کوردپرێس:
مانگی گەلاوێژی 1398 نەسروڵا ڕەشنوودی وەکوو کونسووڵی نوێی ئێران لە هەولێر دەستی بە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی کرد. دەستپێکی ئەرکەکەی ڕەشنوودی هاوکات بوو لەگەڵ کۆمەڵێک گۆڕانکاری و پێشهاتی نوێ لە عێراق و هەرێمی کوردستان. گرینگترین پێشهاتە نوێکانیش پێکهاتنی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێکی کۆلایەن لە سەر خاڵە ناکۆکەکانی نێوانیان بوو. دیپڵۆماتکارە نوێکەی ئێران لە هەولێر بەردەوام بوو لە سیاسەتی پێشووی ئێران لە سەر بنەمای قووڵکردنەوەی پێوەندیی ئێران لەگەڵ لایەنی کوردی لە عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەسایەتییە سیاسی و حیزبی و ئابوورییەکان ئەنجام دا. جگە لەوەش دانیشتنی لەگەڵ لایەنی کوردی عێراق و بەرپرسانی پێوەندیدار کرد و لەبارەی مەسەلەی گەشتیاریی تەندروستی و دەروازە سنوورییەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کارکردن لەسەر هەڵگرتنی ئاستەنگ و لەمپەرەکان باس و ڕاگۆڕینەوەی کرد.
عێراق لە بەر زۆر هۆکاری سیاسی و ئەمنی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتی، وەکوو قووڵاییی ستراتیژیکیی ئێران ئەژمار دەکرێت. هەرێمی کوردستانیش وەکوو بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتە خاوەنی پێگەیێکی تایبەتە لە سیاسەتی دەرەوەی تاران. هەلومەرجی ئێستای سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان، دۆخی سیاسیی هەستیاری هەرێمی کوردستان و سەقامگیریییە لەرزۆکەکەی ئەو ناوچەیە، دەلالەتە لە سەر زەروورەتی قووڵکردنەوەی پێوەندییە دووقۆڵییەکان ئەوەش لە هەموو بوارێکی جیاوازەوە. ئەرکی ئەم کارە گرینگەش بە کونسووڵەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان سپێردراوە. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بە مەبەستی شی کردنەوەی ئەم بابەتانە دیمانەیێکی تێروتەسەلی لەگەڵ نەسروڵا ڕەشنوودی سەرکونسووڵی ئێران لە هەولێر کردووە.
دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ کونسووڵی ئێران لە هەولێر لێرەوە بخوێنەوە:
کوردپرێس: کۆماری ئیسلامیی ئێران چۆن دەڕوانێتە پێوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان؟ هەرێم چ پێگەیێکی لە سیاسەتی دەرەوەی تاراندا هەیە؟
نەسروڵا ڕەشنوودی: سەرەتا بەناوی خۆمەوە بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و هەروەها مێعراجی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)ەوە پیرۆزبایی لە هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسان و بەڕێوەبەران و حیزب و لایەنەکان و عەشیرە و بازەرگان و هەموو پێکهاتە و چین و تووێژە جیاجیاکان و هەموو ستافی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسیش دەکەم.
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا پێویستە پێتان بڵێم هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا بەردەوام لە هەموو بوارەکاندا خاوەن پێگەیێکی بەهێز بووە لای ئێران. سنووری هاوبەشی فراوان و دەروازە لاوەکی و فەرمییەکان و پێشینەی مێژوویی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نێوان هەردوو لا وای کردووە هەرێم هەڵگری پێگەیێکی ئێجگار گرینگ بێت لە سیاسەتی دەرەوەی تاران.
کوردپرێس: بەڕێزتان وەک کونسووڵی نوێی ئێران لە هەولێر، پاش دەستبەکاربوونتان چەندین دیدار و گفتوگۆتان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کرد. ئەولەویاتی هەردوو لا لەم قۆناغەی ئێستا بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکانیان چیە؟
نەسروڵا ڕەشنوودی: دەستپێکردنی ئەرکەکەی من هاوکات بوو لەگەڵ پێکهاتنی حکوومەتی نوێی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و هاتنە سەر کاری مودیر و بەڕێوەبەری نوێ لە هەرێم. دیدارەکان زیاتر بۆ خۆناساندنی من بوو و گفتوگۆش لەسەر هەندێک تەوەری هەمیشەیی کرا. گرینگترین تەوەرەکانیش مەسەلەی هاووڵاتییانی ئێرانیی دانیشتووی هەرێم و کۆمپانیا تەکنیکی و ئەندازیارییەکان و بازرگانی و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕەکانی سەر سنوور و ئاسانکاری کردن لە سەر پێوەندییە دووقۆڵییەکان و کەم کردنەوەی ئاستەنگەکان بوو کە ئەمانەش ئەنجامی ئیجابیی باشیان بووە.
