کوردپرێس:
ڕۆژی پێنجشه‌ممه 27ی شوباتی 2020 سەیف ئەلبەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە بەیاننامەیێكدا گوتی: "یەكەمین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەغداد تۆمار كراوە."
ناوبراو زیادی کرد: "ئەو كەسەی تووشی ڤایرۆسەكە بووە گەنجێكی عێراقییە و دانیشتووی بەغدایە و لە ئێران گەڕاوەتەوە، دوای پشكنینی پزیشكی بۆی دەركەوتووە كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە، لە ئێستادا گەنجەكە خراوەتە ژێر چاودێرییەوە".
ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه که ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٠ دکتۆر فەلاح ئەلتائی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای نەینەوا ڕایگه‌یاندبوو که فەرمانگەی تەندروستیی نەینەوا ١٢ کەسی ڕاگرتووە کە گومان دەکرێت تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بن.
ناوبراو ئەوەشی ڕوون کردبوو کە ئەو ١٢ کەسەی ڕاگیراون، لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە سنووری پارێزگاکە و ئێستا لە نەخۆشخانەی (سەلام)ی گشتی لە مووسڵ خراونەتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە.
شایانی باسه؛ درەنگانی شەوی ڕابردوو لیژنەی تەندروستیی نیشتیمانیی چین باسی له‌وه کرد که ژمارەی مردووان لە 31 هەرێمی وڵاتەكە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ 2744 كەس بەرز بووەتەوە و 78 هەزار و 497 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و 32 هەزار و 495 كەسیش چارەسەریان وەرگرتووە و ڤایرۆسەكەیان تێپەڕاندووە.
به‌پێی ئاماره جیهانییه‌كان، تا ئێستا ژماره‌ی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له جیهاندا زیاتر لە 81 هه‌زار كه‌سە، له مانگی ڕابردووه‌وه تا ئێستا، له 42 وڵاتی جیهان ڤایرۆسەكە بڵاو بووه‌ته‌وه.
ماوه‌ی مانه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له جه‌سته‌ی مرۆڤدا 14 ڕۆژه، ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا به‌رگری له‌شی كه‌سه‌كه به‌هێز نه‌بێت و چاره‌سه‌ری پێویست وه‌رنه‌گرێت، له‌وانه‌یه ببێته‌هۆی گیانله‌ده‌ستدانی نه‌خۆشه‌كه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment