سەرۆککۆماری عێراق: پێویسته‌ چیتر داواكاری و مافی رەوای کەسوکاری ئەنفالکراوان بۆ رۆژگار به‌جێنه‌ھێڵدرێن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق په‌یامێكی له‌ساڵیادی كاره‌ساتی ئه‌نفال بڵاو كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، له‌كاره‌ساتی ئه‌نفالدا، گه‌ل پێویستی به‌یه‌كریزی و بونیاتنانه‌وه‌ی گیانی پێكه‌وه‌ھه‌ڵكردن و یه‌كخستنی ھه‌مو ھه‌وڵ و تواناكانه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ دوباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و زوڵم و زۆرداری و كاره‌سات و مه‌رگه‌ساتانه‌ی له‌ پڕۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفالدا وه‌ك تراژیدیای سه‌ده‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان هات.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، 14ی نیسانی 2021 د. به‌رھه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌بۆنه‌ی ساڵیادی كاره‌ساتی ئه‌نفال په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، كاره‌ساتی ئه‌نفال، یادی تاوانێكی دڕندانه‌ی له‌ بیرنه‌كراوه‌ دژ به‌ خه‌ڵكی كوردستان، تاوانێك كه‌ به‌ ئامانجی كۆمه‌ڵكوژی میلله‌تێك ده‌ستی غه‌در و كوشتنی له‌ ژن و منداڵ و پیر و جوانی كوردستان نه‌پاراست.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك‌كۆماری عێراق:

یاده‌وه‌ری كاره‌ساتی ئه‌نفال، یادی تاوانێكی دڕندانه‌ی له‌ بیرنه‌كراوه‌ دژ به‌ خه‌ڵكی كوردستان، تاوانێك كه‌ به‌ ئامانجی كۆمه‌ڵكوژی میلله‌تێك ده‌ستی غه‌در و كوشتنی له‌ ژن و منداڵ و پیر و جوانی كوردستان نه‌پاراست.

له‌م یاده‌وه‌ریه‌ تاڵه‌دا، گه‌ل پێویستی به‌یه‌ك ریزی و بونیاتنانه‌وه‌ی گیانی پێكه‌وه‌ھه‌ڵكردن و یه‌ك ئیراده‌یی و یه‌كخستنی ھه‌مو ھه‌وڵ و تواناكانه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ دوباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌و زوڵم و زۆرداری و كاره‌سات و مه‌رگه‌ساتانه‌ی له‌ پڕۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفالدا وه‌ك تراژیدیای سه‌ده‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان و ته‌واوی عێراقدا ھات.

كه‌سوكاری شه‌ھیدان و قوربانیانی ئه‌نفال، شایسته‌ی ئاوڕلێدانه‌وه‌ و به‌ده‌نگه‌وه‌ھاتنی زیاترن، برینی ئه‌وان، برینی سه‌ر دڵی نیشتمانه‌، خواسته‌كانیان بۆ ژیانێكی شایسته‌ و پێشكه‌شكردنی ماف و خزمه‌تگوزاری و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی روفاتی ئازیزانیان، خواستی راست و ره‌وانن و پێویسته‌ چیتر ئه‌و داواكاری و مافه‌ ره‌وایانه‌، بۆ رۆژگار به‌جێنه‌ھێڵدرێن و زوبه‌زو ته‌كبیرێكی یاسایی و پێكه‌وه‌یی بۆ به‌ پیره‌وه‌چون و به‌واقعكردنیان بكرێت.

به‌رھه‌م ساڵح

سه‌رۆك كۆماری عێراق

14/4/2021

News Code 1615

Your Comment

You are replying to: .
captcha