دوا گۆڕنکارییەکان و پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- به‌هرۆز جه‌عفه‌ر، سه‌رۆكی ئینستتیوتی مێدیتریانه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ی هه‌رێمایه‌تی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا دوا گۆڕانکارییەکانی عێراق، بەتایبەت پێکهێنانی حکوومەتی نوێ تاوتوێ دەکات و باس لە هەڵویستی لایەنە جیاوازەکان لەمبارەوە دەکات.

کوردپرێس: پاش شکستهێنانی محەمەد تەوفێق عەلاوی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری ئەوڵاتە عەدنان زورفی-ی بۆ ئەو کارە ڕاسپارد. ئەم بابەتەش کێشمەکێشی زیاتری لە ئاقاری سیاسیی وڵاتدا لێکەوتەوە و لایەنە شیعەکان دژایەتییان کرد و بەدوای کاندیدێکی هاوبەشی دیکەدا بوون؛ لەم نێوانەشدا جارێکی دیکە مستەفا کازمی پێشنیار کرا و لەلایەن بەرپرس و لایەنە جیاوازەکانەوە پشتیوانیی لێکرا. لەسەر ئەم پرسە و ڕەهندەکانی بابەتەکە دیمانەیێک لەگەڵ بەهرۆز جەعفەر ئەنجام دراوە کە لەدرێژەدا دەیخوێننەوە.

کوردپرێس: دابەشبوونی ماڵی شیعە لە ئێستادا و بە تایبەت لە دەسنیشان کردنی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران چۆن دەبینن و ئەم دابەشبوونە ئەنجامی چیە؟

به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: لەم ڕۆژانەدا لێکۆڵینەوەیێکی ئێمە سەبارەت بە لایەنە تیۆرییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بڵاو بۆتەوە، لەوێدا بە کورتیێک باس لە شیعەی عێراقیش کراوە، لە ڕاستیدا من بە کورتی ئەمەوێ بڵێم لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە شیعەیێکی تری دروستکراو لە عێراقدا بە هێواشی دروست بووە لەلایەن خۆرئاواوە کە نوخبەیێکی گەندەڵ و سەربە دامودەزگە ئەمریکی و نیۆلیبرالەکانی ئەورووپان. ئەمانە جیاوازییان هەیە لەگەڵ ئەو شیعەیەی کە خزمەت بە ڕێبازی ئیمامی عەلی و بە عێراقیەکان ئەکات. بە پوختی ئەمەوێ بڵێم دۆستەکانی ئێران لە عێراق ستراتیجین و خۆبەخت کەرن، بەڵام دۆستەکانی ئەو ئەمریکایەی کە سەروو یانزە هەزار کیلۆمەتریان بڕیوە گەیشتونەتە عێراق زۆر هەلپەرست و پولپەرستن. ئەمەش هۆکاری دابەشبوونی ماڵی شیعەیە بە دوو ئاڕاستە دا.

کوردپرێس: بەرهەم ساڵح پاش شکستی لایەنی شیعی؛ خۆی عەدنان زورفی-ی بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕاسپارد و ئەمەش ڕەخنەی زۆربەی لایەنی شیعی بەدواوە بوو, ئایا سەرۆک کۆمار ڕێگایێکی دیکەی لە بەردەمدا بوو؟ هۆکاری دژایەتییەکان بۆ کاندیدکردنی زورفی دەگەڕێتەوە یان ئەوەی دوکتۆر بەرهەم یاسای پێشێل کردووە؟

بەهرۆز جەعفەر: بەرهەم ساڵح لەوەتای بوەتە سەرۆک کۆمار چەندین جار یاسای پێشێل کردووە. بۆ نمونە بە پێی مادەی 76 لە دەستووری عێراقی لەحاڵەتی وەهادا پێویستە سەرۆک کۆمار داوا لە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بکات و هەر لە ڕێگەی گەورەترین کوتلەوە ئەو ناوە ڕاسپێرێت بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و پێکهێنانی حکوومەت. بەڵام چوونکە خودی بەرهەم ساڵەح خۆی نوێنەری هیچ کوتلەیێک نەبووە، نە نوێنەری کوردە کە لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کوردستان خۆی کاندید کردووە نە نوێنەری شیعە و سووننەیە بەڵکوو بە ڕەزامەندی ئەمریکا و بەریتانیا لەو شوێنە دانراوە. بۆیە ئەگەر تێبینی بکەین کاندیدەکانی سەرۆکوەزیرانیش ئەیانەوێ لاسایی بەرهەم ساڵەح بکەنەوە بەو شێوەیە پلەو پایە وەرگرن.

