سەرۆک کۆماری عێراق پەیامێکی لە یادی ئەنفالدا بڵاو کردەوە

سەرۆک کۆماری عێراق پەیامێکی لە یادی ئەنفالدا بڵاو کردەوە و رایگەیاند سه‌رجه‌م گه‌لانی عێراق بێ جیاوازی بوونه‌ قوربانی سیاسه‌ته‌ تاوانکاریه‌کانی رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا له‌یادی 32 ساڵه‌ی تاوانی ئه‌نفال رایگەیاند: "32 ساڵ به‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفالی به‌دناودا تێده‌په‌ڕێت که‌ رژێمی به‌عسی له‌ناوچو بێ ره‌حمانه‌ دژی گه‌له‌که‌مان ئه‌نجامی دا، به‌ڵام ئازار و سوێی ئه‌و تاوانه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ هه‌رگیز نابڕێته‌وه‌، که‌ له‌پاڵ تاوانه‌کانی تری ئه‌و رژێمه‌ دکتاتۆره‌ بووه‌ ناسنامه‌ی زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌و کۆمه‌ڵکوژی گه‌لی کوردستان و سه‌رجه‌م خەڵکی عێراق".

سه‌رۆک کۆماری عێراق جەخت له‌ گواستنه‌وه‌ی روفاتی قوربانیان بۆ زێدی خۆیان ده‌کاته‌وه‌ سه‌ره‌ڕای گه‌شه‌پێدانی ناوچه‌کانیان له‌رووی خزمه‌تگوزاریه‌وه‌.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆک کۆماری عێراق بۆ یادی ئه‌نفال:

32 ساڵ به‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفالی به‌دناودا تێده‌په‌ڕێت که‌ رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو بێ ره‌حمانه‌ دژی گه‌له‌که‌مان ئه‌نجامی دا، به‌ڵام ئازار و سوێی ئه‌و تاوانه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ هه‌رگیز نابڕێته‌وه‌، که‌ له‌پاڵ تاوانه‌کانی تری ئه‌و رژێمه‌ دکتاتۆره‌ بووه‌ ناسنامه‌ی زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌و کۆمه‌ڵکوژی گه‌لی کوردستان و سه‌رجه‌م خەڵکی عێراق.

که‌ ئه‌و یاده‌ پڕ له‌ناسۆره‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ به‌شێک له‌ ئه‌نجامده‌رانی کاره‌ساتی ئه‌نفال به‌سزای یاسایی خۆیان گه‌یشتن، به‌ڵام هێشتا کاری زۆرمان له‌پێشه‌ بۆ نه‌هێشتنی ئاسه‌واری ئه‌نفال و کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی دیکەی به‌عس، چونکه‌ وه‌ک ئاشکرایه‌ سه‌رجه‌م گه‌لانی عێراق بێ جیاوازی بوونه‌ قوربانی سیاسه‌ته‌ تاوانکاریه‌کانی ئه‌و رژێمه‌، بۆیه‌ ئه‌رکی هەموومانە لە حکوومه‌تی عێراق و سه‌رجه‌م داموده‌زگا فەرمییەکانە‌ که‌ کار بکرێت بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی که‌سوکاریان و ناسینه‌وه‌ی روفاته‌کان و گواستنه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان و گه‌شه‌پێدانی ناوچه‌کانیان له‌رووی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵدان بۆ ناساندنی وه‌کو تاوانێکی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی بگیرێت.

ئه‌م ساڵ به‌هۆی ته‌شه‌نه‌کردنی په‌تای کۆڤید 19 له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌رفه‌ت نییه‌ وه‌ک پێویست یادی له‌ده‌ستچوونی ئه‌و ئازیزانه‌ بکرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌دڵنیایه‌وه‌ یاد و یاده‌وریان له‌ دڵی هه‌موو تاکێکی ئه‌م وڵاته‌ هه‌میشه‌ زیندووه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 168362

Your Comment

You are replying to: .
captcha