یەکێتیی ئەورووپا داوا لە ئەردۆغان دەکات لە هاندانی کۆچبەران بووەستێت

بەشی تورکیا- یەکێتیی ئەورووپا بە ئەردۆغانی راگەیاندووە، پێویستە بووەستێت لە هاندانی کۆچبەران بۆ رۆیشتن بەرەو سنوورەکانی یۆنان.

کوردپرێس: ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا سەردانی برۆکسلی کردووە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری زیاتری ئەوروپییەکان لەبارەی شەڕی سووریا و ئەو ملیۆنان کۆچبەرەی لە وڵاتەکەیدا هەن، بەڵام پێی وتراوە کە دەبێت سەرەتا بووەستێت لە هاندانی کۆچبەران بۆ رۆیشتن بەرەو سنوورەکانی یۆنان.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەردۆغان بە ئاماژەکردن بە شەڕی سووریا رایگەیاندووە: "ئێمە چاوەڕێ دەکەین هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ بەشێک لەو ئەرکەی ئێمە بگرنەئەستۆ کە لە ئێستادا بە تەنیا لەسەر تورکیایە."

ئەردۆغان راشیگەیاندووە "ئەو قەیرانە ئەمنی و مرۆییانەی سووریا پێوەی دەناڵێنێت، هەڕەشە لە ناوچەکەمان و تەنانەت هەموو ئەورووپاش دەکات."

لە بەرامبەردا، ئێرسلا ڤۆندێرلین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپا رایگەیاندووە "دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەو فشارەی سەر سنوورەکانی یۆنان بدۆزینەوە و تورکیا پێویستە هانی کۆچبەران بۆ رۆیشتن بەرەو ئەورووپا نەدات."

ئەمەش لەکاتێکدایە، یەکێتی ئەورووپا رایگەیاندووە، پێنج وڵاتی ئەورووپی رەزەمەندییان داوە بۆ وەرگرتنی نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کۆچبەری منداڵ کە لە ئێستادا لە کەمپەکانی یۆناندان.

تورکیا نزیکەی سێ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئاوارە و کۆچبەری سووریایی تێدایە و هەمیشەش وەکوو فشار بەرامبەر وڵاتە ئەوروپییەکان بەکاریان دەهێنێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157857

Your Comment

You are replying to: .
captcha