وەڵامی هەولێر بۆ ڕەخنەکانی گۆڕان لەنەبوونی شەفافیەتی ئابووری

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ڕەخنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە نەبوونی شەفافیەتی ئابوری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیێک دەردەکات.

کوردپرێس: دەقی بەیاننامەکە جووتیار عەلی وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بەم شێوەیە:

لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانای خۆی خەریکی پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و خەڵکێکی زۆریش لە ناوخۆ و دەرەوە ستایشی رێکارەکانی حکوومەتی هەرێم دەکەن کە لە پێش زۆر وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانە و ئەگەر ئەو رێکارانە و پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم نەبووایە ئێستا دۆخی تەندروستی زۆر مەترسیدار بوو. کەچی لەم کاتەدا کە پێویست بوو هاوکارانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانیی ئەم حکوومەتە بکەن کە خۆیان تێیدا بەشدارن و بەهاوبەشی بڕیارمان لە سەر رێکارەکان داوە. کەچی بەداخەوە فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا ئەمڕۆ زۆر بێ ویژدانانە دەستیان بە موزایەدەکردن کردووە.

بۆیە لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە کە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت دەمێکە داوای لە داواکاری گشتی کردووە کە رێکاری پێویست بگرێتەبەر و لێکۆڵینەوە لەو بانگەشانە بکات کە گوایە بڕی دووسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار وەک شیرینی لە کۆمپانیای رۆسنەفت وەرگیراوە. سوپاسی فراکسیۆنی گۆڕانیش دەکەین کە بۆمان ئاشکرا بکەن ئەو کەسە کێیە ئەو پارەیەی وەرگرتووە!

سەبارەت بەو یەک ملیار دۆلارەش کە دەڵێن لە بانکەکانی لوبنان دەستی بەسەردا گیراوە. ئێمەش لە رێگەی میدیاکانەوە ئەو دەنگۆیەمان بیست کە سەرچاوەکەشی کۆنە وەزیرێکی سەر بە حزبوڵڵا بووە. بەدواداچوونیشمان کرد و دەرکەوت راست نییە. بەڵکوو تەنیا بەشە پارەی کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن لەو حیسابە بانکییەی لوبنان بووە. بۆیە سوپاسی برادەرانی گۆڕان یان هەر کەسێکی دیكە دەکەین ئەگەر بەدواداچوون بکەن و راستییەکان بۆ خەڵک روون بکەنەوە. ئەگینا تکایە با بەس بێت موزایەدەکردن و چەواشەکردنی خەڵک. ئێمە وەک هەموو وڵاتانی جیهان لە دۆخێکی سەختداین و پێویستە بەیەکەوە هاوکاربین بۆ تێپەڕاندنی.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 158141

Your Comment

You are replying to: .
captcha