ڕۆحانی: له‌ مه‌سه‌له‌ی کۆرۆنا به‌ شێوه‌یێکی شه‌فافانه‌ کارمان کرد/ ساڵی داهاتووش پاکێجی پشتیوانیمان بۆ که‌مده‌رامه‌ته‌کان ده‌بێت

به‌شی ئێران- سه‌رۆک کۆماری ئێران باسی له‌وه‌ کرد که‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی کۆرۆناڤایرۆس به‌ شێوه‌یێکی شه‌فافانه‌ کارمان کرد و ته‌نانه‌ت پاکێجی پشتیوانیشمان بۆ خه‌ڵکی که‌مده‌رامات له‌به‌رچاو گرت و ئه‌م یارمه‌تییانه‌ ساڵی داهاتووش درێژه‌ی ده‌بێت.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 28ی ڕه‌شه‌مه‌ی 1398 حه‌سه‌ن ڕۆحانی له‌ په‌راوێزی کۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی ده‌وڵه‌ت به‌ هه‌واڵنێرانی ڕاگه‌یاند: ساڵی 98 که‌ له‌ دواڕۆژه‌کاندایه‌ ساڵی سه‌ربه‌رزیی گه‌لی ئێران بوو چوونکه‌ له‌ هه‌موو بواره‌کاندا که‌ دوژمن ده‌یویست کێشه‌ بۆ خه‌ڵک دروست بکات گه‌لی ئێران توانییان له‌ کاره‌سات حیماسه‌ و له‌ حیماسه‌ سه‌رکه‌وتن بخولقێنن.

ناوبراو زیادی کرد: ساڵی 1399 له‌ گه‌لی ئێران پیرۆز ده‌که‌م. به‌داخه‌وه‌ین که‌ له‌م نه‌ورۆزه‌دا ژماره‌یێک له‌ ئازیزانمان له‌ده‌ست داوه‌ ئێستا به‌بۆنه‌ی تیرۆری ناجوامێرانه‌ی ئه‌مه‌ریکا یان داکه‌وتنی فڕۆکه‌که‌ی ئۆکراین یان به‌بۆنه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی کۆرۆناڤایرۆس که‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی خۆم ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ و که‌سوکاریان ده‌که‌م.

ڕۆحانی درێژه‌ی پێدا: له‌ ساڵی 97 و 98 دوژمن گوشارێکی زۆری له‌ که‌رتی ئابوور خسته‌ سه‌رمان. له‌ مانگی گوڵانی ساڵی 98وه‌ خراپترین گوشار خرایه‌ سه‌ر خه‌ڵک، ئابوور و پیشه‌ی نه‌وت که‌ هه‌ڵبه‌ت سه‌ره‌ڕای دروست‌کردنی هه‌ندێک کێشه‌ بۆ خه‌ڵک سه‌رکه‌وتنگه‌لێکی زۆریشی هێنایه‌دی. بۆ یه‌که‌مین جار له‌ مێژووی ئێراندا ئێمه‌ توانیمان ئابوور و بودجه‌ به‌بێ پشتبه‌ستن به‌ نه‌وت تێپه‌ڕێنین و ده‌توانین بڵێین که‌ ساڵی 98 ساڵی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات به‌بێ پشتبه‌ستن به‌ نه‌وت بوو به‌تایبه‌ت له‌ به‌شی بودجه‌.

سه‌رۆک کۆماری ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ به‌بۆنه‌ی ئه‌و گوشارانه‌ی که‌ خه‌ڵک به‌ره‌وڕووی بوونه‌ته‌وه‌ 20 له‌سه‌دی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانمان زیاد کرد و گوتیشی: له‌ ساڵی داهاتوودا زیادکردنی مووچه‌مان بۆ کرێکاران و فه‌رمانبه‌ران له‌به‌رچاو گرت‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌وڕووی گوشارێکی که‌متر ببنه‌وه‌. پاکێجێکی پشتیوانیمان بۆ 60 ملیۆن که‌س له‌به‌رچاو گرت که‌ له‌ ساڵی داهاتووشدا درێژه‌ی پێده‌ده‌ین.

ڕۆحانی له‌ درێژه‌دا باسی له‌وه‌ کرد که‌ له‌ ساڵی 97 و 98 چه‌ندین پڕۆژه‌ی گه‌وره‌مان جێبه‌جێ کرد. له‌ دواڕۆژه‌کانی ساڵی 98 له‌ بواری ئاو و کاره‌با چه‌ندین به‌نداومان کرده‌وه‌. به‌گشتی له‌ 6 مانگی دووهه‌می ساڵدا 227 پڕۆژه‌ی گرینگ به‌ بڕی 33 هه‌زار میلیارد تمه‌ن کرانه‌وه‌ که‌ هه‌ڵبه‌ت ته‌نها که‌رته‌کانی ئاو و کاره‌با له‌خۆ ناگرێته‌وه‌ به‌ڵکوو له‌ به‌شی کشتوکاڵ و گازدا هه‌ندێک هه‌نگاوی گه‌وره‌مان هه‌ڵگرتووه‌.

ناوبراو ئاوڕێکیشی له‌ گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران دایه‌وه‌ و گوتی: ئێمه‌ له‌ بارودۆخی ئێستادا ئاوه‌دانیی گونده‌کان و به‌دیهێنانی دۆخێکی گونجاو بۆ گه‌لی هه‌ژارمان له‌بیر نه‌کردووه‌ و ده‌زانین که‌ دۆخی بژێوی ژیانی خه‌ڵک خراپه‌ و ئاشکرایه‌ که‌ گه‌مارۆکان کارتێکه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵک ده‌بێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 157990

Your Comment

You are replying to: .
captcha