پیاوێکی 90 ساڵانی سه‌قزی کۆرۆنای په‌ڕاند و چاک بوویه‌وه‌

به‌شی کوردستان- سه‌رۆکی تۆڕی ته‌ندروستیی سه‌قز گوتی: پیاوێکی 90 ساڵانی تووشبوو به‌ کۆرۆناڤایرۆس ڤایرۆسه‌که‌ی په‌ڕاند و به‌ دۆخێکی ته‌ندروستیی جێگیر‌ نه‌خۆشخانه‌ی به‌جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

کوردپرێس:

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 29ی ڕه‌شه‌مه‌ی 1398 ئه‌نوه‌ر به‌هرامی سه‌رۆکی تۆڕی ته‌ندروستیی سه‌قز ڕای‌گه‌یاند: پیاوێکی ته‌مه‌ن 90 ساڵانی سه‌قزی که‌ به‌هۆی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌ خه‌وێندرابوو دوای 7 ڕۆژ ڤایرۆسه‌که‌ی په‌ڕاند و چاک بوویه‌وه‌ و به‌ دۆخێکی ته‌ندروستیی جێگیر گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌ کرد که‌ ڕۆژی ڕابردوو 11 هاووڵاتیی تووشبوو به‌ په‌تای کۆڤیدی-19 دوو نه‌خۆشخانه‌ی سه‌قزیان به‌جێهێشت و به‌ دۆخێکی جێگیر گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و زیادی کرد: هیواداریم به‌م پڕۆسه‌یه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا گرتوومانه‌ته‌به‌ر که‌سانێکی زیاتر ڤایرۆسه‌که‌ بپه‌ڕێنن و چاک ببنه‌وه‌ و خه‌ڵکیش به‌ ڕچاوکردنی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری کۆرۆنا پێشگری بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین دۆخه‌که‌ به‌ باشی کۆنتڕۆڵ بکه‌ین.

سه‌رۆکی تۆڕی ته‌ندروستیی سه‌قز ڕاشی‌گه‌یاند: له‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژی ڕابردوودا ئاماره‌کان جێگیر بووه‌ و مردنی که‌سیشیمان به‌هۆی ڤایرۆسه‌که‌ نه‌بووه‌ و ئه‌مه‌ش پیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌ڵکی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان له‌به‌رچاو ده‌گرن و هێشتاکه‌ له‌ ماڵه‌کانیان ده‌مێننه‌وه‌.

به‌هرامی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ڕۆژی ڕابردوو 7 که‌یسی گومانلێکراوی کۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی سه‌قز تۆمار کراون.

ناوبراو وه‌بیریشی هێنایه‌وه‌: ئێستاکه‌ 50 هاووڵاتیی تووشبوو به‌ کۆرۆناڤایرۆس له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی سه‌قز خه‌وێندراون که‌ زۆربه‌یان پێشتر نه‌خۆشیگه‌لێکی وه‌ک سی و شێرپه‌نجه‌یان بووه‌.

ناوبراو داواشی له‌ خه‌ڵک کرد به‌ هیچ له‌ونێک به‌شداری له‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ و شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌کان نه‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هاوکاریی خه‌ڵک و به‌رپرسان بتوانین ئه‌م ڤایرۆسه‌ بپه‌ڕێنین و دۆخه‌که‌ کۆنتڕۆڵ بکه‌ین و ژیانی ئاساییمان ده‌ست پێبکه‌ینه‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 158005

Your Comment

You are replying to: .
captcha