کوردپرێس:
ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان به‌رێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی هه‌رێم له لێدوانێكدا رایگه‌یاند: هه‌رچه‌نده بڕیار بوو سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه وه‌فدێكی حكوومه‌تی عێراق بگاته هه‌رێم، به مه‌به‌ستی یه‌كخستنی باج و رسوومات له‌خاڵه سنورییه‌كان هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشوری عیراق، به‌ڵام به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان سه‌ردانی ئه‌و وه‌فده خراوه‌ته سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو.
روونیشی كرده‌وه،"ئامانجی سه‌ردانی ئه‌و وه‌فده یه‌كخستنی پێناسی گومرگیه له‌خاڵه سنورییه‌كانی هه‌رێم، به‌ڵام ئێمه له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كانی به‌غدا دانیشتن ئه‌نجامده‌ده‌ین و هه‌وڵده‌ده‌ین به‌رنامه‌یه‌ك دابنرێت كه له به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان و بازرگانانیشدا بێت".
ناوبراو ئاشكراشی كرد، مه‌رج نییه سه‌رجه‌م بڕیار و راسپارده‌كانی حكوومه‌تی عیراق جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌ڵكوو كار ده‌كه‌ن بۆدانانی به‌رنامه‌یێكی گونجاو كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییان و بارزگاناندا بێت.
به‌رێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی هه‌رێم دڵنیایی دایه هاووڵاتییان و وتی: رێگا ناده‌ین جێبه‌جێكردنی هه‌ر رێنماییێكی به‌غدا ببێته هۆی گرانبوونی نرخی شمه‌ك و كالاكان له‌سه‌ر هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان.
Your Comment