یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی عه‌بادی و لایه‌نه‌كان دێنه ‌ده‌نگ

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكرات له‌سه‌ر کۆبوونه‌وه‌ی عه‌بادی و لایه‌نه‌ براوه‌کانی هه‌ڵبژاردن دێنه‌ ده‌نگ و پێشوازی له‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی ده‌كه‌ن و سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیش له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رایده‌گه‌یه‌نێت: پشتیوانی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی جدی ده‌كه‌ین بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كانی عێراق.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حسێن عادلی وته‌بێژی لیستی نه‌سڕ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادی ڕای‌گه‌یاند له‌سه‌ر بانگهێشتی عه‌بادی هه‌فته‌ی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ له ‌نێوان كوتله‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و بانگهێشتنامه‌ش ئاراسته‌ی 10 كوتله‌ی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی 5ی ئه‌مساڵ ده‌كرێت.

له‌وباره‌یه‌شه‌وه ئارێز عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: تا ئێستا به‌ نووسراوی فه‌رمی له ‌بانگهێشتنامه‌ی عه‌بادی بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاگادار نه‌كراوینه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ به ‌گرنگ و پێویست ده‌زانین بۆ زیاتر لێكنزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان تا كێشه‌ و گرفته‌كان له ‌ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

ناوبراو وتیشی: "ئه‌گه‌ر جدییه‌ت له‌و كۆبوونه‌وانه‌ هه‌بێت هه‌نگاوێک ده‌بێت به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ر كردنی قه‌یرانه‌كان".

له‌لای خۆشیه‌وه‌ ڕێناس جانۆ وته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی له ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وتی: هیچ شتێكی فه‌رمیمان له‌لایه‌ن عه‌بادییه‌وه‌ ئاراسته‌ نه‌كراوه‌ بۆ به‌شداری كردن له‌و كۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ی نێوان لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن.

وته‌بێژه‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی ڕه‌تی كرده‌وه‌ تێبینییان له‌سه‌ر به‌شداری كردنی هیچ لایه‌نێک له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌بێت و وتیشی: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تێبینیمان له‌سه‌ر ئه‌دای كاركردنی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان هه‌یه‌ به‌ڵام ته‌حه‌فوزمان له‌سه‌ر هیچ كامیان نییه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌شداری له‌ كۆبونه‌وه‌كان بكه‌ن و ده‌مانه‌وێت له‌ ناوخۆی هه‌رێمیش كۆ ببینه‌وه‌".

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15790

Your Comment

You are replying to: .
captcha