کوردپرێس: پێوەندیی حیزب و قەبارە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان -بە لایەنی دەسەڵاتیش و لایەنی موعارەزەشەوە مەبەستمە- لەگەڵ ئێران چۆنە و لە سەر چ بنەمایێک دامەزراوە؟
نەسروڵا ڕەشنوودی: وەک ئاماژەم پێدا پێوەندییە قووڵ و ئیجابییەکەی ڕابردووی ئێران لەگەڵ حیزب و لایەنەکانی کوردستان لە کاتی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی سەدام و پشتگیری کردنی تاران لەم لایەنانە لە ڕووداوی خۆش و ناخۆشی وەک ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و ڕاپەڕین و شەڕی داعش لە بیرەوەریی هاووڵاتییانی هەرێمدا دەمێنێتەوە. بە حوکمی ئەوەی حیزبە کوردستانییەکان لە هەموو ئەمانەیا بەشدار بوون و خاوەنی قورسایی بوون پێوەندییان لەگەڵ ئێران بووە و ئێرانیش بەردەوام هەوڵی داوە پێوەندیی باشی لەگەڵ هەموو ئەم حیزبانە ببێت. جا چ لایەنی دەسەڵات و چ لایەنی موعارەزەش.
کوردپرێس: پێوەندیی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ئێستا لە چ ئاستێکدایە؟ ئێران لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان خاوەنی چ پێگەیێکە؟
نەسروڵا ڕەشنوودی: سنووری درێژی هاوبەش و سێ دەروازەی فەرمیی حاجی ئومەران و باشماخ و پەروێزخان و هەروەها مەرزە لاوەکییەکان وەک کێلێ و سەیرانبەند و شۆشمێ و شێخ سڵە زەمینەیێکی هەرە باش و لەباری ئامادە کردووە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان دوو لایەن. سەرباری هەموو لەمپەر و ئاستەنگەکان وەک سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا و کێشە دارایییەکان، پێوەندیی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە و بەپێی داتا نافەرمییەکان لە 9 مانگی یەکەمی ساڵی 1398دا بە قەدەر هەموو ساڵی 1397 ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانماندا ئەنجام دراوە.
پێوەندیی ئابووریی کۆمپانیا تەکنیکی و ئەندازیارییەکان پێش چەند ساڵ بە هۆی شەڕی داعشەوە کز بووبوو و کۆمپانیاکان یان داخرابوون یان کارەکانیان نیوەچڵ هەڵپەسێردرابوو ئێستا بە پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکان کارا کراونەتەوە و پەرەیان بە کارەکانیان داوە.
ئەوەی جێی سەرنجە بریتییە لە دەفرایەتیی زۆری چالاکیی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە کۆمپانیا تەکنیکی و ئەندازیارییەکان و هەروەها بازرگانان دەتوانن بە بەرنامەی باشەوە ببنە خاوەنی قورساییێکی بەرچاو و دەوری کارا بگێڕن لە کردنەوە و پەرەپێدانی پێوەندییەکان لەگەڵ هەرێم. گواستنەوەی خێرا و دەستپێڕاگەیشتنی ئاسان و نرخی گونجاو و کوالێتی و خزمەتگوزاریی باش و هەروەها خواستی هاووڵاتییانی هەرێم لە سەر کاڵای ئێرانی بۆتە هۆی بازرگانییێکی پایای نێوان ئێران و هەرێم.
