بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە پارێزگای هەڵەبجە دەستكرا بەكاركردن لە دەروازەی نێودەوڵەتی پشتە و وابڕیاریشە لەكۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵدا دەروازەكە بەڕەسمی بكرێتەوە و هاووڵاتیان ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نێوان هەڵەبجە و كرماشانی تێدا ئەنجام بدەن.
دەروازەی پشتە لە ناحیەی بەمۆی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە ماوەی 25 ساڵە بە شێوەیێكی ناڕەسمی لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە 10-2-2018 بە بیانووی ناڕەسمیەوە لەلایەن حكوومەتی ناوەندییەوە داخرا، ئەمڕۆش بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق دەستكرا بەكاركردن لەو دەروازەیەدا تا بەڕەسمی لە نێوان هەردوو وڵاتدا بكرێتەوە.
سەبارەت بە دەستكردن بە پرۆژەكە و ماوەی كاركردن تیایدا، سالار عەبدوڵڵا نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەروازە سنورییەكان لە لێدوانێكیدا وتی: دەروازەی پشتە لەڕاستیدا دەروازەی سەرتەک بوو، بەڵام كە نوێنەرانی حكوومەتی ناوەند هاتن بڕیاری گواستنەوەیاندا بۆ سەر سنووری هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران، ئێستا دەستكراوە بەدروست كردنی ئەم دەروازەیە، لەسەر ڕووبەری 30 دۆنم زەوی دەكرێتە دەروازەیێكی نێودەوڵەتی.
ناوبراو وتیشی: چۆن لێرە كار دەكرێت لە دیوی ئێرانیش بەهەمان شێوە كاركردن دەستی پێكردوە، ئەوانیش دەروازەی بەشی خۆیان فراوان دەكەن، بەتەواوبوونی دەروازەكە ئاوەدانی و هەلیكار بۆ ناوچەكە دەڕەخسێنێت.
دەربارەی كاتی كردنەوەی دەروازەی پشتەش، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەروازە سنوورییەكان وتی: بەنیازین ئەم پڕۆژەیە تا 24-8-2018 تەواو بكەین، چوونكە لەو رۆژەدا وەفدێكی حكوومەتی ناوەند لە بەغداوە دێت و بەدواداچوون بۆ پرۆژەكە دەكات، ئەو راسپاردەیەی سەرۆک وەزیرانی عێراق داویەتی بزانن تەواو بووە یان نا.
سەرچاوە: PUKmedia
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment