بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا نێچیرڤان بارزانی داوای هاوکاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕێكارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە بە ڕاگەیەندراوێک پەیامێكی ئاراستەی هاووڵاتییان كرد کە تێیدا هاتووە: "خۆپاراستن باشترین چەکی بەرەنگاربوونەوەیە".

کوردپرێس: نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕاگەیێندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا بە هاووڵاتییانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ کە جیهان بەگشتی ڕووبەڕووی مەترسیی کۆرۆنا بووەتەوە، ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ئه‌م ڤایرۆسه‌ خەمی سەرەکی و کاری لەپێشینەی هەموو وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە، بە ئەزموون سەلمێنراوە کە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی كۆرۆنا و زاڵبوون بە سەر لێکەوتەکانیدا، خۆپاراستن باشترین چەکی بەرەنگاربوونەوەیە."

سەبارەت بە هەنگاوی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆڤید-19 نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش كرد: "هەڵمەت و ڕێکاره‌کانی حکوومەتی هەرێمى كوردستان بۆ به‌رگیری له‌م ڤايرۆسه‌ و هه‌نگاو و کاره‌کانیان بەرز دەنرخێنم، ئەرکی هەموو لایەکمانە ئه‌وپه‌ڕى هاوکار و یارمەتیدەریان بين لە جێبەجێکردنی کارەکانیاندا."
هاوكات سوپاسی خۆی ئاراستەی كارمەندانی كەرتی تەندروستی و تیمە پزیشكییەكان و هێزە ئەمنییەكان كرد و ڕایگەیاند: "سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌ په‌يوه‌نداره‌كان و دكتۆر و په‌رستاران و ستاف و تيمه‌ پزيشكييه‌كان و ته‌واوى كه‌رتى ته‌ندروستى و پۆليس و ئاسايش و كارمه‌ندانى فڕۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌كان و پارێزگا و ئيداره‌كان كه‌ خزمه‌ت ده‌كه‌ن و بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا هاوكار و هه‌ماهه‌نگن، داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و ڕێكخراوه په‌يوه‌نداره‌ جيهانييه‌كانیش ده‌كه‌ين بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا، هاوكاريى هه‌رێمى كوردستان بكەن."

لە درێژەی پەیامەكەیدا بۆ هاووڵاتییانی هەرێم لەو راگەیەندراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتووە: "بە هەستی بەرپرسیاریەتی و هاوکاریی هەمومان پێکەوە، دەتوانین تەندروستی و سەلامەتیی خۆمان و ژینگەکەمان لەم مەترسییە بپارێزین، گرنگە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکرێت، نە به‌ ترس و نە فەرامۆشکردن، دەبێ ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی تایبەت بە خۆپاراستن و پاکوخاوێنی، بڕیار و ڕێکارەکانی لایەنە پەیوەندارەکانى حكوومه‌ت بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤايرۆسه‌، بە وردی و دروستی جێبەجێ بکرێن."
لە كۆتاییشدا وێڕای داواكاری بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكان، سەبارەت بە رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دڵنیایی داوە و باسی لەوە كردووە "ئەرکی هه‌موو كه‌سێكه‌ خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بۆ پاراستنی تەندروستی، ژیان و سەلامەتیی خۆی و خێزانەکەی، کۆمەڵگە و ژینگەکەی، چاوەڕوانیم لە هه‌موو کوردستانیيانی ئازیز، ئەوپەڕی هەستکردنیانە بە بەرپرسیاریەتیی بەرامبەر بەم ئەرکە مرۆیی، نيشتمانی، ئايينى و ئه‌خلاقييه‌، به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى هه‌مه‌لايه‌نه‌ و پابه‌ندى به‌ ڕێنمايييه‌كانه‌وه‌، خۆمان و گه‌ل و وڵاتمان ده‌پارێزين و ئه‌م سه‌ختييه‌ش تێده‌په‌ڕێنين، هه‌موو هاوکاری و هه‌ماهه‌نگییێکیش له‌گه‌ڵ ڕێکخراوی ته‌ندروستیی جیهانی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کانی عێراق و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌که‌ین، بە هیوای سەلامەتی بۆ سەرجەم کوردستانیيان و گه‌لى عێراق و گەلانی دراوسێ و جیهان."

کۆدی هەواڵنێر: ٦۰۱۰۳

News Code 157880

Your Comment

You are replying to: .
captcha