ئاو کرا بە سەر ئاگردا

بەشی وتار/ عێراق و هەرێمی کوردستان- بەڕای زۆرینەی چاودێرانی سیاسی هاوپەیمانییەکەی نێوان سەدر و عامری لە سەرووی دوو هاوپەیمانیی سایروون و فەتح وەکوو ئاوێک وابوو کە کرا بە سەر ئاگری ئەم کەشە ئاڵۆزە سیاسییەی ئێستای عێراقدا.

کوردپرێس:

پێکهێنانی هاوپەیمانییەکەی نێوان سەدر و عامری چاوەڕواننەکراو بوو بەڵام بەو هاوپەیمانییە کەشی ئاڵۆزی عێراق تا ڕادەیێک ئارام بوویەوە و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکەش بە ڕای زۆرینەی چاودێرانی سیاسی هەڵگری دوو پەیامە هەرەگرینگە کە هەردوو لایەنی هاوپەیمانییەکە لە کونفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەی شەوی ڕابردوودا سەرنجیان خستە سەری.

خاڵە هاوبەشەکانی سایروون و فەتح

خاڵی یەکەم ئەوەیە کە موقتەدا سەدر بانگهێشتی هادی عامریی کرد سەردانی نەجەف بکات و بەو شێوازەش ئیرادە و حەزی خۆی بۆ هاوپەیمانێتی کردن لەگەڵ فەتح دەربڕی و ئەوەش دەوری تایبەت دەبینێت بۆ بەردەوام بوونی هاوپەیمانێتییەکەی نێوان ئەو دوو لایەنە لە ئایندەی سیاسیی عێراقدا.

خاڵی دووهەم ئەوەیە هەردوو لایەنی ئەو هاوپەیمانێتییە ڕایانگەیاندووە هێڵی سوور و ڤیتۆیان لە سەر هیچ لایەنێک نییە بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتییەکەیان. ئەوەش بەو مانایە دەبێت هێڵە سوورەکانی موقتەدا سەدر چاوپۆشیی لێکراوە. سەدر پێشتر ڤیتۆی لە سەر نووری مالیکی و عەسایبی ئەهلی حەق هەبوو و عەسایبی بە هێزێکی نائارام دەزانی لە عێراقدا.

هادی عامری لە کونفڕانسەکە شەوی ڕابردوودا چەندین جار سەرنجی خستەوە سەر دەستەواژەی " کەشی نیشتمانی" و بە ڕای زۆرینەی چاودێرانی سیاسی ئەو سەرنجە ئاماژە بوو بۆ هەڵگرتنی ڤیتۆ و نەمانی هێڵی سوور لە سەر نووری مالیکی بەتایبەتی.

هەر بەو پێیەش هاوکات لەگەڵ دیدارەکەی عامری و سەدر، قەیس خەزعەلی سکرتێری عەسایب ئەهلی حەق دیداری هەبوو لەگەڵ سەید عمار حەکیم و نووری مالیکی ئەوەش بە مەبەستی زەمینە خۆشکردن بۆ هاتنی ئەو دوو قەبارە سیاسییە بۆ نێو هاوپەیمانێتییە نوێیەکە.

چەند تێبینی لە سەر هاوپەیمانییە نوێیەکە

ئەگەرچی ئەو هاوپەیمانێتییە کارتێکەر دەبێت بۆ هێور کردەوەی دۆخی ئاڵۆزاوی عێراقی پاش هەڵبژاردن بەڵام وا دەردەکەوێت ڕاگەیاندنی ئەو هاوپەیمانییە بەپەلەیە چەند تێبینیی لەسەر بێت:

یەکەم ئەوەی ئایا هاوپەیمانێتییەکە هاوپەیمانیی نێوان سایروون و فەتحە یان خود هاوپەیمانیی نێوان سەدر و عامرییە؟ خاون بیران بڕوایان وایە ئەو دوو قەبارە سیاسییە لەباری شۆناس و چییەتییەوە لێک جیاوازن. ڕەوتی سەدر لە هاوپەیمانێتییەکەی خۆیدا 54 کورسیی نەهێناوە بەڵکوو 32 کورسیی هێناوە و پشکی هادی عامریش لە ژمارەی کورسییەکانی نێو هاوپەیمانیی فەتح کەمترە لە 40 کورسی. بۆیە ئەو پرسیارە ئێستاش وەڵام نەدراوەتەوە کە موقتەدا سەدر لە وەکیلی هەموو ئەندامانی هاوپەیمانیی سایروون ڕاگۆڕینەوە دەکات یان تەنها بەشێک لەو هاوپەیمانێتییە دەگرێتەوە؟ چوونکە حیزبی کومۆنیست لە هاوپەیمانیی سایرووندا خاوەنی 15 کورسییەو پێشتریش ناڕەزایی دەربڕیبو بەرانبەر بەوەی سەدر لە وەکیلی هەموو ئەندامانی سایروونەوە ڕاگۆڕینەوە دەکات.

هاوپەیمانیی فەتحیش هەمان کێشەی لە سەرە و دەنگۆی ئەوە هەیە کە ژمارەیێک لە ئەندامانی هاوپەیمانییەکە و بەتایبەت عەسایب ئەهلی حەق پشتگیریی بڕیارەکەی عامری نەکەن بۆیە قەیس خەزعەلی شەوی ڕابردوو بەجیا و خۆسەرانە دیداری لەگەڵ نووری مالیکی و سەید عەمار حەکیم کردووە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییێکی هاوتەریب.

جگە لەو باسانە، کێشە گەورەکە ئەوەیە هەموو ئەو ڕاگۆڕینەوانە لە کەشێکدا ئەنجام دەبێت کە بەگشتی شەرعییەتی هەڵبژاردنەکەی 12ی ئایار کێشەی لە سەرە. دیارە ئەگەر ئەنجومەنی باڵای دادوەری کە بەرپرسیارە لە ئیدارەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق بڕیار بدات بە دووپات کردنەوەی هەڵبژاردن چ بە حیزبی چ بە تەواوەتی، هەموو ئەو هاوپەیمانێتییانە هەڵدەوەشێنەوە و کاریان پێناکرێت.

ئەمری واقیع

دوو قەبارەی سەرەکیی هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی) پێشوازییان لە هاوپەیمانێیتییەکەی عامری و سەدر کردووە و بە خاڵکێی ئیجابیی دەزانن. ئەگەر بێتوو حیکمە و نەسر و وەتەنییە و پارتی و یەکێتی بچنە نێو هاوپەیمانییەکەی عامری و سەدرەوە ئەوا ژمارەی کورسییەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە 200 کورسی تێدەپەڕێنێت و بەئاسانی دەتوانن بڕیاری پێکهێنانی حکوومەت بدەن. و تەنانەت ئەگەری ئەوەش هەیە هاوپەیمانییە گەورەکە ڕێگری بکات لە هەڵوەشاندنەوەی کۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە و تەنها لە چەند ناوچەی دیاریکراو هەڵبژاردن دووپات ببێتەوە.

لە میدیا ئێرانییەکانەوە کۆ کراوەتەوە

News Code 15788

Your Comment

You are replying to: .
captcha