لە پەیوەند بە عەدنان زوورفی دا، ناوبراو بە بەراورد بە دکتۆر عادل عەبدولمەهدی هیچ پێشینەیێکی سیاسیی نییە. ئێستا لایەنە شیعیەکان بە «سیخوڕ» ی ئەمریکا ناوی زوورفی دێنن و بەرەیەکیان بەناوی « مقاوەمە» لە دژی زوورفی دروست کردووە.

هەر لە پەیوەند بە کاندیدکردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق، بەشێکی تر پێیانوایە مستەفا کازمی کە پێشووتر سەرنووسەری گۆڤارێکی بەرهەم ساڵح بووە لە دەزگای خەندان و دواتر کراوەتە بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی عێراق ببێتە کاندیدی لایەنەکان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران. بێگومان ئەویش فۆڕمێکی تری زوورفی یە. بەڵام بە بڕوای من گرفتەکە ناوەکان نین. بەڵکوو بنچینەی گرفتەکان نەبوونی متمانەیە لە عێراق. دوا هەڵبژاردن لەساڵی ٢٠١٨دا کراوە بەپێی هەموو زانیارییەکان ١٥٪ بۆ ٢٣٪ی عێراقیەکان چوونەتە سەرسندووقی دەنگدان. واتە لە باشترین حاڵەتدا هەموو ئەم هێزە سیاسییانەی عێراق نوێنەری تەنها ٢٠٪ی خەڵکی عێراقن!. ئەوە دوو ساڵیشە بە هەموویان ناتوانن حکومەتێک پێکبهێنن. چارەسەری کۆتایی بە قازانجی ماڵی شیعە و ماڵی عێراقیەکان بەگشتی بێت ئەوەیە ئەم سێ سەرۆکایەتیە بە پەلە هەڵبوەشێتەوە تا ئەمجارەیان بابەتەکە لە گرێژنە دەرنەچێت.

کوردپرێس: لایەنی شیعی دژبەری زورفی بە دوای کاندیدی دیکەن و ئەمەش لە کاتێکدایە لە ئێستادا زورفی لەلایەن سەرۆک کۆمار ڕاسپێردراوە و خەریکی پێکهێنانی حکوومەتە ئەگەر لایەنەکانی بەرانبەر گەیشتنە ڕێککەوتن بارودۆخ بە چ ئاڕاستەیێک دەڕوات ئایا دەتوانن کاندیدی خۆیان بسەپێنە سەر سەرۆک کۆمار؟

بەهرۆز جەعفەر: لەواقیعدا عێراق کەوتۆتە بەردەم ڕێگەیێکی داخراو. دۆخی سیاسی ئەم بگرە و بەردەیە قبووڵ ناکات کە نوخبەیێکی بەکرێگیراوی خۆرئاوا لە عێراق یاری بە چارەنووس و قووتی عێراقیەکان ئەکەن. ئەمریکاش ئەم نا ئارامیەی ئەوێ، دۆخێکی ئەوێ نە شەڕ و لێکترازان نه ئاشتیێکی بەردەوام. بابەتی عێراق گەورەترە لە بەرهەم ساڵح و زوورفی. بەرهەم ساڵح لە دوو مانگدا دوو حیزبی فرۆشت، سەرۆکی حیزبێکی بچووک بوو لە شارێکدا لەناکاو لە پێناو پۆستێکدا وازی لە حیزبەکەی هێنا و هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی خۆی بەجێهێشت. بۆیە عێراق شتێک نیە بەلای بەرهەم ساڵەحەوە. من پێموایە لە کۆتاییدا ئیدارەی ئەمریکا عێراق بەجێ ناهێڵێ، یان دابەشی ئەکات کە ئەوەتا سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەناوچە کوردییەکان و سوونیەکان جێگێر ئەکات. یان ئەوەیە ئەمریکا کودەتاێک لە عێراق ڕێک ئەخات، یان ڕێگە خۆش ئەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی داعش و توندڕەوی کە ئەوەتا بە نزیکەی ٣٠٠٠ هەزار داعش و کەسوکاریان لە حەسەکەی سووریا ئازاد کراون، هەموو ئەمانەش بۆ دروستکردنەوەی عێراقە بە شێوەیێکی ئەمریکی.

