ژماره‌ی تووشبووانی کۆرۆنا ڤایرۆس له‌ هه‌رێمی کوردستان بۆ 100 که‌س به‌رز بوویه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامی نوێی پشكنینه‌كان بۆ کۆرۆناڤایرۆسی له‌ هه‌رێم ئاشکرا کرد و ژماره‌ی تووشبووان به‌و ڤایرۆسه‌ی به‌ 100 که‌س ڕاگه‌یاند.

کوردپرێس:

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا بڵاوی کرده‌وه‌: "له‌ به‌ردەوامی پشکنینه‌کان و گه‌ڕان به‌دوای گومانلێکراوان، تووشبوویێکی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤیدی-19) له‌ شاری سلێمانی دەستنیشان کرا که‌ پیاوێکی ته‌مه‌ن 30 ساڵه‌ و دانیشتووی شاری ده‌ربه‌ندیخانه‌."

هه‌روه‌ها له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌که‌دا هاتووه‌: "کۆی گشتی توشبووان به‌ کۆرۆناڤایرۆس له‌ هه‌رێمی کوردستان گه‌یشته‌ 100 حاڵه‌ت و دوو مردن."

شایانی باسه‌؛ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 25ی ئاداری 2020 دکتۆر سامان به‌رزه‌نجی وه‌زیری ته‌ندروستیی هه‌رێمی کوردستان به‌مه‌به‌ستی تاوتوێ‌کردنی دۆخی کۆرۆنا سه‌فه‌رێکی بۆ ده‌ربه‌ندیخان ئه‌نجام دا و له‌باره‌ی ژماره‌ی تووشبووانی ده‌ربه‌ندیخانیشه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاند: ته‌نیا له‌ قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان زیاتر له‌ 100 نموونه‌ی پشكنین وه‌رگیراوه‌ و 17 حاڵه‌تی پشتڕاستكراوه‌ ڕاگه‌یێندراوه‌ و ڕه‌وشی نه‌خۆشه‌كان باشه‌ و هه‌ندێک نه‌خۆشیش له‌ قۆناغی چاكبوونه‌وه‌ن و دوای چاكبوونه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ ده‌كرێن.

له‌ ئێستادا شاری ده‌ربه‌ندیخان به‌ته‌واوه‌تی که‌ره‌نتین کراوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 158110

Your Comment

You are replying to: .
captcha