کوردپرێس: ڕۆژی هەینی ٦ی ئاداری ۲۰۲۰ كارگێڕیی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر ڕایگەیاند: "وەک بەدەنگەوەهاتنی ڕێكارە خۆپارێزییەكان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە سۆنگەی مكووڕبوونی ئێمەش لەسەر تەندروستی و سەلامەتی میوانان و سەردانیكەران و كارمەندەكانی پێشانگا، كارگێڕیی پێشانگاکە بڕیاری دا خولی پانزدەهەمینی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب بۆ كاتێكی دیكە دوا بخات."
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: "لەگەڵ ئەوەی بەم بۆنەیەوە داوای لێبوردن ئاراستەی هەموو بڵاوكەرەوەكان و خوێنەران و هەوادارانی ڕۆشنبیری و كتێب دەكەین لە هەمبەر ئەم بڕیارە، دەبێ ئەوەمان لەبەرچاوبێ كە هەموومان لەسەرمان پێویستە بەرەنگاری ئەو ڤایرۆسە بكەین و بەر لە بڵاوبوونەوەی بگرین، بە هیچ شێوەیێک كەمتەرخەمی نەكەین لە پاڵپشتی كردنی هەوڵ و كۆششی لایەنە پەیوەندارەكان و رێكارە سەپێنراوەكانی پێویست بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسه."
كارگێڕیی پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب بەڵێن دەدات كە ئەم خولەی پێشانگا لە كاتێكی دیكە و لە ئایندەیێکی نزیكدا ئەنجام بدرێت.
کۆدی هەواڵنێر: ٦۰۱۰۳
Your Comment