ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌سەر پرسی کۆرۆنا کۆ ده‌بێته‌وه‌

بەشی جیهان- بۆ یه‌که‌مجار ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو تاوتوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ده‌کات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌رچاوه‌ دیپلۆماتییه‌کان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی که‌ ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێ ده‌گیرێت به‌رامبه‌ر ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ هیچ هه‌نگاوێکی نه‌ناوه‌، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 9ی ئەیپرێڵی 2020 له‌ رێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسه‌وه‌ تاوتوێی ئه‌م په‌تا جیهانگیره‌ ده‌کات.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس به‌ ئاماژدان به‌وه‌ی که‌ ئه‌و په‌تایه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر ئاشتی و ئاسایشی جیهان و هۆشداری داوه‌ له‌وه‌ی له‌ دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه‌ سه‌ختترین کێشه‌یه‌ جیهان رووبه‌ڕووی بووبێته‌وه‌، که‌چی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی که‌ ئه‌رکه‌که‌ی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانه‌، دوای تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یێکی زۆر هیچ هه‌نگاوێکی نه‌نا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کۆرۆنا.

وێڕای داواکاری بۆ هه‌ماهه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌که ‌ده‌رکه‌وتووه‌ له‌باره‌ی په‌تاکه‌وه‌ ناکۆکی هه‌یه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ک چۆن له‌ زۆر بابه‌تی دیکه‌یشدا بۆچوونی جیاواز له‌نێویاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌.

له‌ کاتێکدا ئه‌و ١٠ ئه‌ندامه‌ کاتییه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بانگهێشت کراون بۆ کۆبوونه‌وه‌، سه‌رچاوه‌ دیپلۆماتییه‌کان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن چین که‌ به‌هۆی تۆمه‌تبارکردنییه‌وه‌ نیگه‌رانه،‌ خه‌مسارده‌ به‌رامبه‌ر کۆبوونه‌وه‌که‌.

دیپلۆماتکاران تیشک ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هۆکارێکی ناکۆکی نێوان ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ که‌ خاوه‌ن مافی ڤیتۆن بۆ پێداگیری ئه‌مریکا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌ڵێت "ڤایرۆسی چینی" و به‌م هۆیه‌وه‌ سه‌ره‌تا چین و رووسیا له‌گه‌ڵ کۆبوونه‌وه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی نه‌بوون له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌.

سەرچاوە: ئانادۆلۆ

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 158277

Your Comment

You are replying to: .
captcha