کوردپرێس: ئاستەنگی دەوڵەمەندکردنی پێوەندیی ئابووریی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان چیە؟ لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا چی کراوە بۆ هەڵگرتنی ئەو لەمپەر و ئاستەنگانە؟
نەسروڵا ڕەشنوودی: یەک لە گرینگترین لەمپەرەکان سزا ئابوورییەکانی ئەمریکایە دژی ئێران. سزاکانی ئەمریکا ئاستەنگی زۆری بۆ جموجووڵی بازرگانی و گواستنەوەی پارە و دراو دروست کردووە. ئێمەش بە هەوڵی بانکی ناوەندیی ئێران و دروست کردنی سندووقی پشتگیریی سەرمایەدانان لە هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک دەرەچەی بەدیل هەوڵمان داوە کارتێکەریی سزاکانی ئەمریکا کەم بکەینەوە. ئێستاش دەبینین کە بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی پێشوومان پێوەندییەکان بووژاونەتەوە و دەوڵەمەندتر بوون؛ بەڵام ژمارەیێکی کەم لە ئاستەنگەکان هەر ماون و هەردوولا ئیرادەی ئەوەیان تێدا دەبینرێت کە هەوڵی هەڵگرتنی ئاستەنگەکان و کێشەی بەردەم بازرگانانی هەردوو لا بدەن.
کوردپرێس: لەم ساڵانەی ئەخیردا کۆمەڵێک کەمایسی لە ژێرخانی ئیداری و بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان دەبینرا کە دەبوو بە کێشە بۆ دەوڵەمەندکردن و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەردوو لایەنی کورد و ئێرانی لە دیدارەکانیاندا جەختیان دەکردەوە کە دەبێت ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن. هەرێمی کوردستان دەڵێت زۆربەی ئەم کێشانە دەبێت لە لای لایەنی ئێرانییەوە چارە بکرێن و ئەوان کاری خۆیان تەواو کردووە. لە بەر ڕۆشناییی ئەم لێدوانەی هەرێم، تا ئەم کاتە ئێران بە کرداری چیی کردووە یان خود چ بڕیارێکی داوە بۆ هەڵگرتنی لەمپەرکانی کەرتی بەڕێوەبردن لە دەروازە سنوورییەکان؟
نەسروڵا ڕەشنوودی: هەموو شتەکان لە بەشی بەڕێوەبردن و ژێرخانی ئیداریی دەروازە سنوورییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دوو لایەنە لە ئاستێکی باشدایە و هەردوولا لێی ڕازین. ئەوەی ئێرانیش و هەرێمی کوردستانیش چاوەڕوانی دەکات پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەکانە و ئەمەش لە دیدار و گفتوگۆی دوو قوڵی لە سێ ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی گومرگەکان و قایمقایمەکان و پارێزگارەکانی هەردوو لا کاری لە سەر کراوە و ئەنجامە ئیجابییەکانی ئەو دیدارانەش بە چاو دەبینرێت.
لە چوار مەرزی لاوەکییشدا هەمان کار کراوە. ساڵی 1398 دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند هەر چوار مەرزی سەیرانبەند و کێلێ و شۆشمێ و شێخ سڵە بە مەرزی فەرمی دەناسێت و ئەو بڕیارەش لە ڕێگای باڵوێزخانەی ئێرانەوە بە دەوڵەتی فیدراڵ ڕاگەیێندرا. مانگی ڕێبەندانی 1398 دەوڵەتی بەغدا ڕەزامەندیی پیشان دا کە دەروازەی سەیرانبەند بکرێتە سنووری فەرمی. بەڵام لەبەر ئەوەی لایەنی عێراقی ژێرخانی پێویستی لەو سنوورەدا ئامادە نەکردبوو و پاشان ڤایرۆسی کۆرۆناش بڵاو بوویەوە لە ساڵی 98دا بە فەرمی نەکرایەوە و ئێستا ئومێد دەکەین بەرپرسانی هەرێم و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بودجەی پێویست بۆ کرانەوەی ئەو سنوورە فەرمییە تەرخان بکەن.
لەبارەی ئەو کێشانەوە کە باست کرد دەبێت بڵێم ئاسایییە چوونکە لە دیوی ئێرانەوە بە ڕێژەیێکی ئێجگار زۆر کاڵا هەناردە دەکرێت و ڕێژەی هاوردەکردنی کاڵا لە هەرێمەوە زۆر کەمە هەر بۆیەش زەختی زیاتر لە سەر گومرگەکانی ئێرانە. جیاوازییەکانی نێوان ئێران و هەرێمیش لە کۆمەڵێک بابەتی وەک یاسا گومرگییەکان و مەسەلەی ستاندەر وای کردووە هەندێک جار لێکنەگەیشتن لە نێوان بازرگانان و بەشی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕ و بەرپرسانی گومرگ ڕوو بدات. لێرەشدا دیسان هەوڵمان داوە تا ئەو ڕادەیەی دەکرێت یاساکانمان لێک نزیک بکەینەوە و هەر دوو لا لەگەڵ یاسا گومرگییەکانی یەکتر ئاشنا ببین بۆیە ساڵی 1398 چەندین خولی فێرکاریی بەسوود بۆ فەرمانبەرانی گومرگی هەرێمی کوردستان لە ئێران بەڕێوە چوو و ئومێد دەکەین ئەمساڵیش هەمان خولی فێرکاریی پێشوو بەردەوام بێت و لە بوارەکانی دیکەشدا کاری هاوبەش بکەین و لە ئەنجامدا چالاکیی گومرگەکانمان زیاتر لە پێشووتریش پەرەی پێ بدرێت.
کوردپرێس: گەشتیاریی تەندروستی یەک لە تەوەرە هەرە گرینگەکانی بواری گەشتیارییە. ئەم مەسەلەیە تا چ ڕادەیێک کاری لە سەر کراوە ؟
نەسروڵا ڕەشنوودی: بەڵێ گەشتیاریی تەندروستی یەک لە کەرتە هەرە گرینگەکانی گەشتیارییە. کۆمەڵێک شت هەن کە بوونەتە هۆکاری دەوڵەمەندکردنی ئەم بەشە: خزمەتگوزاریی پزیشکی لە ئێران لە ئاستێکی بەرزدایە و پزیشک و ستافی پزیشکیی بەتوانای تێدایە. جگە لەوەش هاووڵاتییانی هەرێم بە ئاسانی دەستیان بە ئێران دەگات. مەسرەفی هاتن و دەرمانیان لە ئێران کەمە و جگە لە هەموو ئەمانەش هاوبەشیی فەرهەنگی و ئاینی و کۆمەڵایەتیی زۆر لە نێوان هاووڵاتییانی ئێران و هەرێمی کوردستاندا هەیە.
ئاشنابوون لەگەڵ ئەم کەرتە یەک لە زەروورەتە حاشاهەڵنەگرەکانە کە دەبێت بە هەموو شێوەیێک کاری لە سەر بکرێت. بەختەوەرانە پێشانگایێکی گەشتیاریی تەندروستی لە مانگی سەرماوەزی 1398 لە هەولێر بەڕێوە چوو و ژمارەیێک لە کۆمپانیاکانی بواری گەشتیاریی تەندروستی و خزمەتگوزاریی پزیشکی لە کەرتی حکوومی و ئەهلی بەشداریی پێشانگاکەیان کرد و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ پێشانگاکە بەردەوام بوو.
ڤیزەی بێ بەرانبەر و هەڵگرتنی ڤیزە بۆ چەند مانگ کە لە مانگی سەرماوەزی 98ەوە دەستی پێکرد بە هەمان مەبەست بوو. جگە لەوەش سەرنج گواستنەوە بۆ سەر نەخۆشخانەکان و بە سیستەماتیکی کردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ گەشتیاران ئەنجام درا.
کوردپرێس: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک بڕیار و ڕێکار لە دەروازە سنوورییەکان بخرێنە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئایا ئەم بابەتە هیچ کارتێکەر بووە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان دوو لایەن؟ چ بڕیارێک دراوە و چ کارێک کراوە کە هەر دوو لا دڵنیا بن لەوە ئەو ڤایرۆسە زیاتر پەرە نەسێنێت؟
نەسروڵا ڕەشنوودی: پاش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی 98وە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش چالاکییەکانی سنووردار کرد و یەک لە بڕیارەکان ئەوە بوو کە ڕێگەی بە هیچ هاووڵاتییێکی ئێرانی نەدا داخڵی هەرێم ببێت جگە لە دیپڵۆماتکاران. بڕیارێکی دیکەش ئەوە بوو کە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە مەرزە لاوەکییەکان وەستاند و لە سنوورە فەرمییەکانی باشماخ و حاجی ئومەران و پەروێزخان ڕێوشوێنی کۆنتڕۆڵی پزیشکی و تەندروستیی گرتە بەر. ئەمانەش ئاسایییە کە کارتێکەر دەبێت لە سەر پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی. بەڵام بەو کارانەی کراون و بەو بڕیارانەی بەرپرسان داویانە کارەکان کەوتە سەر هێڵی خۆی و ئێستا هەموو شت ئاسایی بۆتەوە.
