بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەبار لەعیبی وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند: حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە گفتوگۆ کردن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی تورکیا بۆ هەناردە کردنی نەوتی ناوچەی کێشەلەسەری کەرکووک لە ڕێگای بەندەری جیحانەوە.
لەعیبی وتیشی: بڕیاری کۆتای بۆ هەناردە کردنی دووبارەی نەوتی کەرکووک لە باکووری عێراق لە ڕێگای بەندەری جیحان لە باشووری تورکیاوە بەسراوە بە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانە کە ئێستا لە نێوانیاندا بەڕێوەدەچێت.
وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک لە دۆخی ئێستادا وتی: لە ڕۆژێکدا 220 هەزار بەرمیل نەوت لەو کەێڵگانەدا بەرهەم دێت و بۆ پاڵاوگە خۆجێییەکان دەگوازرێتەوە.
شایانی باسە حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات تا لە ڕێگای گفتوگۆ کردن لە گەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جیحانی تورکیا بگوازێتەوە، چوونکە هێڵی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بەهۆی شەڕی داعشەوە خەساری بینیوە و ئێستا کەڵکی لێوەر ناگیردرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment