سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش له‌ زیندانه‌وه‌ ده‌نگی دا

به‌شی تورکیا- سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش کاندیدی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) بۆ سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا له ‌ناو زیندانی ئه‌دێرنه‌وه‌ ده‌نگی دا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی توویته‌ردا نووسیویه‌تی: "له‌ زیندانه‌وه‌ ده‌نگی خۆمان دا، هیوادارم هه‌موو که‌سێک بچێت ده‌نگ بدات بۆ چه‌سپاندنی دیموکراسی له‌ داهاتووی وڵاتدا و هیواخوازم پڕۆسه‌ى ده‌نگدان له‌ که‌شێکى ئارام و ئاشتیدا به‌ڕێوه‌ بچێت."

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردوووه‌ "بڕوام وایه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان باش ده‌بێت، ده‌ى با هه‌موومان باش بین."

شایانی باسه‌؛ سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 24ی حوزه‌یران ناوه‌نده‌کانى ده‌نگدان له‌ سه‌رتاسه‌ری تورکیا کرانه‌وه‌ به‌ ڕووی ده‌نگده‌راندا و ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک و په‌رله‌مانى تورکیا ده‌ستی پێکرد.

ئه‌مڕۆ دوو هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت و بۆ یه‌که‌م جاریشه‌ له‌ مێژووی تورکیا هه‌ر دوو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تى و په‌رله‌مان پێکه‌وه‌ و له‌ یه‌ک ڕۆژدا ئه‌نجام ده‌درێت.

له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌ماندا 8 پارتى سه‌ره‌کى به‌شدارییان کردوووه‌ له‌گه‌ڵ ٦٨ کاندیدى سه‌ربه‌خۆ و هه‌روه‌ها 4 هه‌زار و ٨٠٠ کاندیدى سه‌رجه‌م حزبه‌کان که‌ ٩٧٧ کاندیدیان ژنن کێبڕکێ له‌سه‌ر ٦٠٠ کورسى په‌رله‌مانى ده‌که‌ن.

تورکیا له‌ ٨١ پارێزگا پێکهاتوووه‌ و دابه‌ش کراوه‌ به‌ سه‌ر ٨٧ بازنه‌دا و هه‌ریه‌ک له‌ ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌ سێ بازنه‌ و ئیزمیر و بۆرسه‌ له‌ دوو بازنه‌ و پارێزگاکانى‌تر هه‌ریه‌که‌یان بازنه‌یێکیان بۆ دانراوه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى تورکیادا له‌ کۆى نزیکه‌ى ٨٢ ملیۆن هاووڵاتیى ئه‌و وڵاته‌ نزیکه‌ى ٦٠ ملیۆن که‌س مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌ که‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمار و هه‌ڵبژاردنى ٦٠٠ ئه‌ندام بۆ په‌رله‌مانى تورکیا.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15890

Your Comment

You are replying to: .
captcha