ئەردۆغان بە سیستەمی نوێی سەرۆکایەتییەوە دەستی بەکار کرد و ناوی وەزیرەکانی کابینەی نوێی راگەیاند

بەشی تورکیا- رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا پاش مەڕاسیمی سوێندخواردنی بە فەرمی دەستی بەکار کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەکوو یەکەم فەرمانی ناوی وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی وڵاتەکەی راگەیاند.

کوردپرێس:

حکوومەتی نوێی تورکیا بە سیستەمی سەرۆکایەتییەوە لە کاتێکدا دەست پێدەکات کە کابینە نوێیەکەی حکوومەت، سەرۆکوەزیرانی تێدا نییە و سەرۆککۆمار خۆی سەرپەرشتیی کارەکانی حکوومەت دەکات، کە لە 16 وەزارەت پێکهاتووە.

ئەردۆغان وەکوو یەکەم فەرمان لە حکوومەتی نوێدا ناوی 16 وەزیرەکەی کابینەی ڕاگەیاند و بەو پێیەش وەزیرەکانی دەرەوە، ناوخۆ و داد هەمان وەزیرەکانی کابینەی پێشووتری حکوومەتن. هەروەها بەرات ئاڵبایراک، زاوای ئەردۆغان پۆستی وەزیری دارایی و خەزێنەی وەرگرتووە، کە پێشتر وەزیری وزە بوو.

ناوی کابینەی نوێی حکوومەتی تورکیا

یاریدەدەری سەرۆککۆمار: فوئاد ئۆکتای

وەزیری دەرەوە: مەولوود چاوش ئۆغڵو

وەزیری ناوخۆ: سولەیمان سۆیلۆ

وەزیری بەرگری: خوڵوسی ئاکار

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان: فاتیح دۆنمەز

وەزیری بازرگانی: رووخسار پێکجان

وەزیری داد: عەبدولحەمید گول

وەزیری تەکنەلۆژیا و پیشەسازی: مستەفا ڤارانک

وەزیری ژینگە و شارسازی: موراد کورووم

وەزیری وەرزش و لاوان: محەممەد قەسابئوغڵو

وەزیری تەندروستی: د. فەخرەدین کۆجا

وەزیری کولتوور و گەشتیاری: محەممەد ئەرسۆی

وەزیری دارایی و خەزێنە: بەرات ئاڵبایراک

وەزیری پەروەردە: زیاد سەلجوق

وەزیری گەیاندن و ژێرخان: محەمەد جاهید توران

وەزیری کشتوکاڵ و دارستان: بەکر پاکدەمیرلی

وەزیری کار و خێزان و کۆمەڵایەتی: زەهرا زومروت سەلجوق

بەپێی سیستەمی نوێی سەرۆکایەتی، سەرجەم دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و سەربازیی و ئابووری لە دەست سەرۆکی وڵاتدا دەبێت و خۆی وەزیرەکان دەستنیشان دەکات یان دووریان دەخاتەوە. پەرلەمانیش بە دەنگی 400 پەرلەمانتار دەتوانێت بانگهێشتی سەرۆک بکات.

هەر بەپێی سیستەمەکە، سەرۆکی وڵات دەتوانێ سەرۆکایەتیی پارتەکەشی بکات. بەو پێیەش ئەردۆغان وەک سەرۆکی ئاکپارتی دەمێنێتەوە، بەوەش سەرۆک کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پەرلەمانتارانی پارتەکەی دەبێت.

ئه‌ردۆغان له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایەتیی كۆماردا، 26 ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، کە رێژەی 52.5%ی دەنگەکان بوو، بەوەش بە خوولی یەکەم بووە سەرۆکی تورکیا.

دوای نزیکەی 100 ساڵ، سیستەمی تورکیا بۆ سەرۆکایەتی گۆڕا. گۆڕینی دەسەڵات بۆ ئەردۆغان ئاسان نەبوو، نزیکەی 13 ساڵی خایاند. ئاکپارتی لە 2002 دەسەڵاتی گرتەدەست، ئەو کات ئەردۆغان دژی سیستەمی سەرۆکایەتی بوو، بەڵام چەند رووداوێک بۆچوونیان گۆڕی و چەند ساڵی رابردوو بە هەموو توانایەوە کاری بۆ گۆڕینی سیستەمەکە کرد.

لە گشتپرسییێکدا لە نیسانی 2017، زۆرینەی خەڵکی تورکیا دەنگیان بە گۆڕینی دەستوور دا بۆ سەرۆکایەتی، کە 18 ماددەی گۆڕانکاریی تێدا کرا و لە ئەمڕۆوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

سەرچاوە: میدیا کوردییەکان

News Code 16403

Your Comment

You are replying to: .
captcha