کوردپرێس: ڕۆڵی لایەنی سوننە لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ چۆن دەبینن چ کاریگەری و سەنگێکیان دەبێت؟

بەهرۆز جەعفەر: بە شێوەیێکی گشتی سووننەکانیش دابەش بوونە. سوننەیێکی ئێرانی و سووننەیێکی سعوودی - ئەمریکی هەیە، بەئاشکرا دیارە. واتە پرۆژەیێکی یەکانگیریی سوننە بۆ بەرێوەبەرایەتی خۆیان یان بۆ عێراق لە ئارادانیە.

کوردپرێس: ئایا لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێدا کورد هاودەنگن؟

بەهرۆز جەعفەر: نەخێر، بەڵام کوتلەی سەرەکی کوردیی ئیمڕۆکە پارتی دیموکراتی کوردستان-ە، بە بێ پارتی و بارزانی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق زیان لە پرۆسەکە ئەدات چوونکە هەم حکوومەتەکە گوزارشت لە کورد ناکات هەم ڕێژەی دەنگی پێویستی نابێت.

هەندێک لایان وایە نیەتی ڕاستەقینەی بەرهەم ساڵح لە کاندیدکردنی ئەم ناوانە ئەوەیە دەنگی پێویست بەدەست نەهێنن بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا خۆی دەستەڵاتەکانی سەرۆکوەزیران وەربگرێت. بەڵام شیعەی عێراق ئەمە قبووڵ ناکەن.

کوردپرێس: لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی محمەد تەوفێق عەلاویدا گرووپێک لە نوێنەرە کوردەکان لە دەرەوەی پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی پێکهێنرا و هەندێک گفتوگۆیان لەگەڵ ڕاسپێردراوی پێکهێنانی حکوومەت ئەنجام دا لە ئێستادا ڕۆڵی ئەم گرووپە کە بە گرووپی 15 ناو دەبرێن لە ناو کورد چۆن دەبینن؟

بەهرۆز جەعفەر: کۆمەڵێک هاوڕێی بەڕێزن. هەریەکەیان لە گرووپێک و لایەنێکەوە چەند خاڵێک کۆی کردوونەتەوە. بەڵام زیاتر دیاردەیێکی میدیایین.

کوردپرێس: داواکاریی کورد خۆی له داواکاریی حیزبی دەبینێتەوە یان نەتەوەیی ـ بە سەرنجدان بە گفتوگۆکان لە گەڵ تۆفیق عەلاوی؟

بەهرۆز جەعفەر: داواکاریی کورد داواکاریی حیزبین ئینجا نەتەوەیی، حیزبەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر یەکگرتوو نین پرۆژەیێکی ئابووریی و سیاسی و دیبلۆماسی بەهێزیان هەبێت. بەڵام دواجار کورد کوردە و خاوەنی دۆزێکن لە عێراق.

کوردپرێس: داهاتووی پرسی بودجه و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێم و بەغدا لە پێکهێنانی حکوومەت چۆن دەبینن؟

بەهرۆز جەعفەر: بودجەی 2019ی عێراق كە 132 ترلیۆن دینار بوو 27 ترلیۆن دینار كورتهێنانی هەبوو، بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020، نزیكەی 163 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و 48 ترلیۆن دیناری كورتهێنانی هەیە. ئەم هەموو کورتهێنانە چۆن پڕ ئەکرێتەوە؟. سەرەڕای ئەوەی عێراق قەرزارە بە بڕی ١٢٢ ملیار دۆلار بەپێی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی. ڕێژەی بێکاریی نزیک بە ٤٢٪ بۆتەوە. کێ عێراقی وا لێکرد جگە لەو نوخبەیەی ئێستا حوکمی عێراق ئەکەن. خودی بەرهەم ساڵح کە ئێستا سەرۆک کۆمارە پێشوتر هەشت ساڵ سەرۆکی لیژنەی دارایی و مەلەفی دارایی بووە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.

لە ئێستادا نرخی نەوت بەشێوەیێک دابەزیوە کە لە دوای جەنگی دووەمی کەنداو وە لە ١٩٩١ەوە نرخەکە وا دانەبەزیوە. بەپێی بە دواداچوونەکانی ئێمە بۆ ئەوەی عێراق بتوانێ ئیدارەی خۆی بدات و قەرزەکانی بداتەوە ئەبێ نرخی یەک بەرمیل نەوت ١٩١ دۆلار بێت!

News Code 158296

Your Comment

You are replying to: .
captcha