بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی دووشەممە 9-7-2018 لەکاتژمێر 16:00 بەکاتی هەولێر، رێوڕەسمی سوێندخواردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بۆ پێنج ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو رێوڕەسمە بانگهێشت کراوە و ئامادەی سوێندخواردنەکەی ئەردۆغان دەبێت.
لە ساڵانی رابردوو و دوای هاتنەسەر دەسەڵاتی ئاکپارتی لە تورکیا، پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە بەرەو گەشەیێکی یەکجار زۆر رۆیشت و لەم ساڵانەی دواییدا تورکیا وەک دەروازەیێکی ئابووری و سیاسی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان، پەیوەندییێکی پتەوی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو. بەڵام لەدوای گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە 25-9-2017 بەهۆی ناڕەزایی تورکیا لەو پرۆسەیە، پەیوەندییەکان ساردوسڕییێکی زۆری تێکەوت و تورکیا ئاسمانی بەسەر هەرێمی کوردستان داخست، هەرچەندە دوای ماوەیێک گەشتە ئاسمانییەکان لە هەولێرەوە بۆ ئەو وڵاتە دەستیان پێکردەوە.
لەیەکەمین پەیوەندیی فەرمی دوای گشتپرسی، ئێوارهى رۆژی دووشهممه 2-7-2018 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییێکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.
بەپێی راگەیێندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له پهیوهندییه تهلهفۆنییهكهدا نێچیرڤان بارزانى و ئەردۆغان جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا کردووەتەوە.
لە 24-6-2018 هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی تورکیا بەڕێوەچوون. لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ئەردۆغان لە خوولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا توانی رێژەی لە 52.5%ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و بە سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردرایەوە. هەروەها ئاکپارتی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بوو بە بەدەستهێنانی 295 کورسی لە کۆی 600 کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment