کورد بۆچی دژایەتیی سەرۆکوەزیریی عەلاویی کرد؟

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوکتور مەحموود عوسمان سیاسەتوانی بەرجەستەی کوردی عێراقی لە لێدوانێکدا هەڵوێستی کوردەکان لە مەوزووعی پێکهێنانی کابینەکەی عەلاوی بە هەڵوێستێکی مەعقوول دەزانێت و دەڵێت: جێگەی خۆی بوو سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو ڕای لایەنە کوردییەکان لەبارەی دانانی وەزیرەکان وەربگرێت. بەڵام بە بێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ ئەم لایەنانە بکات لە بەغدا دانیشتووە و خەڵکی داناوە.

کوردپرێس:

محەمەد تۆفێق عەلاوی پێش چوار هەفتە لە لایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی ئەو وڵاتە ڕاسپێردرا و بە گوێرەی دەستووری عێراقی دەبوو تا ڕۆژی دووشەمە کابینەکەی ڕابگەیاندبا و لە پەرلەمان دەنگی متمانە بە وەزیرەکانی بەخشرابا.

هەر لەم بارەشەوە بڕیار بوو پێنجشەمەی ڕابردوو کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەبەخشین بە کابینەکەی عەلاوی بەڕێوە بچێت بەڵام لەبەر ئەوەی نیسابی یاساییی تێنەپەڕاند کۆبوونەوەکە پەک خرا و کەوتە ڕۆژی شەمە. بەڵام سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو شەوی هەینی لە نامەیێکدا داوای لە سەرۆکی پەرلەمان کردبوو دیسان دانیشتنی پەرلەمان دوا بخات بۆ ئەوەی ناوبراو بتوانێت لیستی وەزاریی کابینەکەی تەواو بکات و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانیش داواکارییەکەی عەلاویی پەسەند کرد و بڕیار بوو دانیشتنی متمانەبەخشین بە کابینەکەی عەلاوی کاتژمێر یەک بە کاتی بەغدا و یەک و نیوی نیوەڕۆ بە کاتی تاران بەڕێوە بچێت بەڵام دیسان کۆبوونەوەکە نیسابی یاساییی تێنەپەڕاند و بەڕێوە نەچوو.

کورد و سونە و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا لەگەڵ محەمەد تۆفێق عەلاوی ڕێک نەکەوتن و دەڵێن داواکاری و مافەکانیان لەو کابینەیەدا دەستەبەر نەبووە بۆیە بەشداریی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان نەکرد.

مەحموود عوسمان لەبارەی هەڵوێستی لایەنی کوردی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی عەلاوی بە کوردپرێسی وتووە: لایەنی کوردی یەکگرتوون و بڕوایان وایە ئەو کەسەی لە بەغدا دەبێت ئێستا سەربەخۆ بێت یان سەربەخۆ نەبێت پێویستە ڕای لایەنە کوردییەکان لە سەری وەربگیرێت. دیارە ئەگەر لایەنە کوردییەکان تەئیدی ئەو کەسە نەکەن ئەوا کارەکە ناڕوات. بۆیە ئەگەر کەسێک دابنرێت کە ڕای کوردی لە سەر نەبێت ئەوا کوردەکان ڕێگە نادەن ئەو کەسە دابنرێت. بۆیە جێگەی خۆی بوو سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو ڕای لایەنە کوردییەکان لەبارەی دانانی وەزیرەکان وەربگرێت. بەڵام بە بێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ ئەم لایەنانە بکات لە بەغدا دانیشتووە و خەڵکی داناوە و بەهۆی گوشارەکانی موقتەدا سەدرەوە ناوێرێت کەس دابنێت. دەڵێت دەبێ هەموو وەزیرەکان سەربەخۆ بن و سەدریش دەڵێت ئەگەر سەربەخۆ نەبن خۆپیشاندان دەکەم و بەم قسانە وەزعی عێراقییان خستۆتە مەترسییەوە. بۆیە بەڕای من قسەی کوردەکان مەعقوولە و حەقی خۆیانە کە ئەگەر کەسێکی کورد لە بەغدا بێت حەقی خۆیانە بزانن کێیە و سەر بە چ لایەنێکە.