کوردپرێس: ئەمن و ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان بەردەوام یەک لە ئەولەویاتی کاری هەردوو لا بووە. ئێستا دۆخی ئەمنیی سنوورەکان چۆن دەبینن نەخوازەڵا بە هەبوونی چەکدارانی نەیاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان؟ جموجووڵی ئەم گرووپانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
نەسروڵا ڕەشنوودی: بە مەبەستی دابین کردنی ئەمن و ئاسایشی سنوورەکان هێزی حەرەسی حدوود سەر بە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە سەر سنوورەکان جێگیر کراون و پێوەندیی باشیان لەگەڵ هێزی سەر سنووری ئێران هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی سنوورەکان درێژن و گرووپی تیرۆریستیی نەیاری ئێرانیش لە کاتی دیکتاتۆرییەتی سەدامەوە لە باکووری عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیر بوون، ناوبەناو لە سنوورەکان مەشاکیلیان دروست کردووە. ئەم کارانەش وای کرد دەزگای ئەمنی و ئاسایش و پێشمەرگە بۆ دابین کردنی دۆخی ئەمنی سنوورەکان بێنە سەر هێڵ و هاوکاریی باشیان لەگەڵ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران کردووە.
بەختەوەرانە لە بواری هەماهەنگی و گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری و هاوکاریی ئەمنی، لیژنەی هاوبەشی ئەمنی بەردەوامە لەکارەکانی خۆی و مانگی سەرماوەزی 1398 ئەم لیژنەیە بە بەشداریی ئەندامانی خۆی کۆبوونەوەیێکی ئەنجام دا و بڕیارە پێویستەکانی گرتە بەر. ئەمن و ئاسایشی سنوورەکان لای هەردوو لایەنی ئێرانی و عێراقی بە هەند وەردگیرێت.
لە لایێکی دیکەشەوە هەر کات نەیارانی کۆماری ئیسلامی توانیببێتیان گێچەڵ و ئازاردانێک لە سنوورەکان دروست بکەن ئێمە ڕژد بووین لە بەرپەرچدانەوەیان و پەشیمان بوونەتەوە لە کردەی خۆیان.
کوردپرێس: چەندین دۆسیەی هەڵپەسێردراو لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە وەک دۆسیەی نەوت و مەسەلەی ناوچە کێشەلەسەرەکان و کۆنتڕۆڵی سنوورەکان و داهاتی نەوتی و نانەوتی. بە گشتی خوێندنەوەتان بۆ پێوەندیی هەولێر و بەغدا چیە؟
نەسروڵا ڕەشنوودی: پێوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەند لە کابینە جیاجیاکانی حکوومەتدا خوار و ژووری زۆری بە خۆوە بینیوە. کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی کورتی سەرۆکوەزیریی عادل عەبدولمەهدیدا کاری باشی کرد بۆ چارەکردنی کێشەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند و هەردوو لا ئیرادەیان نواند بۆ لابردنی گرفتەکانیان. بەڕێوە چوونی سەرژمێریی عێراق کە بڕیارە ئەمساڵ و بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت و هەروەها ڕێککەوتن لە سەر بوودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و هەموو ئەمانە ئەو شتانە بوون کە هەردوولا لە سەری ڕێک کەوتبوون. بەڵام لەبەر ئەو گرفتانەی دروست بوو و بەڕێز عەبدولمەهدی لە حکوومەت کشایەوە، ڕێککەوتنەکان نەچوونە بواری جێبەجێ کردنەوە و پێویستی بەوەیە کە کابینەی نوێی عێراق پەسەندی بکات و ڕایبگەیەنێت. دوورنواڕەکەش باس لەوە دەکات کە دۆخێکی ئیجابی دروست بووە و هەردوولا ئیرادەیان نواندووە بۆ چارەکردنی کۆی کێشەکان.
دیمانە: حەسەن ساڵحی/ بەشی فارسیی عێراق و هەرێمی کوردستان/ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment