حكوومه‌تی نه‌رویج ژنه‌ سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد ڕاده‌ستی توركیا ده‌کاته‌وه‌

به‌شی جیهان- حكوومه‌تی نه‌رویج گولیزار تاشده‌میر ژنه‌ سیاسه‌تمه‌داری كوردی ڕاده‌ستی حكوومه‌تی توركیا كرد ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ناوبراو ڕووی له‌و وڵاته‌ كردبوو و داوای مافی په‌نابه‌رێتیی سیاسی كردبوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، گولیزار تاشده‌میر له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2015ه‌وه‌ ڕووی كردوووه‌ته‌ وڵاتی نه‌رویج و داوای مافی په‌نابه‌ری له‌و وڵاته‌ كردوووه‌ به‌ڵام داواكه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئۆسلۆوه‌ ره‌تكرایه‌وه‌ و ڕۆژی چوارشه‌ممه 4ی ته‌مووز‌ راده‌ستی توركیا كرا.

تاشده‌میر زیاتر له‌ 20 ساڵه‌ وه‌كوو چالاكی مه‌ده‌نی كورد كار ده‌كات و نه‌خۆشی درێژخایه‌نی هه‌یه‌ و پێش ڕاده‌ست كردنی به‌ توركیا له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌وه‌ چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رگرتوووه‌.

ڕاده‌ست كردنه‌وه‌ی ئه‌و ژنه‌ سیاسه‌تمه‌داره‌ی كورد بۆ توركیا كه‌ به‌پێی ڕاپۆرته‌كانی ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ڕه‌وشی زیندانیان له‌ توركیا خراپه‌ و "ژماره‌یێكی زۆر له‌ زیندانییه‌ سیاسییه‌كان ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێن."

تاشده‌میر دوای ئه‌وه‌ی داوای مافی په‌نابه‌رێتییه‌كه‌ی له‌لایه‌ن نه‌رویجه‌وه‌ ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه‌ چوووه‌ته‌ ئه‌ڵمانیا و داوای مافی په‌نابه‌رێتی كردوووه‌ به‌ڵام به‌ بیانووی په‌یمانی دوبلن ناوبراو له‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ نه‌رویژ.

ته‌ڤگه‌ری ژنانی كورد له‌ ئه‌ورووپا (ته‌ژه‌كه‌-ئه‌ورووپا) به‌ر له‌وه‌ی گولیزار تاشده‌میر ڕاده‌ستی توركیا بكرێته‌وه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه ‌كردبوو ده‌یانه‌وێت تاشده‌میر بكه‌نه‌ قوربانی قانوونه‌كان.

ته‌ژه‌كه‌ی ئه‌ورووپا داوای كردبوو كه‌ ئه‌و ژنه‌ سیاسه‌تمه‌تداره‌ی كورد راده‌ستی توركیا نه‌كرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی خستبوووه‌ ڕوو "له‌ توركیا هێشتا باری نائاسایی هه‌یه‌، له‌ ڕژێمێكی تاكه‌كه‌سیدا كه‌ ئاسایشی ژیانی خه‌ڵكی ناسیاسی پارێزراو نییه‌، دیاره‌ كه‌ ئاسایشی ژیانی تاشده‌میر كه‌ خاوه‌نی ناسنامه‌ی سیاسییه‌ هه‌ر نییه‌ به‌ڵام حكوومه‌تی نه‌رویج گوێیان له‌ داواكه‌ نه‌گرتوووه ‌و گولیزار تاشده‌میریان ڕاده‌ستی توركیا كردوووه‌ كه‌ لایه‌ن حكوومه‌تی ئه‌نقه‌ره‌وه‌ داواكراوبوو."

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16287

Your Comment

You are replying to: .
captcha