کوردپرێس، لە راگەیەندراوەکەدا، هاتووە: "لە گرژییەکانی ئەم دواییەی زینی وەرتێ پارتی بە هیچ شێوەیێک تەرەف نییە و ناوهێنانی پارتی لەم ڕووداوانەدا بە هەموو شێوەیێک ڕەت دەکەینەوە".
هەروەها هاتووە: "جێگەی داخە کە کەسانێک لەناو یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە هەوڵی بەردەوام دان کە ئەم بابەتە و زۆر بابەتی تر بە حزبی بکەن و بمانگەڕێننەوە سەردەمی پێشوو".
دەقی راگەیەندراوەکە
بردنی هێزێکی سەربازیی هاوبەشی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ زینی وەرتێ لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنانە بووە کە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان گیراوەتە بەر. ئەم هێزانە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن و هیچ پەیوەندییان بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نییە و لە گرژییەکانی ئەم دواییەی زینی وەرتێ پارتی بە هیچ شێوەیێک تەرەف نییە و ناوهێنانی پارتی لەم ڕووداوانەدا بە هەموو شێوەیێک ڕەت دەکەینەوە.
جێگەی داخە کە کەسانێک لەناو یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە هەوڵی بەردەوام دان کە ئەم بابەتە و زۆر بابەتی تر بە حزبی بکەن و بمانگەڕێننەوە سەردەمی پێشوو. لە بابەتی لەمشێوەیەدا تەنیا حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە حکوومەتێکی هەڵبژێردراو و شەرعییە و بە هاوبەشیی چەندین لایەنی سیاسیی هەرێم پێکهاتووە، سەلاحییەت و مافی جووڵاندنی هێزی هەیە بۆ هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان کە لە بەرژەوەندیی هەرێم و پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمدا بێت.
وێڕای ئەوەی بوونی هێزەکانی پەکەکەیش لە ناوچەکە جێگەی پرسیارە جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە هێزە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەیێکی نیشتیمانیدا لە خزمەتی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا بن و لە ژێر قەراری حزب و باڵی ناو ئەحزاب بێنەدەر.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment