کۆبوونەوەی هاوسەرۆکانی یەکێتی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هاوسەرۆکانی یەکێتی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق کۆ بوونەوە و خواستی یەکێتییان دووپات کردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتی خۆیدا و بەڕێوەچونی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە چاودێری ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و دور لە دەستتێوەردان کە گوزارشت لە ئیرادەی ھەمو پێکھاتەکان بکات.

کوردپرێس:

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی یەکێتی، ڕۆژی سێشەممە 14ی 4ی 2021 بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازییان لە ماسیو تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و رۆب واڵەر، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم کرد، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەروی سیاسی و ئەمنی و ئابورییەوە تاوتوێکرا، بەتایبەت مەترسی پاشماوەکانی داعش لەسەر ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمەریكا و عێراق و پەسەندکردنی بودجەی عێراق.

ئاماژە بەوەش کراوە، ھاوسەرۆکانی یەکێتی کۆی روانین و پێشنیار و بڕیارەکانی یەکێتییان لەبارەی پێشھات و پرسەکان خستەڕو، بەگرنگییەوە ئاماژەیان بە پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق و چەسپاندنی پشكی هەرێم كرد، جەختیان کردەوە كە پێویستە بودجە لەپێناو گەشەپێدانی ئابوری و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و باشترکردنی بژێوی ژیان بەگەڕبخرێت و ئەم ھەنگاوەشیان بە سەرەتایەکی باش بۆ دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان ھەرێم و عێراق وەسفکرد.

ھەر لەکۆبوونەوەکەدا ھاوسەرۆکان خواستی یەکێتییان دوپاتکردەوە، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتی خۆیدا و بەڕێوەچونی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە چاودێری ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و دور لە دەستتێوەردان کە گوزارشت لە ئیرادەی ھەموو پێکھاتەکان بکات، ئەم ھەنگاوەشیان بە فاکتەری سەقامگیری سیاسی، ئاسایش، ئابوری و کۆمەڵایەتی لە قەڵەمدا.

لەبارەی جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لە ھەماھەنگی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان کرایەوە

لەراگەیەندراوەکەدا هاتوە، لەبارەی جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لە ھەماھەنگی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان کرایەوە بۆ روبەڕوبونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستان و بەرقەرارکردنی ئارامی زیاتر بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش هاوسەرۆکانی یەکێتیی ویستی حزبەکەیان بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە کوردستانییەکان دوپاتکردەوە و بە خاڵێکی گرنگیان لەقەڵەمدا بۆ گەشەکردنی زیاتری هەرێمی کوردستان لەهەمو روەکانەوە.

هاوکات جەختیان لە جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە کردەوە کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیانە بۆ بەشداریکردن و بەرێوەبردنی حکومەت کە دەبێتە مایەی زیاتر سەقامگیریی هەرێم و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

News Code 1600

Your Comment

You are replying to: .
captcha