وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر دامه‌زراندنی لیوایێكی‌ عێراق له‌ سلێمانی‌ دێته‌ ده‌نگ

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌باره‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ لیوایێكی‌ نوێی‌ عێراق له‌ سنووری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ هاته ‌ده‌نگ و ئه‌مینداری‌ گشتیی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ش وێرای‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و دامه‌زراندنه‌ چه‌ند زانیاریێک ئاشكرا ده‌كات و به‌رپرسێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ عێراقیش بێئاگاییی‌ خۆی‌ له ‌كردنه‌وه‌ی‌ لیواكه‌ ڕاده‌گه‌یێنێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ ئێستادا له ‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زانیاریێک بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ گوایه‌ حكوومه‌تی‌ عێراق له‌ سنووری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لیوایێكی‌ نوێ ده‌كاته‌وه‌ و له‌مڕۆشه‌وه‌ ده‌ست به ‌ناونووسینی‌ هاووڵاتییان ده‌كات بۆ بوون به ‌سه‌رباز له‌و لیوایه‌ و له‌و زانیارییانه‌ی‌ بڵاو كراونه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه ‌كراوه‌ بۆ پێكهێنانی‌ ئه‌و لیوایه‌ هه‌زار كه‌س له ‌ڕه‌گه‌زی‌ نێر له ته‌مه‌نی‌ 18 بۆ 50 ساڵان وه‌رده‌گیرێت و كه‌مترین مووچه‌ی‌ مانگانه‌شیان له‌ 500 هه‌زار بۆ سه‌روو دوو ملیۆن دینار ده‌ست پێده‌كات.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری‌ گشتیی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت: "هیچ شتێكی‌ فه‌رمی‌ نییه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و لیوایه‌، ئه‌وه‌ ته‌نها زانیاری‌ ناو ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و هیچ بنه‌مایێكی‌ دروستی‌ نییه‌."

ناوبراو وتیشی‌: "لیوای‌ حكوومه‌تی‌ عێراق له‌ سلێمانی‌ چی‌ ده‌كات، حكوومه‌تی‌ عیراق بۆچی‌ لیوا له‌ سلێمانی‌ داده‌مه‌زرێنێت بۆیه‌ پێم وایه‌ دووره‌ له ‌ڕاستییه‌وه‌."

لای‌ خۆیشیه‌وه‌ فه‌ریق دارا تۆفیق ئاغا له‌ ه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "ئاگاداریی‌ دامه‌زراندنی‌ ئه‌و لیوایه‌ نیم و وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریش قسه‌كه‌ری‌ خۆیان هه‌یه و‌ كه‌س ناتوانێت به‌ ناوی‌ ئه‌وانه‌وه‌ قسه ‌بكات به‌ڵام وه‌ک خۆم ئاگاداریی‌ ئه‌و دامه‌زراندنه‌ نیم."

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16538

Your Comment

You are replying to: .
captcha