کوردپرێس:
ڕۆژی یەکشەمە 4ی ڕەشەمەی 1398 عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی وەزیری ناوخۆی ئێران لە پرێس کونفڕانسێکدا وردەکاریی ئامار و داتاکانی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی ئێرانی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: لە خولی یازدەهەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کۆی 24 ملوێن و 512 هەزار و 404 کەس دەنگی خۆیان خستە سندووقەوە کە دەبێتە 42.57 لە سەدی کۆی دەنگدەران.
ڕەحمانی فەزڵی گوتیشی لەو هەڵبژاردنەدا 16 هەزار فەرمانبەر بۆ پڕۆسەی دەنگدان بەشدارییان کرد کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەرکی پێگەیاندن و مەشقکردنی بە 3000 فەرمانبەری چاودێر وەئەستۆ بوو.
هەر بە وتەی وەزیری ناوخۆی ئێران لە هەڵبژاردنەکەدا کۆی 16 هەزار کەس ناویان تۆمار کردبوو کە لە ئەنجامدا 5232 کەس پاڵێوران بۆ ڕکابەری کردن.
ناوبراو ئاشکراشی کرد ڕێژەی بەشداربووانی ژن 48 لە سەد و ڕێژەی بەشدارببوانی پیاو 52 لە سەد بوو.
شایانی باسە یازدەهەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە ڕۆژی 2ی ڕەشەمەی 1398 لە 5611ی سەرتاسەری ئێران بەڕێوە چوو.
Your Comment