نازم ده‌باغ: ئێران وه‌ک وه‌ڵامدانه‌وه‌ و به‌رگری كردن له‌ خۆی تۆپبارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران ده‌ڵێت: تۆپباران كردنه‌كانی ئێران بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رگری كردنه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ بوووه‌ هه‌میشه‌ و ئێران له‌خۆیه‌وه‌ بۆ یه‌كجاریش تۆپبارانی سنووره‌كانی عێراقی له ‌هه‌رێمی كوردستان نه‌كردوووه‌ هه‌تا هێزه‌ كوردییه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ئێران دژ به‌ ئێران چالاكیان ئه‌نجام نه‌دابێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عیراق له‌ تاران له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم قسه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئێرانی كردوووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و تۆپبارانانه‌ی ئێران بۆ سنووره‌كانی عێراق له ‌هه‌رێمی كوردستان وتی: "تۆپبارانه‌كانی ئێران و توركیا تازه‌ نین، هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیای كوردستان وایه‌ كه‌ له ‌سنووره‌وه‌ دراوسێی توركیا، ئێرانه، هه‌ركات له‌لایه‌ن هێزه‌ كورده‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانه‌وه‌ چالاكی دژی ئه‌و وڵاتانه‌ ئه‌نجام بدرێت ئه‌و وڵاتانه‌ش (توركیا و ئێران) بۆ به‌رگری كردن له خۆیان ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ تۆپباران كردن واته‌ هیچ كات ئه‌و وڵاتانه‌ له‌خۆیانه‌وه‌ تۆپبارانیان نه‌كردووو."

نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له ‌قسه‌كانی كرده‌وه‌ و گوتیشی: "من به‌دڵنیایییه‌وه‌ ده‌یڵێم به‌داخه‌وه‌ هه‌موو جارێک تۆپبارانه‌كان وه‌ڵامدانه‌وه‌ و به‌رگری كردن بوووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و چالاكییانه‌ی كه‌ هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌ كوردییه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن به‌تایبه‌ت ئه‌و چالاكییانه‌ی كه‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی كوردانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆیه‌ هه‌روه‌ک جه‌نابی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت وتی ئێمه‌ قسه ‌له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌ین به‌ڵام له ‌به‌رامبه‌ردا ده‌بێت قسه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیش بكرێت كه‌ ڕه‌چاوی دۆخی یاساییی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و چالاكی دژی ئێران و توركیا ئه‌نجام نه‌ده‌ن."

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا قسه‌یان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئێرانی یا به‌سیفه‌تی ئه‌وه‌ی كورده‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان كردوووه‌ بۆ وه‌ستاندنی چالاكییه‌كانیان؟ نازم ده‌باغ وتی: "من به ‌ته‌نها نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانم نه‌ک زیاتر و‌ كاری من گه‌یاندنی په‌یامی ئێرانه‌ به‌ حكوومه‌تی هه‌رێم، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، نه‌ک قسه‌كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان."

نازم ده‌باغ له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی په‌یامی ئێرانیش بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی كرد: "په‌یامی حكوومه‌تی ئێران نوێ نییه‌، به‌ڵكوو ئه‌وان به‌رده‌وام وتوویانه‌ بێده‌نگ نابن له ‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر چالاكییێكی هێزه‌ كوردییه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌ ئێرانییه‌كان و‌ خۆمان دیاری ده‌كه‌ین چۆن وه‌ڵام ده‌ده‌ینه‌وه‌ و دیاره‌ تۆپباران وه‌ڵامی ئه‌وانه‌."

نازم ده‌باغ تۆپبارانه‌كانی ئێرانی به‌ جار جاره‌ ناو برد له‌ چاو بۆردومانه‌كانی توركیا له ‌ناو خاكی عیراق و وتی: "تۆپبارانی ئێران جار به‌جاره‌، ئه‌ویش بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و چالاكییانه‌یه‌ كه كورده‌كانی ئێران له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ باسی ده‌كه‌ن به‌ڵام ئه‌وه‌ ماوه‌ی مانگێكه‌ توركیا ڕۆژانه‌ بۆردومان ده‌كات و هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌ كچێک شه‌هید بوو، ته‌نانه‌ت سه‌رۆکی توركیا به‌ فه‌رمی ئه‌نجامدانی هێرشی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند."

