کوردپرێس: لە پەیامێكیدا مەسعوود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان کە ئەمڕۆ ٢ى ئازارى ٢٠٢٠، بڵاوی کردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "ئەم یەكهەڵوێستییەى لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەستكەوتێكی مێژووییە بۆ گەلی كوردستان و جێگەی پێزانینە".
ناوبراو ئاماژەى بەوەش کردووە "سوپاسی هەموو ئەو هێزە سیاسییە نیشتیمانپەروەرانەی عێراق دەكەم كە بە هەڵوێستی ڕاست و مەنتقیی خۆیان ڕێگریان كرد لەوەی قەیرانەكانی عێراق هێندەی تر قووڵ ببننەوە و عێراق بەرەو كارەسات بڕوات".
مەسعوود بارزانى، دەشڵێت، "ئەم هەڵوێستەیان ڕێزگرتن بوو لە بنەماكانی دیموكراسی و ڕەچاو كردنی ویستی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بوو بۆ ڕاستەڕێ كردنی پڕۆسەی سیاسی".
لە کۆتایى پەیامەکەیدا بارزانى ئاماژەى بەوەکردووە، "لەدوای ئەمە عێراق كەوتووەتە بەردەم قۆناغێكی نوێ كە تێیدا دەكرێ دەرفەت بۆ جێبەجێ كردنی داوا ڕەواكانی خۆپێشاندەران بڕەخسێت و زەمینەش بۆ سازانێكی گشتگیری نیشتیمانی و لەیەكنزیک بوونەوەی لایەنەكان فەراهەم ببێت".
محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆکى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینەى حکوومەتى عێراق شەوى رابردوو دەستلەکارکێشانەوەی خۆى لە ڕاسپاردنی کابینەکەى ڕاگەیاند، بەهۆى ئەوەى زیاد لە جارێک نەتوانرا رێژەى یاسایى ئامادەبوونى پەرلەمانتاران تەواو بکرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment