بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شێخمووس ئەحمەد، بەرپرسی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە کوردستانی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: "لە کۆی 67 هەزار و 895 کەسی نێو کەمپی هۆل لە کوردستانی سووریا، تەنیا 30 هەزار و 744 کەسیان عێراقین، لە 18 هەزار و 612 خێزان پێکهاتوون.
بەرپرسی کاروباری ئاوارە و پەنابەران وتیشی سەبارەت بە گەڕانەوەی عێراقییەکان لەگەڵ کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی پەنابەران (UNHCR) گفتوگۆمان کردووە، بڕیارە عێراقییەکانی نێو کەمپی هۆل و رۆژ بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق بگەڕێندرێنەوە، بەڵام هێشتا وردەکارییەکان تەواو روون نین کە چەند کەس دەگەڕێندرێنەوە".
شێخمووس ئەحمەد گوتیشی: "ئەو عێراقییانەی دەگەڕێندرێنەوە، لە ژن و منداڵ و پیاوانی بەتەمەن پێکهاتوون، کەسانی سڤیلن و بەشی زۆریان سوننە مەزهەبن، ئێمەش ئەوە نازانین کەسوکاریان لە عێراق داعش بوون یان نا، بەڵام لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤ و یاسا کارپێکراوەکاندا ئامادە نین کەس بەزۆر بگەڕێنینەوە، دەرگاشمان بۆ هەموو وڵاتان کراوەیە کە گیراوەکانی لای ئێمە ببەنەوە، بە پێچەوانەوە داوادەکەین تێچوویان لە ئەستۆی خۆیان بگرن".
دەربارەی عێراقییەکانی کەمپی رۆژ، بەرپرسی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە کوردستانی سووریا رایگەیاند "ژمارەی دانیشتووانی کەمپی رۆژ هەزار و 798 کەسە و لە 508 خێزان پێكهاتوون، تەنیا 309 کەسیان عێراقین و لە 69 خێزان پێکهاتوون. لەنێو هەردوو کەمپی هۆل و رۆژیش، جیا لە عێراقی، کەسانی بیانی و سووریش هەن".
كهمپی هۆل، دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی کوردستانی سووریاوە، لهلایهن نهتهوه یهكگرتووهكانەوە له قهراخی بهشی باشووری شارۆچكهی هۆل لەسەر سنووری عێراق و سووریا سهرهتاكانی ساڵی 1991 دروست کراوە.
ئێستا هەزاران ئاوارەی شەڕ لەنێو کەمپەکەدا نیشتەجێن و بەشێکیان کەسوکاری چەکدارانی داعشن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment