کوردپرێس:
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا دۆخی ئێستای شارە کوردنشینەکەی عەفرین لە باکووری سووریا شەن و کەو دەکات و لەبارەی داگیرکرانی ئەو شارە لەلایەن سوپای تورکیا و ئوپۆزسیۆنی سووریا و کشانەوەی هێزی کوردی یەپەگە لەو کانتۆنە کوردنشینە دەنووسێت: نزیکەی چوار مانگە عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا و میلیشیاکان سەر بەو سوپایە داگیر کراوە و حوکم و دەسەڵاتی تورکیا لە کانتۆنی عەفرین حاشاهەڵنەگرە. هەر لە فرۆشتنی ئاوی حەیاتەوە بگرە هەتا جووڵەی قورسی هێزەکانی تورکیا لە شەقامەکانی عەفرین.
چوونی سوپای تورکیا بۆ نێو کانتۆنی عەفرین لە باکووری سووریا بەرەیێکی نوێی شەڕی کردۆتەوە کە هێزی زۆری تێدا دەخیلن و دەوری هێزە بیانییەکان لەو شەڕە حەوت ساڵەیەدا بەرجەستەتر دەکات. دیاریش نییە تورکیا تا کەی بەردەوام دەبێت لە زاڵبوونی خۆی لەو ناوچەیە.
ئەحمەد جعاد مامۆستای تەمەن 27 ساڵی وانەی مێژوووە کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە عەفرین ژیاوە بە ڕۆیتەرزی وتووە: ئەو کاتەی تورکیا بۆ یارمەتیدانی ئێمە هاتە ئێرە ئێمە لێرە ماینەوە.
ناوبراو عەرەبی سوننەی سووریایە و دەڵێت پشتگیریی میلیشیا عەرەبەکانی کردووە و بڕوای وایە ژیان پاش هاتنی هێزی میلیشیای سەربە تورکیا باشتر بووە. ناوبراو ئەو قسانەی بەرانبەر لەو هەواڵنێرانە کرد کە لەگەڵ هێزەکانیتورکیا بۆ بەسەر کردنەوەی ناوچەکە سەردانی عەفرینیان کردبوو.
تورکیا هێزی یەپەگە بە تیرۆریست دەزانێت و دەڵێت سەر بە پەکەکەن کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا هێرشی بەرفراوانیان کردۆتە سەر تورکیا و بەتایبەت سەر ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا هەڕرەشەی ئەوەی کردبوو کە "پشتێنی تیرۆر" لەناو دەبات کە دەکەوێتە سنووری نێوان تورکیا و سووریا. ئەو بابەتەش پێوەندیی نێوان ئەمریکا و تورکیای ئاڵۆزاندووە کە لە ناتۆدا هاوپەیمانی یەکترن و لەلایێکی دیکەشەوە ئەمریکا پاڵپشتی هێزی کوردی یەپەگە دەکات.
محەمەد خالید تەمەن 31 ساڵ بەم ووانە وەکوو ئەندامی ئەنجومەنی خۆجێییی عەفرین هەڵبژێردراوە و بە ڕۆیتەرزی وتووە: "نەخۆشخانەکانیان کردۆتەوە و منداڵەکانیان کۆ کردۆتەوە بۆ ئەوەی بیاننێرنە قوتابخانە."
زەهیر حەیدەر شارەوانی عەفرینیش وتوویەتی ئەندامانی ئەنجومەنی خۆجێیی ڕۆژی 20ی نیسان لە نێوان کورد و تورکمان و عەرەبدا هەڵبژێردران.
قوتابخانە و نەخۆشخانەکان
بەرپرسە کوردەکان کە بەشێکی باکووری سووریا ئیدارە دەکەن تورکیا بە داگیرکەر دەزانن.
ئیلهام ئەحمەد بەرپرسێکی باڵای کوردی سووریا کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی عەفرینە پێشتر بە ڕۆیتەرزی وتبوو: عەفرین داگیر کراوە ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی داگیرکرانی عەفرینەوە ئاوارە بوون ئێستا لە ناوچەیێکی بچووک و لە نێو کەمپ و ماڵە ڕووخاوەکاندا دەژین.
ناوبراو تورکیاش بەوە تۆمەتبار دەکات کە داگیرکاران و بنەماڵەکانیانی هێناوە و لە عەفرین نیشتەجێیان دەکات. تورکیاش بەردەوام تۆمەتی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ ڕەت دەکاتەوە بە پڕۆپاگەندەی میدیاکانی دەزانێت.
تورکیا پێش دوو ساڵ بەڕێژەیێکی زیاتر چۆتە قووڵایی خاکی سووریا و دەستی کردووە بە ئەنجام دانی ئوپەراسیۆنێکی ناسراو بە قەڵغانی فورات بۆ ڕاوەدوونانی داعش و ڕێگری کردن لە پێشڕەویی یەپەگە. تورکیا هەر لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوام بووە لە پێشڕەوی کردن لەو ناوچەیە و دەستی کردووە بە کردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانە.
منداڵانی ئەو ناوچەیە ئێستا بە زمانی تورکی دەخوێنن. تابلۆ و ڕێنمایی و الفیتەکان بە زمانی تورکی هەڵواسراون. پۆلیسی تورکیا لەوی مەشقی پێدەکرێت و تورکیا لەوی ئیدارەی پۆست و گەیاندنی دامەزراندووە. دەوڵەتی سووریا تۆمەتی ئەوە دەخاتە پاڵ تورکیا کە ئایدیای کۆلۆنیالیستی پەیڕەو دەکات و ژمارەیێک چالاک و چاودێری سیاسیی سووریا پێیان وایە ئەوەی تورکیا لە سووریا دەیکات سیاسەتی "بەتورک کردن"ە.
تورکیا ئیدعای ئەوەی کردووە کە هیچ حەزی لە داگیرکردنی بەشێک لە خاکی سووریا نییە بەڵکوو ئامانجی ئەو وڵاتە تەنها ئەوەی دانیشتووانی ڕاستەقینەی ناوچەکە بگەڕێنێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
بەرپرسێکی باڵای تورکیا وتوویەتی لە حەفتەی داهاتووەوە پڕۆسەی کشانەوەی تورکیا لە عەفرین دەست پێدەکات بەڵام لەو ڕووەوە کە مەشق کردن بە پۆلیس پڕۆسەیێکی درێژخایەنە کشانەوەی ئەو هێزانە لە ماوەیێکی دووردا ئەنجام دەبێت.
بەرپرسێکی دیکەی تورکیا وتوویەتی نزیکەی 2000 هێز وەکوو هێزی پۆلیسی خۆجێیی مەشقیان پێدەکرێت.
ژنێکی هاووڵاتیی عەفرین دەڵێت: کێشەی ئێمە گەنجەکانمانە. چوونکە گەنجەکانمان ئەمنییەتیان نییە.
ئەو ڕاپۆرتانەی لەبارەی تاڵان کردنی عەفرینەوە بڵاو کراونەتەوە
کۆمەڵێک هێزی گەنج کە هێشتاکە تەمەنیان نەگەشتۆتە 20 ساڵ و جلوبەرگی سەربازییان لەبەردایە و بە نەعلەوە لە مەفرەزەکاندا دەرکەوتوون و ئوتومبێلی پۆلیس نووسراوەکانی بە زمانی تورکی و عەرەبییە و ئاڵای تورکیا بە جامەکانیانەوە هەڵواسراوە.
یۆنامی ڕایگەیاندووە کە نزیکەی 130 هەزار دانیشتووی عەفرین ئێستا لە شارەکانی دەوروبەری ئەو کانتۆنە دۆخێکی ئەسەفبار تێدەپەڕێنن ئەگەرچی ژمارەیێک لەو ئاوارانە سەرەتای مانگی ئایار گەڕانەوە عەفرین.
دەستەی مافی مرۆڤ لە مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاند میلیشیاکانی سەر بە سوپای تورکیا پاش ئەوەی عەفرینیان داگیر کرد دەستیان کرد بە تاڵان کردن و ڕفاندنی مڵک و ماڵ و سامانی هاووڵاتییانی مەدەنیی شارەکە.
بەرپرسانی تورکیا مانگی ئاداری ڕابردوو ئیدعایان کرد بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵانە دەکەن کە باسی تاڵان کردن و ڕفاندنیان کردووە و دڵنیایی بە خەڵکی عەفرین دەدەن کە ئاسایشیان دەپارێزن.
تورکیا دەڵێت پاش شەڕی عەفرین 140 هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە شارەکە و بەوتەی بەرپرسێکی تورکیا حەشیمەتی ئەو شارە دەگاتە 300 هەزار کەس.
بەرپرسێکی دیکەی تورکیا وتوویەتی حەز دەکەن پیشەی زەیتوون کە لە شەڕەکەدا خەساری لێکەوتووە دیسانەوە ببووژێتەوە.
بەرپرسانی تورکیا لە شەقامێکی ئارام لە دەرەوەی شەقامی سەرەکیی شارەکە لەگەڵ میدیاکاران دیداریان کرد. لافیتەکەی سەر درگاکە پێوەی نووسرابوو: "نووسینگەی قایمقامی هاتای تورکیا، سەنتەری هەماهەنگیی یارمەتیی مرۆڤدۆستانەی عەفرین". باڵەخانەکە ئاڵای سوپای ئازادی سووریا و لە سەرووی ئەوەشەوە ئاڵای تورکیای لێ هەڵواسرابوو.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز
لە سەر ئەرکی بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس وەرگێڕدراوەتە سەر کوردی
Your Comment