە کاتێکدا کە نوێنەرایەتی هەموو ناوچەکانی کوردستان دەکەین، ئاوهاش بەرپرسیارین لە چەسپاندنی یاسا و رێنماییەکان لە هەموو ناوچەکان بە بێ فەرق و جیاوازی. بە هیچ شێوەیێک رێگە نادەین لە هەرێمی کوردستاندا چەندین حوکومڕانیی جیاواز لە دەرەوەی یاسا سەر هەڵبدەن و رێگری لە جێبەجێ کردنی رێنماییەکانی حکوومەت بکەن.

هاولاتیانی خۆشەویست:

من پشت بە خوا و ئێوەی دڵسۆزی نیشتمان، ئەم ئەرکە قورسەم قبووڵ کردووە. ئێستاش بە پشت بەستن بە خوا و ئێوە، لە چەسپاندنی یاسا و خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستان، بەبێ جیاوازی بەردەوام دەبین.

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

2020/4/17

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 168396

Your Comment

You are replying to: .
captcha