سەدر دیسان هەڕەشەی شەقام جووڵانی ملوێنی دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕێبەری ڕەوتی سەدر هەڕەشەی ئەنجامدانی خۆپێشاندانی ملیۆن و مانگرتن دەکات کە ئەگەر ئەم هەفتەیە پەرلەمان کۆنەبێتەوە و دەنگ بە کابینەی نوێی حکوومەت نەدات.

کوردپرێس:

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەکات، بەمەبەستی دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی وەزاریی دوور لە پشکپشکێنە کە وەک خۆی باسی دەکات.

سەدر دەڵێت یەکەم ئەرکی ئەو حکوومەتە رەخساندنی کەشی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی پاک و بێگەرد بەپێی خواستی گەل، دادگاییکردنی گەندەڵکاران و بکوژی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز، پارێزگاری لە خۆپێشاندەران و پاراستنی سەروەری عێراق بێت.

رێبەری رەوتی سەدر، سەدر هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر لەماوەی ئەو هەفتەیەدا کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام نەدرێت، یاخود ئەگەر کۆبوونەوە ئەنجامبدرێت دەنگ بە کابینەی وەزاریی نەدرێت، ئەوا داوای خۆپێشاندانی ملیۆن دەکات، دواتریش لە دەرووبەری ناوچەی سەوز مانگرتن بەڕێوەبچێت، بەمەبەستی گوشارکردن و رزگارکردنی عێراق لە گەندەڵکاران و تائیفی و نەتەوەپەرستەکان.

هەڕەشەکانی سەدر لەکاتێکدایە پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی سائیروون رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ محەممەد عەللاوی لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و ناو و سی ڤی وەزیرەکان و بەرنامەی کاری حکوومەتەکەی دەخاتەڕوو.

شەوی رابردووش محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوەکو ئێستا بڕیاری نەداوە لەبارەی وادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە کابینەی حکوومەتەکەی عەللاوی.

هاوکات هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی شاندی پارتی بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بە دووری زانی رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوی بکرێت.

News Code 157619

Your Comment

You are replying to: .
captcha