نازم ده‌باغ ئه‌وه‌شی وت: "چالاكی و تۆپبارانه‌كانی ئێران كه ‌ده‌یكات ئه‌سڵه‌ن ناكرێت ئه‌ژمار بكرێت به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو تۆپباران و بۆردومانانه‌ی توركیا ده‌یكات."

ده‌باغ دووباره‌ هێزه‌ كوردییه‌كانی به ‌هۆكاری بۆردومان و تۆپباران كردنه‌كانی ئێران ناو برد و ڕاشی‌گه‌یاند: "به ‌دڵنیایییه‌وه‌ یه‌كه‌م هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیا دووه‌م چالاكی ئه‌و هێزه‌ كوردییانه‌ به ‌دڵنیایییه‌وه‌ هۆكاری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێرانه‌ كه به‌رگری له‌ خۆی بكات به‌و جۆره‌."

نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ‌تاران وتیشی: "بوونی هێزه‌ كوردییه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی ئێران له‌ هه‌رێمی كوردستان خواستێكی نه‌خوازراوه‌ ئێمه‌ پێمان خۆش نییه‌ بنكه‌ و باره‌گایان له‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی ئێران تۆپبارانی سنووره‌كان بكات."

نازم ده‌باغ ئاماژه‌ی به‌ چاره‌سه‌ر دا و وتی: "چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هێزه‌ كوردییانه‌ ڕێز له‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سه‌باره‌ت به ‌پاراستنی ده‌وڵه‌تی درواسێ بگرن و ئێمه‌ ناڵێین ده‌سبه‌ردراری خه‌باتی خۆیان بن ئه‌وه‌ مافی خۆیانه و ده‌ڵێین هه‌ر دوو لایان چ هێزه‌ كوردییه‌كان چ كۆماری ئیسلامیی ئێران بگه‌نه‌ لێکتێگه‌یشتن به‌پێی یاسا و ده‌ستوور مافه‌ سیاسی و مه‌ده‌نی و فه‌رهه‌نگییه‌كانیان بۆ فه‌راهه‌م بكات، و‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزه‌ كوردییه‌ ئێرانییانه‌ش سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی چالاكی له‌ناو خاكی هه‌رێمه‌وه‌ دژ به ‌كۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌وا پێویسته‌ حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵوێست له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ربكات."

ناوبراو ده‌شڵێت: "ناڵێین با واز بهێنن به‌ڵكوو با بچن له‌ خاكی ئێران چی ده‌كه‌ن بیكه‌ن به‌ڵام ناكرێت خاكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌كار بهێنن كه‌ ئه‌مه‌ به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی یاساشكاندنه‌."

نازم ده‌باغ له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی هه‌رێم ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "من مافم نییه‌ به‌ هه‌ر كوردێک بڵێم نابێت له‌ كوردستان بژی چوونكه‌ كوردستان هی هه‌موو كوردێكه‌ به‌ڵام كاتێک ئه‌و هێزه‌ كوردییانه‌ پابه‌ند نه‌بوون به ‌یاسای نێوده‌وڵه‌تی و پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، له‌ دنیادا وایه‌ له‌ ئه‌ورووپاش كاتێک دراوسێیێک له‌ ئه‌پارتمانێكدا كێشه‌ بۆ خه‌ڵكی ئاپارتمانه‌كه‌ دروست ده‌كات پۆلیس دێت ئه‌و ماڵه‌ ده‌رده‌كات، به‌ ڕاستی ئه‌و هێزانه‌ش بوونه‌ته‌ كێشه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان چوونكه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ ئێران تۆپباران ده‌كات، یه‌ک تۆپبارانم پێ بڵێن وه‌ڵامی چالاكی ئه‌و هێزه‌ كوردییانه‌ نه‌بووبێت و ئێران له‌خۆیه‌وه‌ كردبێتی؟! بێگومان كۆماری ئیسلامیی ئێران ته‌نها وه‌ڵامی چالاكی ده‌داته‌وه‌ و به‌رگری له‌ خۆی ده‌كات."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16807

Your Comment

You are replying to: .
captcha