کوردپرێس:
ڕۆژی ٢١ی شوبات (2ی ڕەشەمە)ی ھەموو ساڵێک یادی زمانی دایکی دەکرێتەوە و ئامانج لەم ڕۆژە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیارییە بەرامبەر فرەزمانی و فرەفەرهەنگی لە جیھاندا. ئەم ڕۆژە یەکەم جار لە ١٧ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن ڕێکخراوی یونێسکۆوە ڕاگەیەندرا.
ساڵانە جگە لە چالاکییە فەرهەنگییەکان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە لە شار و پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران کۆڕ و کۆبوونەوە و دانیشتنی جۆربەجۆر لە سەر زمان و زمانی دایکی بەڕێوە دەچێت. ساڵی (1396) لە زانکۆی کوردستان سەمپوزیۆمێک لە سەر مەسەلەی ڕێنووسی کوردی بە بەشداریی توێژەران و خاوەنبیران و زمانناسان بەڕێوە چوو. ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەو سەمپوزیۆمەش لە ئەستۆی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی کوردستان بوو.
بڕیارە ڕۆژی پێنجشەمە 1ی ڕەشەمەی 1398 بەرانبەر بە 20ی شوباتی 2020یش سەمپوزیۆمێکی تایبەت بە زمانی دایکی لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە بچێت. ئەرکی بەڕێوە بردنی سەمپوزیۆمەکە دیسان لە ئەستۆی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی کوردستان و ستافی بەڕێوەبەری گۆڤاری هۆنەیە. لەو بارەیەوە دوکتور بەختیار سەجادی بەڕێوەبەری بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی کوردستان بە کوردپرێسی وتووە لەو سەموزیۆمەدا کۆی 18 وتاری پسپۆڕانە لە تەوەرە جیاجیاکانی زمانناسی لە کەسانی خاوەن بیر و پسپۆڕ لە چوارچێوەی چوار پەنێلدا پێشکەش دەکرێت.
سەمپۆزیۆمی زمانی دایکی لە چەند ڕەهەندی جیاوازەوە تاوتوێی چەمکی زمانی دایکی دەکات کە بە پێی تەوەر بریتین لە بۆچوونی فەلسەفی و بۆچوونی زمانناسانە و کۆمەڵناسانە و دەروونناسانە و یاسایی.
جگە لەمانەش لە پارێزگای کوردستان بنکە فەرهەنگی و ئەدەبییەکان و هەڵسووڕاوانی مەدەنی لە ئەنجومەنە ئەدەبییەکان بەردەوام کار لە سەر فێرکاریی زمانی کوردی دەکەن. نموونەی بەرچاوی ئەو بنکە و دامەزراوانەی کە چالاکن لە بواری فێرکاریی زمانی کوردی بنکەی ڕاژەیە لە شاری سنە بە بەڕێوەبەرایەتیی مامۆستا عەدنان بەرزنجی. یان خود چالاکییەکانی بەڕێز مەنسوور ڕەحمانی لە هەمان شار. هەروەهاش ئەنجومەنی فەرهەنگی و ئەدەبیی ڤەژین و ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان و دەیان دامەزراوە و بنکە و ئەنجومەنی دیکەی پارێزگاکە.
هەر لە بارەی کۆڕ و کۆبوونەوەی تایبەت بە زمانی کوردی، ئەنوەر ڕەوشەن هەڵسووڕاوی مەدەنی و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی و ئەدەبیی مەریوان لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە داوای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسێکی زانستییان پێشکەش کردووە و داواکارییەکە لە ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامی (دایرەی ڕۆشنبیری)ی شاری مەریوان تاوتوێ دەکرێت و ئەگەر مۆڵەتە فەرمییەکەی بۆ دەربکرێت مانگی گوڵانی ساڵی 1399 کۆنفڕانسەکە بەڕێوە دەچێت.
ئەنوەر ڕەوشەن بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی و ئەدەبیی مەریوان دەڵێت لە سەردانێکی جێگری سەرۆککۆمار بۆ پارێزگای کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێز بەختیار سەجادی داواکاریی دامەزراندنی فێرکاریی زمانی کوردی لە قوتابخانە سەرەتایییەکان پێشکەش کردووە.
ڕەوشەن بە کوردپرێسی وتووە کاتێک عەلی ئەکبەر گورجی جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری جێبەجێ کردنی دەستوور (قانوون ئەساسی) سەردانی کوردستانی کرد ئیدارەی قایمقامێتیی مەریوان دیداری لەگەڵ کردووە و بەناوی نوێنەری ئەنجومەنی و بنکە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانەوە داوای لێکردووە کە خوێندن بە زمانی دایکی لە قوتابخانەکان ڕێگەی پێبدرێت.
ڕەوشەن ئەوەشی زیاد کردووە کە ڕاوێژکارەکان و خودی جێگری سەرۆککۆماریش پێشوازییان لە پێشنیازەکە کردووە و بەڵێنی ئەوەیان دا کە داواکارییەکە بگەیێنن و ئێستاش بەدواداچوون بۆ ئەو داواکاری و پێشنیازە دەکەین.
بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی و ئەدەبیی مەریوان دەشڵێت لە خولەکانی هاوینانەی فێرکاریی زمانی کوردیدا هەندێک جار ژمارەی فێرخوازان ئەوەندە بەرز دەبوویەوە کە ناچار دەبوون داوای یارمەتی و هاوکاری لە ئیدارەی پەروەردە (آموزش و پرورش) بکەن. زۆر جار بەڕێوەبەری ئیدارەی پەروەردەش بە پێدانی قوتابخانە و پۆلەکان هاوکاریی ئەنجومەنی دەکرد.
جگە لە چالاکییە مەدەنییەکان، ئەوەی بە شێوەی ئاکادیمییانە و فەرمی لە زانکۆی کوردستان کراوە گرینگترین هەنگاوی بواری زمانی کوردییە کە لە کوردستانی ئێران هەڵگیراوە. لە ساڵی 1394 (2016)وە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە قۆناغی بەکالریۆس (کارناسی) لە زانکۆی کوردستان دامەزرا و دەستی کرد بە وەرگرتنی خوێندکار ئەوەش لە ڕێگای تاقی کردنەوەی گشتی (کۆنکوور)ەوە. ئەم تاقی کردنەوە گشتییە لە هەموو ئێران دەکرێت و ئەوەی پێی خۆش بێت دەتوانێت بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی کوردستان هەڵبژێرێت ئەگەر مەرجەکانی وەرگیرانی تێدا بێت.
ساڵی 1398ی هەتاوی یەکەم دەستەی خوێندکارانی ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان دەرچوون و لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ناودارانی کورد لە زانکۆی کوردستان ئاهەنگیان بۆ گیرا و ئەوەش ڕووداوێکی مێژوویی بوو لە مێژووی زانکۆی کوردستان و هەموو کوردستانی ئێران کە بۆ یەکەم جار بە شێوەی فەرمی لە زانکۆیێکی حکوومی شەهادەی تەواوکردنی بەکالریۆس (کارناسی)ی زمان و ئەدەبی کوردی بە خوێندکارانی دەرچوو دەبەخشرێت پۆلێک خوێندەوار و کارناسی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆیێکی ئێرانی دێنە جومگەکانی کۆمەڵگا. دەستەی بەڕێوەبەری بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان کار لە سەر ئەوە دەکەن کە قۆناغی ماستەری ئەو بەشەش لە کۆلیژی ئەدەبی زانکۆکە بکەنەوە و تا ئێستاش چەندین جار داواکارییان پێشکەش کردووە.
تا ئێستا چەند جار داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران (علوم و تحقیقات) کراوە کە مۆڵەتی فەرمیی دامەزراندنی قۆناغی ماستەری بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان دەربکرێت بەڵام هەر جارەو لە بەر هۆکارێک یان خود ناتەواوییێک داواکارییەکە پێداچوونەوەی بۆ کراوە. دەوترێت ئێستا هەموو نوقسان و تێبینییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا تەواو کراوە و ئێستا بڕیارە بە زووترین کات قۆناغی ماستەری بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە کۆلیژی ئەدەبی زانکۆی کوردستان بکرێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە مانگی ڕابردووش ڕەحمەت سادقی سەرۆکی زانکۆی کوردستان لە لێدوانێکدا وتبووی بەم زووانە قۆناغی ماستەر (کارناسیی باڵا)ی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان دەکرێتەوە.
ساڵانە 35 بۆ 50 خوێندکار لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە قۆناغی بەکالریۆس (کارناسی) وەردەگیرێن و مامۆستایانی ئەندامی لیژنەی زانستی و مامۆستایانی گرێبەست و "حق التدریس" ئەرکی وانەوتنەوەیان لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی وەئەستۆ گرتووە. خوێندکارانی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی کوردستان جگە لە تەوەرە پایەکان وەکوو ڕێنووس و ڕێزمان و مێژووی ئەدەبی، وانەی شێعر و پەخشانی کۆن و کلاسیکی و ئەدەبی عیرفانی و ئەدەبی سەردەم و تا ڕادەیێک ئەدەبی وڵاتانی دراوسێش دەخوێنن.
زانکۆی کوردستان بە بایەخ دان بە فەرهەنگ و زمانی کوردی بۆتە مەکۆ و ناوەندێکی تایبەت و جێمتمانەی توێژەران. بوونی توێژینگەی کوردستانناسی بە هەموو گرووپەکانیەوە، بوونی ئەنجومەن و بنکە خوێندکارییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە کرانەوەی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە کۆلیژی ئەدەبی زانکۆ و دەرچوونی یەکەم پۆلی خۆیندکاران لە قۆناغی بەکالریۆسی ئەو بەشە و گرینگی دان بە کاری توێژینەوەیی کە بەرچاوترینیان چاپ کردنی فەرهەنگی فارسی بە کوردی و کوردی بە فارسی بە هاوکاریی ماجد مەردۆخ ڕۆحانی و تیمی هاوکاری بوو، ئەمانە هەموو دەلالەتن لە سەر هەبوونی ئیرادە و ئینتیمایێکی گشتی بۆ گەشەکردنی زمان و فەرهەنگی کوردی لە پارێزگای کوردستان.
Your Comment