ماوەیێکە لە نێو پەرلەمانتارە کوردەکانی عێراق گرووپێک بە ناوی گرووپی 15 دروست بووە. ئەو گرووپە لە لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی دروست کراوە. پرسیاری ئەوە لە دوکتور مەحموود عوسمان کرا کە ئایا گرووپی 15 هەمان هەڵوێستی پارتی و یەکێتییان هەیە لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت یان خەیر. دوکتور مەحموود عوسمان لە وەڵامدا بە کوردپرێسی وت: لە مەوزووعی وەزارەت و پێکهێنانی حکوومەتدا هەڵوێستی گرووپی 15 و پارتی و یەکێتی هەمووی یەکە و لە هەولێر هەموو حیزبە کوردییەکان لە سەر ئەم مەسەلەیە کۆ بوونەوە. بەڵام لە شتی تردا ڕەنگە جیاوازییان هەبێت.

لە هەندێک شوێن و بەتایبەتی لە نێو لایەنی شیعە قسەی ئەوە دەکرێت کە بەڕێز مەسعوود بارزانی لەگەڵ لایەنی سونەی عێراقی کار لە سەر ئەوە دەکات کە شکست بە پێکهێنانی حکوومەت بهێنێت لە بەرژەوەندیی حیزبی و هێشتنەوەی هەمان وەزارەتخانەکان و هەمان کەسەکان لە وەزارەت و ڕێگری کردن لە هاتنی کەسی بێ لایەن و تەکنۆکرات. دوکتور مەحموود عوسمان ئەم قسانەی ڕەت کردەوە و بە کوردپرێسی وت: کاک مەسعوود بەیانی دەرکرد و لەگەڵ لایەنەکان قسەی کرد و دەڵێت لای ئێمە گرینگ نیە کێ وەزیر دەبێت گرێنگ ئەوەیە ئەوەی دەبێت بە وەزیر کار بۆ کورد بکات و حیزبە کوردییەکانیش لەگەڵی بن یان لانی کەم دژی نەبن. بۆیە ئەو قسانە ڕاست نیە و لەگەڵ سونەش هاوکارییێکی وای نیە. بە عەکسەوە هەمیشە کورد لەگەڵ شیعە هاوکارییان زۆرتر بووە لە سونە.

دوکتور مەحموود عوسمان لەبارەی دواکەوتنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەی عەلاوی و شکستەکان لە پێکهێنانی حکوومەت بە کوردپرێسی وت: دواخستنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بۆ ئەوە بوو ماوەکە درێژ بکرێتەوە و محاوەلە بکرێت کورد و سونە و شیعەش تەفاهومێک بکەن. لایەنە شیعەکان مەبەستیان بوو عەلاوی تێپەڕێت چوونکە لەوە دەترسان کە ئەگەر عەلاوی تێنەپەڕێت کاندیدێکی تری وا نیە و ئەو کاتە دوکتور بەرهەم ساڵح وەکوو سەرۆککۆمار دەتوانێت جێی سەرۆکوەزیر بگرێتەوە. لایەنی شیعیش نایانەوێت کار بگاتە ئەو جێگایە. چوونکە بەرهەم ساڵح بەهیوایە کە هێزی ئەمریکی لە عێراق بمێنێتەوە و ئەوانیش لەگەڵ ئەوە نین. لەبەر ئەوەش تۆزێک هەوڵیان داوە عەلاوی تێپەڕێنن. هەر وەک من بیستوومە دەڵێن عەلاوی پێوەندیی بە کوردیشەوە کردبوو بەڵکوو بتوانێت نەوعە تەفاهومێک لەگەڵ سونە و کورد جێبەجێ بکات. دیارە ئەگەر نەرمی بەرانبەر بە کورد نەنوێنرێت لایەنی کوردی ئەو سەرۆکوەزیرانە ڕاسپێردراوە تەئید ناکات.

دیمانە: حەسەن ساڵحی بەشی فارسیی عێراق و هەرێمی کوردستان/ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 157764

Your Comment

You are replying to: .
captcha