به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئاری عه‌بدوله‌تیف سه‌رۆکی فراکسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له په‌رله‌مانی کوردستانله ڕاگه‌یه‌نراوه‌که‌یدا ئاماژه به‌وه ده‌کات ١ کاتژمێر گفتۆگۆیان له‌باره‌ی خاڵه‌کانه‌وه کردوووه و گه‌شتوون به ھه‌مواری په‌سه‌ند کراوی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره له‌باره‌ی خاڵه ھه‌موارکراوه‌کانه‌وه ده‌ڵێت: په‌رله‌مان بڕیاری دا به‌وه‌ی:
یه‌که‌م: ده‌سته‌ی گشتیی نه‌مێنێت که له سه‌رۆکایه‌تی و سه‌رۆکی فراکسیۆنه‌کان پێکده‌هات.
دووه‌م: به زۆرینه‌ی ده‌نگ ئه‌وه په‌سه‌ند کرا هه‌ر حیزب و قه‌واره‌یێک خاوه‌نی یه‌ک کورسیی په‌رله‌مانیش بوو ده‌بێته خاوه‌نی فراکسیۆن، ئێمه له‌گه‌ڵی بووین و هه‌ندێک دژی بوون که پێمان وابوو که‌مینه و پێکهاته و حیزبه بچووکه‌کان مافیان ده‌خورێت.
سێیه‌م: بڕیار درا هه‌ر ئه‌ندامێکی په‌رله‌مان وازی له فراکسیۆنه‌که‌ی هێنا، ئه‌و فراکسیۆنه ده‌توانێت ئه‌و ئه‌ندامه ده‌ربکات و به که‌سێکی‌تر شوێنی پڕ بکاته‌وه که ئێمه دژی بووین و پێمان وابوو ئه‌مه دژی ئازادی و مافی په‌رله‌مانتاره و دژیشه له‌گه‌ڵ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کان و زۆر خه‌ته‌ره بۆ پارێزبه‌ندیی په‌رله‌مانتار، چوونکه په‌رله‌مانتار ڕاسته به ده‌نگی حیزب ده‌بێته په‌رله‌مانتار به‌ڵام خاوه‌نی ده‌نگی ده‌نگده‌رانیشیه‌تی و نابێت ئازادییه‌کانی به‌ند بکرێن.
چواره‌م: چه‌ندین مادده و بڕگه‌ی‌تر تێپه‌ڕێنرا و ئێمه وه‌ک فراکسیۆنی بزووتنه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و مادده و بڕگانه بووین که کاری فراکسیۆن و په‌رله‌مانتار و ڕه‌هه‌ندی ئازادیی و کاره پیشه‌یییه په‌رله‌مانییه‌کان به‌رته‌سک نه‌کرێنه‌وه.
پێنجه‌م: سه‌رباری ئه‌وه‌ی بڕیار درا که سکرتێری په‌رله‌مان نه‌مێنێت و کرا به جێگری دووه‌م و به کۆتاش یه‌ک له ئه‌ندامی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان بۆ ژن بێت که ئێمه دیسان دژ بووین چوونکه کێشه بۆ فراکسیۆنه‌کان دروست ده‌بێت و ناتوانن حه‌لی ئه‌و ناکۆتایه بۆ ژن بکه‌ن.
ئاری عه‌بدوله‌تیف ئاماژه به‌وه‌ش ده‌کات: له کۆتاییدا کۆی په‌یڕه‌وه‌که گفتوگۆی ته‌واو کرا و په‌سه‌ند کرا و دواجاریش بڕیار درا هه‌ر له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا کاری پێبکرێت.
سه‌رچاوه: خه‌ڵک
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment