بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ سێشەممە هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەریی پەکەکە لە پەیامێكدا كە ئاڕاستەی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كوردووە دەڵێت: "لە ئێستادا فاشیزمیی ئاکەپە و مەهەپە هەڕەشە لە شەنگال و مەخموور و قەندیل دەکەن، نورەدین جانیکلی، وەزیری بەرگریی دەوڵەتەکەیان وتویەتی:’٢٥ بۆ ٣٠ کیلۆمەتر چوینەتە ناوەوە، دەچینە قەندیلیش، بۆ هەر شوێنێکیش بچین چۆڵی ناکەین، ڕاشکاوانە وتوویەتی، کە ئەو بارەگایانەی ماوەی ١٥ ساڵە لە خاکی هەرێمی کوردستان هەیانە بۆ داگیرکردنی ئەو خاکە بەکاریان دەهێنن".
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەریی پەکەکە ئاماژەی بەوەش داوە "ئاشکرایە کە تورکیا بە بێ هاوکاریی پارتی ناتوانێت بچێتە شەنگال، مەخموور یان قەندیل، لە کاتێکدا کە هەپەگە شەنگالی بەجێ هێشتووە بۆچی دەبێت دەوڵەتی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە هەڕەشەی هێرش بۆسەر شەنگال بکەن، دیارە بە مەبەستی داگیرکردنی هەرێمی کوردستان و فشا رخستنەسەر حکوومەتی عێراق ئەو بابەتەیان کردۆەتە ڕۆژەڤ، لەلایێکی دیکەوە ئەو هەڕەشانە گرێدراوی پروپاگەندە بۆ هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیرانیشن، لە ئێستادا جگە لە هێرشی ئاسمانی هیچ جۆرە هێرشێکی دیکە بۆ سەر قەندیل لە ئارادا نییە، بەڵام ئەوان هێرشی هێزی پیادە بۆ سەر قەندیلیان کردوەتە پروپاگەندە و بۆ ئەوەی شۆڤینیزمی تورک بورووژێنن و دەنگەکانیان زیادبکەن".
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان ئەوەشی وتووە "دەتوانین لە هێرش و هەڕەشەکانی حکوومەتی تورک تێبگەین، ئەوەی ناتوانین لێی تێبگەین بێدەنگیی پارتیی لەبەرامبەر ئەو هێرش و هەڕەشانەدایە، لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەدا بۆ داگیرکاریی، کە پەیوەستن بە تێپەڕکردنی سنووری پارتییەوە، ئایا پارتی نابێت هەڵوێستی هەبێت؟
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی کەجەکە وتوشیەتی "هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر قەندیل و مەخموور و شەنگال هەڕەشەیە بۆ داگیرکردنی هەموو هەرێمی کوردستان، بۆیە پێش پارتی و حکوومەتی هەرێم بانگەوازیی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان دەکەین، کە لەدژی ئەو عەقڵییەتە داگیرکارانەیدا خاوەن هەڵوێست بن".
لە کۆتاییدا کەجەکە وتوویەتی "گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان لەدژی ئەو داگیرکارییانە ڕاپەڕن، دەتوانن بە پشتگیری کردن لە هێزی گەریلا ڕێگری بکەن لەو هێڕشانە".
سەرچاوە: شارپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment