کوردپرێس:
پرۆفیسۆر فوئاد سێزگین، خەڵكی شاری بدلیسی كوردستانی تورکیا لە تەمەنی 94 ساڵی لە ئیستانبوڵ گیانی لەدەست دا.
فوئاد سێزگین، کە لە ساڵی 1924 لە شاری بدلیسی کوردستانی تورکیا لە دایک بووە و بە رەچەڵەك کوردە شارەزای مێژووی عەرەب- ئیسلام، بووە و لە شاری ئیستانبوڵ بڕوانامەی دکتۆرای لە زمانی عەرەبی و ئەدەب، بە دەست ھێناوە و لە زانکۆی (یۆهان وۆلفگانگ گوتێ) لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا، پرۆفیسۆری مێژووی سروشتی زانست بووە و بە یەکێک لە مێژوونووسە ناسراوەکانی جیهانی ئیسلامی دادەنرێت.
سێزگین، خاوەنی چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری وەك خەڵاتی نێودەوڵەتی شافەیسەڵی سعودی و ئۆردەر مێریتی ئەڵمانی.
هەروەها ئەو پڕۆفیسۆرە كوردە، ئەندامی ئەکادیمیای زانستی تورکیا و مەغریبی و ئەندامی ئەکادیمیای زمانی عەرەبی لە قاهیرە، دیمەشق و بەغدا بوو. ساڵی 1960 بە هۆی فشارەکانی حکومەتی ئەوکاتی تورکیا ناچاربووە رووبکاتە ئەڵمانیا .
فوئاد سێزگین، لە تەمەنی 94 ساڵیدا رۆژی 29/06/2018 لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئیستانبوڵ کۆچی دوایی کرد. لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك کۆماری تورکیا بەشدار بوو وتارێکیشی پێشکەش کرد و و رایگەیاند، کە کارو بەرهەمەکانی فوئاد سێزگین، دەگەڕێنێتەوە تورکیا و "مۆزەخانە و کتێبخانەکانی زۆر بەهێزتر دەکەین و ساڵی 2019 دەکەینە ساڵی فوئاد سێزگین".
Your Comment