بۆ دۆزینه‌وه‌ی ونبوووان و تاقیكردنه‌وه‌ی DNA ئێران هاوكاری له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێم له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ وه‌فدی كۆماری ئیسلامیی ئێران و وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق داوای یارمه‌تی بۆ دۆزینه‌وه ‌و ده‌ستنیشان كردنی شوناسی جینۆسایدكراوه‌ی كورده‌كان ده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌حموود حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت پێشوازی كرد له‌ وه‌فدێكی هاوبه‌شی لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ ونبوووان كه‌ له‌ ئێستادا هه‌رێمی كوردستان میوانداری ئه‌و لیژنه‌ی كردوووه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ نوێنه‌رایه‌تی عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران و خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی.

له‌و دیداره‌دا وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ كۆبوونه‌وه‌كانیان خواست و ئاماده‌كاریی وه‌زاره‌تی بۆ خزمه‌ت كردنی به‌ كه‌یسی ونبوووان ده‌ربڕی و داوای لێكردن به‌ تایبه‌تی له‌ خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی كه‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكات بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕووفاتی بێسه‌رشوێنبوووانی ئه‌نفالكراوان و ناسینه‌وه‌ی ڕووفاته‌كان له ‌ڕێگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی DNA.

هه‌روه‌ک داوای له‌ نوێنه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكات بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی دوای بۆردومان كردنی هه‌ڵه‌بجه‌ خانه‌واده‌ ئێرانییه‌كان به‌خێویان كردوون.

وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان داواشی كرد سه‌باره‌ت به‌ منداڵه‌ ونبوووه‌كان كه‌ پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌رپه‌رشتی لیژنه‌یێکی تایبه‌ت به‌و پرسه‌ ده‌كات كۆ ببنه‌وه‌.

له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ وه‌فدی كۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای سوپاس كردنی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌دواداچوونی ونبوووانی شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێران به‌ڵێنیان دا له ‌ڕێگه‌ی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی پزیشكی كه‌وسه‌ر كه‌ به‌رپرسه‌كه‌ی ئه‌ندامه‌ له‌ لیژنه‌ سێ قۆڵییه‌كه‌ هاوكار بن بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی DNA.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقی ئاماده‌یییان ده‌ربڕی بۆ هاوكاری كردن و كارئاسانی بۆ گه‌ڕان و سۆراخ كردنی قوربانیانی ئه‌نفال.

سه‌رچاوه‌: PUK media

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16207

Your Comment

You are replying to: .
captcha