یەكگرتوو پشتگیریی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق دەكات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان هەڵوێستی حیزبەكەی لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی راگەیاند و وتی پشتگیریی ئەو بڕیارانە دەکەین.

کوردپرێس:

دادگای فیدراڵی ڕۆژی پێنج شەممە كۆ بوویەوە و لەكۆبوونەوەكە بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەی ئەو سكاڵایانە دا، كە لەلایەن سەرۆكایەتیی كۆمار و پارتی دیموكرات ‌و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماریان كردبوو.

سەڵاحەدین بەهادین ڕۆژی پێنج شەممە لەمیانی كۆنگرەیێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوان بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی رازین‌ و لەجێی خۆیەتی، كە پشتگیریی بكەین.

ئەمینداری یەكگرتوو راشیگەیاند، دادگای فیدراڵی بڕیارەكانی لەجێی خۆی بووەو دەبێت لایەنە جێبەجێكارەكانیش كار بكەن، بۆ ئەوەی گومانی لایەنەكان بڕەوێننەوە.

دادگای فیدراڵی لە دانیشتنەكەدا بڕیاری دا، بەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەموار كراوە، بەیاسایی‌ و دەستووری زانی‌ و رایگەیاند، "هیچ پێشێلێكی دەستووری لەو بارەوە نەكراوە".

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژماردەنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو بۆ پەرلەمانی عێراق، دەستوورییە، ئەوەش بۆ دڵنیایی هەموو لایەنەكان، كە بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كردووە.

هەر بەپێی بڕیاری دادگا، بەراوردكردنی دەنگەكانی ناو سندوقەكانی دەنگدان، بەو ئەنجامانەی لەلایەن ئامێرەكانی ژماردنی دەنگەكان دەرچووە، یاساییە و ئەوەش رێگەیێكی تر دەبێت، بۆ نەهێشتنی گومانەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.

هەروەها دادگای فیدراڵی، رەتكردنەوەی رەهای دەنگەكانی دەرەوەی وڵات ‌و ئاوارەكان ‌و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانی بەپێویست نەزانی، تا ئەوەی لەو بارەوە لێكۆڵینەوە بكرێت، بۆ ئەوەی دەربكەوێت، ساختەكاری كراوە، یان نا.

پەرلەمانی عێراق، ماوەی رابردوو، هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقی كرد، كە ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوە و كاردانەوەكانیش بەردەوامی هەیە، كە لەو بارەوە چەند لایەنێك سكاڵای یاساییان تۆماركرد.

News Code 15836

Your Comment

You are replying to: .
captcha