کوردپرێس:
ڕۆژی سێشهممه 25ی ئاداری 2020 سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق تۆمار نەکراوە، تەنیا یەک حاڵەت نەبێ لە نەجەف.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای نەجەف بەهۆی تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆرسی کۆرۆنا لە پارێزگاکە کە هاوڵاتییەکی ئێرانییە، بڕیاری دا تاوەکوو کاتێکی نادیار دەوامی قوتابخانەکان ڕابگرێت.
هەروەها لوئەی یاسری پارێزگاری نەجەف لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەڤانیدا داوای لە حکوومەتی عێراق کرد دەمامک و دەرمان ڕەوانەی پارێزگای نەجەف بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی فراوانبوونی تووشبوون بە ڤایرۆرسی کۆرۆنا.
هەر بە مەبەستی پاراستنی هاووڵاتییان، پارێزگاری كەربەلا هاتنی بیانییەكانی بۆ نێو پارێزگاكە قەدەخە كرد و جەختیش دەكاتەوە که ڕێكاری تایبەت بەرامبەر هەموو ئەو عێراقییانە دەگرێتەبەر كە لەو وڵاتانەوە دێن كە ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا بڵاو بوەتەوە.
نسەییەف خیتابی پارێزگاری كەربەلاش گوتی: "تاوەكوو ئێستا هیچ تووشبوویێک بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگاكە تۆمار نەكراوە و تیمە پزیشكیەكانیش ڕێكاری گرنگ لەمبارەوە دەگرنەبەر."
ناوبراو هۆشداریشی دا لە هەر هەوڵێک بۆ قۆستنەوەی ئەو ڕەوشەی ئێستا بەتایبەتی دوای گەیشتنی زانیاری لەبارەی ئەوەی ژمارەیێک خاوەنی كۆگاكانی دەرمان نرخی كەلوپەلی پزیشكیی تایبەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسیان گران كردووە.
هاوكات بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای كەربەلا جەختی لەوە كردەوە: "هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگاكە تۆمار نەكراوە و پرسی بوونی تووشبووانیش گەورە كراوە و نزیكەی 80%ی دەكەوێتە چوارچێوەی توشبوونی سادە و جگە لە ڕێكارەكانی پشكنین هیچ پێویستی بە چوونە نەخۆشخانە نییە."
سهرچاوه: ڕووداو
کۆدی ههواڵنێر: 60103
Your Comment