گه‌وره‌ترین کۆنسووڵخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێر بونیات ده‌نرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ ئاماده‌ بوونی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و باڵیۆز و کۆنسووڵی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا و هه‌ولێر به‌ردی بناغه‌ی کۆنسووڵخانه‌ی نوێی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێر دانرا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پێش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی هه‌ینی 6ی ته‌مووز به‌ ئاماده‌ بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و باڵیۆز و کۆنسووڵی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا و هه‌ولێر به‌ردی بناغه‌ی کۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێر دانرا.

کۆنسوڵخانه‌که‌ی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێر له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین کونسوڵخانه‌ و گوژمه‌ی پڕۆژه‌که‌ 600 ملیۆن دۆلاره‌ و به‌ چوار ساڵ ته‌واو ده‌بێت.

نیچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان پێشتر و له‌ کاتی ڕاگه‌یاندنی ده‌ست پێکردنی دروستکردنی کۆنسووڵخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ 23-4-2018 گوتی: "ئه‌م کاره‌ نیشانه‌ی بڕوا و متمانه‌ی ئه‌مریکایه‌ به‌ ئێستا و ئایینده‌ی گه‌شی کوردستان."

سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌ گوتارێکدا له‌ ڕێوڕه‌سمی دانانی به‌ردی بناغه‌ی گه‌وره‌ترین کۆنسووڵخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێر گوتی: "ئێمه‌ ئه‌مڕۆ زۆر خۆشحاڵین که‌ لێره‌ پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جه‌نابی باڵیۆز و کۆنسووڵی گشتیی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێر ده‌ست پێده‌که‌ین به‌ شێوه‌یێکی ره‌سمی بۆ ده‌ست پێکردنی کار بۆ دروست کردنی کۆنسووڵخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ هه‌رێمی کوردستان."

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "به‌ دڵنیایییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا له‌ دوای 2003ه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ په‌یوه‌ندییێکی گرینگ بوووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌ من ده‌مه‌وێت به‌ بیر خۆمانی بهێنینه‌وه‌ له ‌دوای ساڵی 1991 که‌ ئه‌مریکا به‌شێکی سه‌ره‌کی بوو له‌ پاراستنی گه‌لی ئێمه‌ له ‌کاتی کۆڕه ‌و و ئه‌و کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ سه‌ر گه‌لی ئێمه‌دا هات و دوو ملیۆن که‌س ئاواره‌ بوون. هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ که‌ ناوچه‌ی دژه‌فڕینی بۆ پاراستی ئێمه‌ دامه‌زراند له‌ عێراقدا و تاوه‌کوو ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی که‌ دوای ساڵی 2003 ده‌ستمان پێکرد پێکه‌وه‌، له هه‌موو گرنگتر له‌م هه‌له‌دا ده‌مه‌وێت به ‌بیری خۆمانی بهێنینه‌وه‌ که‌ وڵاته‌ یه‌کگرتوووه‌کانی ئه‌مریکا له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا ئه‌وپه‌ڕی هاوکاریی ئێمه‌یان کرد و به‌ دڵنیایییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوکارییه‌ نه‌بوایه‌ و هاوکاریی سوپای ئه‌مریکا نه‌بوایه‌ ئێمه‌ نه‌مانده‌توانی به‌و شێوه‌یه‌ داعش له‌ شوێنی خۆی رابگرین."

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان پڕۆژه‌که‌ی ئه‌مریکای له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ په‌یامێکی ئه‌و وڵاته‌ ناو هێنا بۆ مانه‌وه‌یان له‌ کوردستان و عێراق و گوتی: "ئێمه‌ ئه‌مڕۆ زۆر به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌که‌ین و به‌ پڕۆژه‌یێکی یه‌کجار گرینگ هه‌ڵیده‌سه‌نگێنین، هیوادارین ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایێک بێت. راسته‌ ئه‌مڕۆ ئێمه‌ لێره‌ین وه‌ک ده‌ست پێکردنێک به‌ڵام نیشانه‌یێکه‌ بۆ هه‌موو جیهان که‌ ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت له‌ عێراق و له‌ کوردستان بمێنێت و په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆی بدات و ئه‌مه‌ بۆ گه‌لی ئێمه‌، بۆ عێراق و بۆ ئه‌مریکا زۆر گرینگه‌. ئه‌مڕۆ ئێمه‌ به‌ ڕه‌سمی ده‌ست به‌ کاره‌کانی ده‌که‌ین و هیوادارین ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌مه‌ودوا زیاتر بێت و هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌یش بگرێته‌وه‌."

دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مریکا له‌ عێراق له ‌کاتی دانانی به‌ردی بناغه‌ی کۆنسووڵخانه‌ی نوێی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێر گوتی: "هه‌روه‌ک ده‌زانن، ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوووه‌کان و هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی کوردستان ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ په‌یوه‌ندییێکی زۆر نزیکیان هه‌بوووه‌. ئێمه‌ ئه‌مه‌ وه‌ک سیمبولێکی به‌هێزی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێز و به‌رده‌وامه‌ ده‌بینین له‌ نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوووه‌کان و هه‌رێمی کوردستان بۆ چه‌ندین ده‌یه‌ی داهاتوو. هه‌روه‌ک به‌ڕێزتان له‌ وێنه‌کانی تایبه‌ت به‌ دیزاینه‌که‌ و باڵه‌خانه‌که‌وه‌ ده‌بینن ئه‌مه‌ یه‌کێک له‌ باڵه‌خانه‌ مۆدێڕنه‌کانمان ده‌بێت له‌ هه‌ر ناوچه‌یێکی ئه‌م جیهانه‌دا و ئێمه‌ش ده‌توانین چه‌ندین شتی نوێ و جیاواز له‌ کوردستان ئه‌نجام بده‌ین و به‌ په‌رۆشییێکی زۆریشه‌وه‌ چاومان له‌ ده‌ست پێکردن و ته‌واو کردنی باڵه‌خانه‌که‌یه‌ به‌ زووترین کات."

هاوکات باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر ورده‌كانی دروست كردنی باڵه‌خانه‌ی كۆنسووڵخانه‌ی نوێی وڵاته‌كه‌ی له‌ شاری هه‌ولێری بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ تێچووی پڕۆژه‌كه‌ 795 ملیۆن دۆلاره‌ و دیزاینی ئه‌ندازیاری له‌لایه‌ن ئی وای پییه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و به‌ڵێنده‌ری گشتیی پڕۆژه‌که‌ ب.ل. هاربێرته‌ و کۆمه‌ڵگه‌یێکی فره‌ باڵه‌خانه‌یی له‌سه‌ر رووبه‌ری 51 فه‌دان زه‌وی له‌ ھه‌ولێر، عێراق بونیات ده‌نرێت.

کۆنسووڵخانه‌ گشتییه‌ نوێیه‌که‌ پانتاییێکی ئارام و ھاوچه‌رخ له ‌ڕووی ژینگه‌یی و له‌سه‌ر پێی خۆی وه‌ستاو بۆ کاری دیپلۆماسی فه‌راھه‌م ده‌کات. گرێبه‌ستی دروست کردنه‌که‌ له‌ مانگی ته‌ممووزی 2017 واژۆ کرا و چاوه‌ڕوان ده‌کرێت پڕۆژه‌که‌ له‌ ساڵی 2022 ته‌واو بکرێت.

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێر له‌باره‌ی دیزاین و بونیاتنانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌شڵێت: کۆمه‌ڵگه‌ تازه‌که‌ی کۆنسووڵخانه‌ ستاندارده‌ تونده‌کانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکای تایبه‌ت به‌ سه‌لامه‌تی ژیان و ئاسایشی تیادا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت و دیزاینه‌که‌ به ‌شێوه‌یێکی گشتی له‌سه‌ر بنه‌مای تۆپۆگرافی ناوچه‌که‌ و گونجاندن له‌گه‌ڵیدا ئاماده‌ کراوه‌. ئه‌و شوێنانه‌ی تایبه‌تن به‌ خزمه‌تگوزارییه‌کانی به‌شی ڤیزا و ھه‌روه‌ھا راپه‌ڕاندنی کاره‌کانی دیپلۆماسی گشتی به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌زموونی سه‌ردانی‌که‌ران و بوونی شوێنی گونجاوی چاوه‌ڕوانی کردن دیزاین کراون. نزیکه‌ی هه‌زار که‌س له‌ ھێزی کاری ئه‌مریکی و که‌سانی خۆجێیی و وڵاتی سێیه‌م به‌شدار ده‌بن له‌ بونیاتنان و دروست کردنی باڵه‌خانه‌که‌.

دیزاینی کۆنسووڵخانه‌ تازه‌که‌ پابه‌ندی ئامانجه‌ گرنگه‌کانی ده‌ستگرتن به‌ وزه‌ و ھه‌روه‌ھا به‌رده‌وامی و له‌سه‌رپێ وه‌ستان ده‌بێت به‌ ئامانجی که‌م کردنه‌وه‌ی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ژینگه‌ و باش کردنی ئه‌دائی باڵه‌خانه‌که‌ و ھاندانی پشت به‌خۆبه‌ستن له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی باڵه‌خانه‌که‌دا.

پڕۆژه‌که‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵه‌خانه‌ی سه‌وزی ئه‌مریکی بۆ رابه‌رایه‌تی له‌ دیزاینی وزه‌ و ژینگه‌یی تۆمار کراوه‌. ھه‌روه‌ھا له‌لایه‌ن سیسته‌می ھه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌وزی باڵه‌خانه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌کرێت بڕوانامه‌ی ئێڵ ئی ئی دی سیلڤه‌ر وه‌ربگرێت.

ئاوی به‌کارھاتوو دووباره‌ به‌کار دێته‌وه‌ بۆ ئاودان به‌ مه‌به‌ستی که‌م کردنه‌وه‌ی تێچوون و گرنگیدان به‌ ژێرخانی خۆجێیی ناوچه‌که‌ و باشترکردنی توانای دوورمه‌ودایی کۆمه‌ڵگه‌که‌.

دیزاینه‌که‌ به‌ شێوه‌یێکی به‌رچاو به‌کارھێنانی ئاو له‌ ناوه‌وه‌ و ھه‌روه‌ھا ده‌ره‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ و ئۆفیسه‌کان که‌م ده‌کاته‌وه‌.

دیزاینه‌که‌ ئامێره‌کانی تایبه‌ت به‌ به‌رھه‌مھێنانی کاره‌با له‌ تیشکی خۆر له‌سه‌ر گه‌راجی وه‌ستانی ئۆتۆمبێله‌کان جێگیر ده‌کات به‌ مه‌به‌ستی که‌م کردنه‌وه‌ی وزه‌ی پێویست بۆ کۆمه‌ڵگه‌که‌ و دیزاینه‌که‌ زۆرترین که‌لوپه‌لی خۆجێیی ناوچه‌که‌ به‌کار ده‌ھێنێت به‌ مه‌به‌ستی له‌به‌رچاوگرتنی ھه‌رزانی له‌نرخ.

ھه‌ڵبژارده‌یێکی ھونه‌ری به‌ شێوه‌ی به‌رده‌وام لێده‌بێت که‌ له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی ھونه‌ریی باڵیۆزخانه‌کانه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌کرێت و پارچه‌ی ھونه‌ری ھه‌مه‌چه‌شن له‌خۆ ده‌گرێت وه‌ک له‌وحه‌، وێنه‌، کاری چنینی ده‌ست و په‌یکه‌رتاشی.

کاری ھونه‌رمه‌ندانی ئه‌مریکی و ھه‌رێمی کوردستان پیشان ده‌درێن. تیشکی سه‌ره‌کی ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌و کاره‌ ھونه‌رییانه‌ی که‌ دایه‌لۆگی به‌ھا کولتوورییه‌ ھاوبه‌شه‌کان له ‌نێوان ئه‌مریکییه‌کان و ھونه‌رمه‌ندانی وڵاتی خانه‌خوێ دروست ده‌کات.

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16327

Your Comment

You are replying to: .
captcha