کوردپرێس:
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە بەرنامەی نووڕۆژی دۆستانی تۆڕی میدیاییی رووداو، لەبارەی هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی ژیان لە پارێزگای سلێمانی و کەمبوونەوەی مەترسییەکانی کۆرۆنا رایگەیاند: "مەترسییەکانی کۆرۆنا بەردەوامە و قەدەخەی هاتووچۆش بە رێکاری تووندتر بەردەوامە، بەڵام بۆ ئەوەی ژیان ئاسایی بکەینەوە ئێستا بیر لە پێداویستی و خزمەتگوزارییەکانی خەڵک تەنیا لە گەڕەکەکان دەکەینەوە، بەبێ ئەوەی قەدەخەی هاتووچۆ هەڵبگیرێت و رێکارەکان کەم بکرێنەوە".
بەگوتەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، بۆ ئەو مەبەستە "چەند هەنگاوێک پێویستە، لە رابردوودا هەنگاوێکمان نا، ئەویش کردنەوەی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان بوو وەکو کردنەوەی دەرمانخانەکان و سەمونخانەکان و مارکێتەکان و بەقاڵەکان و هەندێک لە شوێنە دیاریکراوەکان وەکوو شیرەمەنییەکان. دوای ئەو هەنگاوانە ئێستا بیرمان لەوە کردووەتەوە چەند سێکتەرێکی دیکەی پێویست بکەینەوە".
پارێزگاری سلێمانی رێکاری کردنەوەی ئەو شوێنانەش ئاشکرا دەکات و دەڵێت "لەلایەن قایمقامیەتی قەزای سلێمانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دیاریدەکرێت، نابێت هیچیان لە رێنماییە تەندروستییەکان دەربچن و ببنە مایەی شکاندنی قەدەخەی هاتووچۆ. لەوانەش کردنەوەی بازاڕی حەواڵە، بانکە ئەهلیەکان کە دوو رۆژ بۆیان هەبوو بکرێنەوە دەکرێنە سێ رۆژ، سەرتاشخانەکان، وەرشەکانی چاککردنی مۆبایل لە گەڕەکەکان، چاککردنی سەتەلایت، خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێل لە گەڕەکەکان، ماسی فرۆشەکان و چێشتخانەکان بە دلیڤەری، ئوتوو هەڵمیەکان، کارگەکانی دروستکردنی خواردەمەنییە بچووکەکان، شوێنەکانی فرۆشتنی پێداویستیە کارەباییەکان و ئاو. سەرجەم ئەمانەش دەبێت لە سنووری گەڕەکەکاندا بن نەک لەبازاڕەکان و نە لە سەنتەری شار و نە لە بازاڕە داخراوەکان و نە لە مۆڵەکان. ئەو شوێنانەی دەشکرێنەوە کاتیان بۆ دیاری دەکرێت، چونکە لە کاژێر 6ی ئێوارە بۆ 12ی شەو قەدەخەکردنی تەواوی هاتووچۆیە".
بۆ قۆناخی دووەمیش بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان لەو پارێزگایە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، گوتی: "قۆناخی دووەم ئەو کارانەن کە جووڵەی تێدەکەوێت، بۆ نموونە؛ وەستا و کرێکار و بەننا دەچنەوە سەر کار، ئەو کارگانەی لە 25 کەس کەمتریان تێدا کاردەکات دەکرێت بکرێنەوە، کارگە پیشەسازییەکانی وەکو ئاسن و چیمەنتۆ و بلۆک ئاسایی دەکرێنەوە، هێنانی ماددەکانی وەکو چەو، لم و چیمەنتۆ ئاسایی دەکرێتەوە، لە چوارچێوەی ئەو قۆناخەش داواکراوە لە 30%ی فەرمانبەران لە دامودەزگاکانیان دەست بە دەوام بکەنەوە لە سێکتەرە پێویستەکان. لە دوای ئەو قۆناخەش بیر لەوە دەکرێتەوە ناوەندەکانی خوێندن چیان لێبکرێت، دواجاریش بیر لەوە دەکرێتەوە دەروازە سنوورییەکان فڕۆکەخانەکان و بازگەکان چیان لێبکرێت، لە چوارچێوەی ئەوانەی باسمکردن باس لەوە دەکرێت لەدوای ئەو قۆناخانە چۆن جووڵە لەناو شاردا ئاسایی ببێتەوە لەنێوان شارەکان و پارێزگایەکاندا".
پارێزگاری سلێمانی ئاشکرایدەکات کە وەکو سلێمانی پێشنیازیان کردووە "قۆناخی یەکەم لە دوای 16ی مانگەوە دەست پێبکات بۆ 1ی 5، هەموو ئەمانەش شتی خەمڵێندراون و بڕیارلێدراو نین، ئەمانە تەنیا پێشنیازن، دواجار بڕیار لەلایەن لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکان و لایەنی پەیوەندیدار و وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی دەدرێت. ئەگەر ئاماژە تەندروستییەکان خۆپارێزی خەڵک و کەمبوونەوەی مەترسییەکان گەیشتە ئەو ئاستە، لەدوای 1ی 5وە دەکرێت باس لە قۆناخی دووەم بکرێت".
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment