کوردپرێس:
ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی عێراقی و په‌رله‌مانتاری شاری که‌رکووک له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی گۆڕانكارییه ده‌ستوورییه‌كان، دامه‌زراندنی كۆمسیۆنی نوێی هه‌ڵبژاردنه‌كان و نه‌خشه‌رێگای به‌ره‌ی توركمانی عێراقی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی عێراق وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی هه‌فته‌نامه‌ی ته‌با ده‌داته‌وه كه ئه‌و هه‌فته‌نامه‌یه له‌لایه‌ن ئه‌و حزبه‌وه پشتیوانی ده‌كرێت.
ڕێكاره‌كان بۆ گۆڕانكاریی ده‌ستووری عێراق ده‌ستیان پێكردووه. ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که وه‌ک لایه‌نی تورکمان داوای چ مادده‌گه‌لێکیان بۆ جێگیرکردن له ده‌ستووری عێراقدا کردووه گوتی: وه‌كوو پره‌نسیب زمانی توركمانی وه‌كوو زمانی سێیه‌م له مادده‌ی چواره‌می ده‌ستووری عێراقدا باسی لێوه كراوه به‌تایبه‌تی له ناوچه توركمانییه‌كان. له هه‌مان كاتدا ده‌ستووری عێراقی مافه نه‌ته‌وه‌یی، كه‌لتووری و ئیدارییه‌كانی توركمانی له‌گه‌ڵ كه‌مینه‌كاندا باس كردووه. له مادده‌ی 125ی ده‌ستووری عێراقی ته‌نها بۆ یه‌زیدی، شه‌به‌ک و مه‌سیحی له‌گه‌ڵ توركمان نووسراوه. له كۆبوونه‌وه‌كاندا داواكارییه‌كانمان خسته‌ڕوو. داوامان كردووه مافی توركمان وه‌كوو پێكهاته‌یێكی سه‌ره‌كی له ده‌ستووری عێراقدا جێگیر بكرێت نه‌ک له‌گه‌ڵ كه‌مینه‌كان. له هه‌مان كاتدا داوامان كردووه كه مافه نه‌ته‌وایه‌تی، ئیداری، كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌وانیش بنووسرێته‌وه.
ناوبراو زیادی کرد: بێگومان له‌م پرسه‌دا هه‌ر كێ هاوكاریمان بكات ئێمه سوپاسگوزاری ده‌بین. له‌م پرسه‌دا به‌تایبه‌تی چاوه‌ڕێی پاڵپشتیی پارته كوردییه‌كانین. چونكه ئه‌گه‌ر كورد وه‌كوو نه‌ته‌وه داوای مافه‌كانیان بكه‌ن، پێویسته له پاڵ مافه‌كانی خۆیاندا به‌رگری له مافی ئه‌وانی دیكه‌ش بكه‌ن و پاڵپشتییان بكه‌ن. ئه‌گه‌ر به‌م جۆره كار بكه‌ن زۆر گونجاوتر ده‌بێت. به‌م هۆیه‌وه له‌م پرسه‌دا ده‌مانه‌وێت كوردیش له پاڵ توركمان بوه‌ستێت و پشتگیریی ئه‌و یاسایانه بكات.
سه‌رۆکی به‌ره‌ی تورکمانی له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پارته کوردییه‌کان ئه‌نجام داوه یان پاڵپشتیی ئه‌و ماده‌یه ده‌که‌ن گوتی: ئێمه بێگومان چه‌ندین جار خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ماددانه‌یان بۆ دووباره ده‌كه‌ینه‌وه و به دڵنیاییه‌وه دوای خوێندنه‌وه‌ی مادده‌كان داوای پاڵپشتییان لێده‌كه‌ین. به‌م جۆره‌ش نیازپاكی كورد له به‌رامبه‌ر توركماندا ده‌بینین. چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین كورد هه‌نگاوی ئه‌رێنی بنێت بۆ ئه‌وه‌ی نیازپاكی خۆی بسه‌لمێنێت.
ئه‌رشه‌د ساڵحی له‌باره‌ی ئه‌و داواکارییانه‌ی که له‌ژێر ناونیشانی مافی تورکمان پێشکه‌شیان کردووه و چۆن له‌لایه‌ن پارته سیاسییه‌کانی عێراقه‌وه پێشوازی لێده‌کرێت ڕای‌گه‌یاند: ئه‌و پارتانه‌ی له به‌غدادن، جا چ شیعه‌كان بن چ سوننه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین توركمان به كه‌مینه ناو بندرێت چونكه توركمان به سیسته‌می كۆتا به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كان ناكات و له ڕێگه‌ی ناوچه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه به‌شداری ده‌كه‌ن. به‌ڵام كه‌مینه ئایینییه‌كان له ڕێگه‌ی ئه‌و كۆتایه‌ی بۆیان دیاری كراوه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن. به‌م هۆیه‌وه شیعه و سوننه‌كان پاڵپشتیی ئه‌و داواكارییه‌ی توركمان ده‌كه‌ن. ته‌نها كورد ده‌مێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر پاڵپشتیی كوردیش بخه‌ینه پاڵ پاڵپشتییه‌كانی دیكه ئه‌وه داواكه زۆر به‌هێز ده‌بێت.
ناوبراو له‌باره‌ی ماده‌ی 140ی ده‌ستووریش زیادی کرد: له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا هه‌ندێک پرس هه‌ن له نێوان ئێمه و كورد كه نیشانه‌ی پرسیاریان له‌سه‌ره. یه‌كێک له‌و پرسانه‌ش مادده‌ی ١٤٠ی ده‌ستووره. مادده‌ی ١٤٠ یه‌كێكه له مادده‌كانی ده‌ستووری عێراقی به‌ڵام تا ئێستا هیچ چاره‌سه‌رێكی نه‌هێناوه بۆ كێشه‌كانی ناوچه جێناكۆكه‌كان یاخود كه‌رکووک. له‌بڕی ئه‌و مادده‌یه ڕێگه‌چاره‌ی دیكه‌مان هه‌یه بۆ ئه‌و ناوچانه و هه‌ر كاتێک شوێن و كاتی گونجاوی هات، ئه‌و پێشنیارانه ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه و پێشكه‌شیان ده‌كه‌ین.
ئه‌رشه‌د ساڵحی له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که ئایا تورکمانه‌کان نوێنه‌ریان له كۆمسیۆنی نوێی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌بێت جه‌ختی کرده‌وه: لێره‌دا هه‌رێمی باكووری عێراق مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه دوو داواكاریی گشتی پێشكه‌ش بكات. ئه‌وه‌ی من بزانم له هه‌ولێر داواكاریی گشتیی توركمانمان زۆره. ئه‌وانیش ده‌توانن ناوی خۆیان تۆمار بكه‌ن چونكه یاساكه ئه‌وه‌ی دیاری نه‌كردووه كه پێویسته داواكاریه گشتییه‌كه له كام نه‌ته‌وه بێت. ڕه‌نگه یه‌ک له‌و داواكارییه گشتییانه‌ی كه ده‌چێته به‌غداد توركمان بێت. له هه‌مان كاتدا ده‌كرێت له دابه‌شكاری جوگرافی دادوه‌رێكی گشتی به‌ر که‌رکووک بكه‌وێت. ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای دادوه‌رییه‌وه به تیروپشک واته قورعه‌وه ده‌بێت. واته ئه‌و ٩ كه‌سه‌ی كه له سه‌رتاسه‌ری عێراق هه‌ڵده‌بژێردرێت له‌بڕی دابه‌ش كردن به موحاسه‌سه، به شێوه‌یێک دابه‌ش ده‌كرێت كه نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو خه‌ڵكی عێراق بكه‌ن.
سه‌رۆکی به‌ره‌ی تورکمانیی عێراق ڕوونیشی کرده‌وه: ئه‌و نوێنه‌رانه ده‌كرێت له نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا دابه‌ش بكرێت به‌ڵام له نێوان حیزبه سیاسییه‌كان و مه‌زهه‌به‌كاندا دابه‌ش ناكرێت. عێراق له ٣ نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی پێكدێت (عه‌ره‌ب، كورد، توركمان) ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كۆمسیۆنیش ده‌كرێت له نێوان ئه‌و ٣ نه‌ته‌وه‌یه دابه‌ش بكرێت. به‌م جۆره‌ش له به‌شی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق عه‌ره‌ب، له كه‌ركوكه‌وه توركمان و له هه‌ولێر و سلێمانیشه‌وه كورد به‌شدار ده‌بێت. ڕه‌نگه له هه‌ولێر توركمانێک بێت و پێویسته هه‌موو كه‌سێک سوود له‌م پرسه ببینێت.
ئه‌رشه‌د ساڵحی له‌باره‌ی نه‌خشه‌ڕێگای به‌ره‌ی تورکمان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی عێراق ڕاشی‌گه‌یاند: به‌ره‌ی توركمانی عێراقی له یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه یه‌ک نه‌خشه‌رێگای هه‌بووه و په‌یڕه‌وی كردووه. ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌شمان له به‌رواری ٢ی تشرینی یه‌كه‌مدا بڵاو كرده‌وه. وه‌كوو به‌ره‌ی توركمانی عێراقی پاڵپشتیی ته‌واو و به‌رده‌واممان بۆ خۆپیشانده‌ره ئاشتیخوازه‌كان ڕاگه‌یاندووه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یاسای هه‌ڵبژاردن و یاسای كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن ده‌رچوو و ئێمه پاڵپشتیی ئه‌وه‌مان كردبوو. هه‌روه‌ها ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران، ده‌ستنیشان كردنی سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێ له ماوه‌ی ٣٠-٤٥ ڕۆژدا، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانمان وه‌كوو نه‌خشه‌ڕێگا پێشكه‌ش كردبوو و ئه‌وه نه‌خشه‌ڕێگای ئێمه‌یه و له هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانیشدا به‌رگریمان له‌وه كردووه و له به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی دیکه وه‌ک كورد، عه‌ره‌ب، سوننی و شیعه‌دا به‌رده‌وام ئه‌وه‌مان وتووه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment