بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەسەن خەلۆ، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە زوممار بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند: هێزە عێراقییەكان ماوەی هەفتەیێكە لە سنووری عەینزالە و بەدریە و گوندی حەمەد ئاغا و سەنتەری زوممار و ڕەبیعە دەكشێنەوە و ئێستا هەر بەردەوامن لە كشانەوە و تەنیا هێزێكی ڕەمزییان لەو ناوچانە ماوە و ئەوەی دیكە هەمووی كشاونەتەوە، "بۆیە ئەمە دەبێتە مەترسییێكی جیددی بۆ سەر ناوچەكە، چوونكە داعش لەو ناوچانەش سەری هەڵداوەتەوە.
حەسەن خەلۆ وتیشی داعش بەردەوام مەفرەزكانیان دەچنە سەر گوندەكان و كردەوە ئەنجام دەدەن و چوونەتە سەر گوندی بەغەلە لە ڕۆژئاوای زوممار، ئەنجوومەنی گوندەكە و سێ ئەندامی خێزانەكەیان سەر بڕیوە و دوو ئۆتۆمبێلیشیان بۆمبرێژ كردبوو، كاتێک هێزە عێراقییەكان چوونە گوندەكە پێیاندا تەقییەوە، بەو هۆیەوە شەش سەرباز بریندار بوون، بۆیە ئێستا بۆشاییێكی گەورەی ئەمنی لە ناوچەكەدا دروست بووە.
خەلۆ باسی لەوەش كرد، هۆكاری كشانەوەی ئەو هێزانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە زۆر لاوازن و دەترسن هەمان سیناریۆی ساڵی 2014 دووبارە بێتەوە و داعش دەست بەسەر ناوچەكەدا بگرێتەوە، چوونكە توانای پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەكەیان نییە، بۆیە خۆیان كۆ كردووەتەوە و چوونەتە یەک شوێن لەبەر ئەوەی دەترسن.
ئەو بەرپرسە هەروەها رایگەیاند جموجووڵی داعش زۆر زیادی كردووە و پێش چەند ڕۆژێكیش لە چیایێكی نزیک زوممار هێزە عێراقییەكان نزیكەی 20 چەكداری داعشیان لەناو خەندەقێک دەستگیر كرد و ژمارەیێكیش ڕایان كرد، بەڵام داعش بەردەوام ژمارەیان لە زیادبووندایە و تادێ زیاتر لە ناوچەكە دەردەكەون.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment