کوردپرێس:
ڕۆژی هەینی 27ی مارچی 2020 سەرچاوە مەیدانییەکانی کوردپرێس لە کۆبانێ ڕایانگەیاند سێزدەهەمین دەوریەی هاوبەشی پۆلیسی سەربازیی ڕووسیا و سوپای تورکیا لە بەشی خۆرهەڵاتی کۆبانێ ئەنجام درا.
سەرچاوە مەیدانییەکان بە کوردپرێسیان وتووە لە دەوریە هاوبەشەکەدا 8 ئوتومبێلی سەربازی و دوو کۆپتەری ڕووی لە گوندی "غەریب" هەڵکەوتوو لە 15 کیلۆمەتریی خۆرهەڵاتی کۆبانێوە دەستیان بە دەوریە کرد و بە گوندەکانی گقەرەموغ و جیشان و خرابیسانی ژووروو و بغدیک و بەندەرخان"دا تێپەڕین و بەرەو گوندی "سرزوری" لە پەراوێزی شاری گرێ سپی کشان.
سەرچاوەکانی کوردپرێس ئەوەشیان ئاشکرا کرد کە دەوریە هاوبەشەکەی ڕووسیا و تورکیا لە گەڕانەوەدا بە هەمان ڕێگادا هاتنەوە کە لێیەوە ڕۆشتبوون و پاش تێپەڕاندنی گوندی "غەریب" کۆتایییان بە دەوریە هاوبەشەکە هێنا.
بە گوێرەی زانیارییەکان پاش کۆتاییهاتنی دەوریە هاوبەشەکە هێزەکانی تورکیا لە سنوور پەڕینەوە و گەڕانەوە خاکی تورکیا و پۆلیسی سەربازیی ڕووسیاش گەڕایەوە بارەگاکانی خۆی.
شایانی باسە ڕۆژی 12 ئەم مانگە بوو کە دوزادەهەمین دەوریەی هاوبەشی تورکیا و ڕووسیا لە دەوروبەری کۆبانی ئەنجام درا.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment