به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه ٣ی ٧ی ٢٠١٨ مامۆستایانی گرێبه‌ست له شاری سلێمانی گردبوونه‌وه‌یان ئه‌نجام دا و داوایان کرد له گرێبه‌سته‌وه بکرێن به ھه‌میشه‌یی.
دیار عه‌لی نوێنه‌ری مامۆستایانی گرێبه‌ست له گه‌رمیان و به‌شداربووی گردبوونه‌وه‌که‌ی سلێمانی به SNNی ڕاگه‌یاند: "وه‌کوو مامۆستایانی گرێبه‌ست ئه‌مڕۆ گرد بووینه‌ته‌وه و داواکاریمان ئه‌وه‌یه بکرێین به ھه‌میشه‌یی چوونکه نزیکه‌ی پێنج ساڵه به‌م شێوه‌یه ده‌وام ده‌که‌ین."
ناوبراو وتیشی: "ڕێگه‌مان دووره و خه‌رجییێکی زۆریشمان بۆ ھاتوچۆ ده‌وێت بۆیه داوا ده‌که‌ین بکرێین به ھه‌میشه‌یی چوونکه به گوێره‌ی بڕیارێکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ھه‌رێمیش ھه‌ر فه‌رمانبه‌رێک له دوای سێ ساڵ له گرێبه‌ست کارکردنی ئه‌وا پێویسته بکرێت به ھه‌میشه‌یی."
دیار عه‌لی وتیشی: "داوا له جێگری سه‌رۆکی حکوومه‌تی ھه‌رێمی کوردستان و وه‌زیری په‌روه‌رده ده‌که‌ین ئه‌و بڕیاره جێبه‌جێ بکرێت چوونکه ماوه‌ی یاسایییمان ته‌واو کردوووه."
ئه‌و نوێنه‌ره‌ی مامۆستایانی گرێبه‌ست ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد "پێشتر سه‌ردانی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ی په‌رله‌مان و یه‌کێتیی مامۆستایانیشمان کرد و به‌ڵێنیان پێداوین چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌مان بۆ بکه‌ن به‌ڵام تا ئێستا نه‌کراوه."
شایانی باسه؛ له سنووری پارێزگای سلێمانی به ئیداره‌کانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین و پارێزگای ھه‌ڵه‌بجه‌شه‌وه نزیکه‌ی سێ ھه‌زار مامۆستای گرێبه‌ست ھه‌یه و له ھه‌رێمی کوردستانیش نزیکه‌ی شه‌ش ھه‌زار مامۆستای له‌و شێوه‌یه ده‌وام ده‌که‌ن.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment