کوردپرێس: ڕۆژی سێشەممە ۱۰ی ئاداری ۲۰۲۰ شانەی قەیرانەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دوای تێپەڕینی چەند هەفتەیێک بە سەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و بەهۆی زیادبوونی تووشبووەکان بەم پەتایە و تۆمارکردنی مردن بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە، هەر لە سەرەتاوە لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و پیشەییەوە بڕیارمان دا لەبارەی ئامارەکانی تووشبوون و مردنەوە لەگەڵ گەلدا راشکاو بین."
شانەی قەیرانەکانی عێراق باس لەوە دەکات: "جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە لەسەر رێگرتن لە گردبوونەوە بە هەموو شێوەیێک و سەردانی نەکردنی شار و مەزارگە پیرۆزەکان لەم کاتانەدا و بۆ ماوەیێکی دیاریکراو. ئەمەش بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان و شارەکانیانە بۆ رێگرتن لە تەشەنەکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکە کە دەکرێت بە بەریەککەوتن و نزیکبوونەوە لە کەسانی دیکە بە مەودای کەمتر لە مەترێک بڵاو ببێتەوە."
شانەی قەیرانەکانی عێراق راشیگەیاند: "بڕیارمان دا ئاهەنگ و بۆنەکانی وەک دانانی پرسە و ئاهەنگی هاوسەرگیری و هەر ئاهەنگ و گردبوونەوەیێکی دیکەی کۆمەڵایەتی قەدەخە بکەین."
شانەی قەیران لە عێراق ئاماژ بەوە دەکات: "داوا لەو هاووڵاتییانەی عێراق دەکەین کە لە ناوچەکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکە وەک چین، کۆریای باشوور، ئیتاڵیا، ژاپۆن، تایلاند، سەنگاپوور، کوێت و بەحرەین دێنەوە، بۆ 14 رۆژ لە ماڵەوە خۆیان کەرەنتینە بکەن بەو مەرجەی تیمەکانی فەرمانگە تەندروستییەکان سەردانیان و چاودێرییان بکەن."
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تاوەکوو ئێستا 68 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و حەوت لەو تووشبوانە مردوون و تەنیا هەشتیان چاکبوونەتەوە و ئەوانی دیکەش هێشتا لە کەرەنتینە و لەژێر چاودێریی تەندروستیدان.
کۆدی هەواڵنێر: ٦۰۱۰۳
Your Comment