شاندی هاوپه‌یمانیی نه‌سر و ڕه‌وتی حیکمه‌ سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌که‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان دیدار و کۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌کانیش بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ به‌رده‌وامه‌ و بڕیاره‌ شاندی چه‌ند لایه‌نێکی سیاسیی دیکه‌ی عێراق له‌وان هاوپه‌یمانیی نه‌سر و ڕه‌وتی حیکمه‌ به‌منزیکانه‌ سه‌ردانی هه‌ولێر بکه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ دوو شاندی هاوپه‌یمانیی فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا سه‌ردانی هه‌ولێریان کرد و له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کێتی کۆ بوونه‌وه‌ و له‌ ئاینده‌یێكی نزیكدا دوو شاندی دیکه‌، که‌ پێكهاتوون له‌ هاوپه‌یمانیی نه‌سر ‌و ڕه‌وتی حیكمه‌ سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن.

به‌نگین رێكانی سكرتێر ‌و ئه‌ندامی شاندی پارتی بۆ دانووستاندنی پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق ده‌ڵێت: له‌لایه‌ن هه‌ر دوو هاوپه‌یمانیی نه‌سر ‌و حیكمه‌ ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ شاندیان به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ کردن له‌باره‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌ ئاینده‌یێکی نزیکدا سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵ پارتی كۆ ده‌بنه‌وه‌.

شاندی هاوپه‌یمانیی نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تیی خالید عوبێدی ‌و شانده‌كه‌ی هاوپه‌یمانیی حیكمه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌حمه‌د فه‌تلاوی ‌و عه‌بدوڵڵا زه‌یدی ده‌بێت.

له‌یس دلێمی له‌ هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقییه‌کان (سوننه‌کان) گوتی: "ئێمه‌ له‌ گفتوگۆ و راگۆڕینه‌وه‌ی به‌رده‌وامداین له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م کوتله‌ سیاسییه‌کاندا و له‌گه‌ڵ برایانی کورد دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانمان به‌رده‌وامه له‌ به‌غدا و یاخود پێشتر له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجام دراون. به‌نیازیشین شاندێک پێکبهێنین و به‌م نزیکانه‌ سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ین له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ته‌وافوقێکی هاوبه‌ش".

رائید فه‌همی سکرتێری حیزبی شیووعی عێراقی و یه‌کێک له‌ به‌رپرسانی هاوپه‌یمانیی سائیروون ڕای‌گه‌یاند: هه‌فته‌ی داهاتوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در و ژماره‌یێک به‌رپرسی دیکه‌ی عێراقیدا پرسی پێکهێنانی حکوومه‌ت تاوتوێ ده‌که‌ن.

له‌ به‌رامبه‌ردا خالید شوانی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: تاوه‌کوو ئێستا هیچ واده‌یێک بۆ سه‌ردانی شاندی یه‌کێتی و پارتی بۆ به‌غدا دیاری نه‌کراوه‌ به‌ڵام پێش سه‌ردانه‌که‌ ده‌بێت هه‌ر دوو لا کۆ ببنه‌وه‌ و له‌سه‌ر به‌رنامه‌یێکی هاوبه‌ش رێکبکه‌ون.

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16429

Your Comment

You are replying to: .
captcha