بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا و سەرۆکی هاوپەیمانیی کۆمار لە هەڵبژادرنی 24ی حوزەیرانی تورکیا سەرکەوت. ئەو هەڵبژاردنە لە هەندێک لایەنەوە وەکوو دەستبەسەردا گرتنی میدیاکانی سەربە حیزبی دەسەڵاتدار بەسەر هەڵبژاردنەکەدا بووەتە هۆی نیگەرانیی چالاکوانانی مافی مرۆڤ و سیاسەتوانانی ئەورووپی.
ماڵپەڕی ڕیجن لەو بارەیەوە دەنووسێت: ژمارەیێک لە وەزیرەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا هەمبەر پاشهاتەکانی سەرکەوتنی ئەردۆغان هۆشدارییان داوە. وەزیری دەرەوەی لۆگزامبۆرگ هەمبەر شێوەی ناسیۆنالیستیی بەڕێوەبەرایەتی لە تورکیا نیگەرانیی دەربڕیوە و دەڵێت ئەو پرسە لە بەرژەوەندیی تورکیا نابێت.
ستف بلوک، وەزیری دەرەوەی هۆڵەند نیگەرانیی خۆی لە دۆخی مافی مرۆڤ لە تورکیا دەربڕیوە.
فێدریکا مووگیرینی، سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا باسی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا نەکردووە و ڕایگەیاندووە: لێژنەی جێبەجێکاریی یەکێتیی ئەورووپا پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا بەیانامەیێک دەردەکات.
بەڵام جنس ستولتنبرگ، بەڕێوەبەری گشتیی ناتۆ سەرکەوتنی ئەردۆغانی لە هەڵبژاردنەکاندا پیرۆزبایی کردووە و وتوویەتی تورکیا هاوپەیمانی گرینگی ناتۆیە.
وەزیری دەرەوەی سووئێد نیگەرانیی خۆی هەمبەر درێژەی توندوتیژی دژی کوردەکان لە تورکیا دەربڕیوە.
هەروەها ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەورووپا دەڵێت: پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە تورکیا ناشەفاف بووە و ڕەخنەی لێدەگرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment