کۆمیسیۆنی هه‌رێم ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن که‌م ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بڕیاره‌ پاش ٧٠ ڕۆژی دیکه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان به‌ڕێوه ‌بچێت و وته‌بێژی کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێمیش ده‌ڵێت: له‌به‌ر بێزار نه‌کردنی هاووڵاتییان ماوه‌ی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن که‌م ده‌کرێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شیروان زرار وته‌بێژی کۆمیسیۆن سه‌باره‌ت به‌ ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: دوو بۆچوون هه‌یه‌ له‌ نێو کۆمیسیۆندا بۆچوونی یه‌که‌م پێیان باشه‌ ماوه‌ی بانگه‌شه‌کردن ده‌ ڕۆژ بێت و بۆچوونی دووه‌م پێیان باشه‌ 14 ڕۆژ بۆ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌کردن دیاری بکرێت.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش کرد: بۆچوونی زۆرینه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ ماوه‌ی 10 ڕۆژ بخایه‌نێت و له‌ داهاتوویێکی نزیکدا کۆمیسیۆن کاتی ده‌ست پێکردنی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌کردن ڕاده‌گه‌یه‌نن.

هه‌رچه‌نده‌ هێشتا کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان دیاری نه‌کراوه‌ و نزیکه‌ی ٢ مانگ و ١٠ ڕۆژ ماوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ڵام له‌ ئێستاوه‌ به‌شێک له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حزبه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێم له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ده‌ستیان به‌ بانگه‌شه‌کردن کردوووه‌ بۆ لیسته‌کانیان.

بڕیاره‌ له‌ ٣٠ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵدا پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێم به‌ڕێوه‌ بچێت و له‌ ئێستاشدا کۆمیسیۆن ژماره‌ی لیستی ئه‌و قه‌واره‌ سیاسییانه‌ی دیاری کردوووه‌ که‌ به‌شداری له‌ پرۆسه‌که‌دا ده‌که‌ن و ئاماده‌کارییه‌کانیشیان بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌که‌ به‌رده‌وامه‌.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16707

Your Comment

You are replying to: .
captcha